شارپرێس:
بڕیارە تال جلبوع چالاکی ناسراوی بواری مافی ئاژەڵانو براوەی بەرنامەی "Big Brother"، وەک وتەبێژی نوێی نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەستبەکاربێت.
جلبوع کە پێشتر وەک ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئاژەڵان کاریکردوە، شوێنی زیڤ ئەگمۆن دەگرێتەوە کە دوای ئاشکرابونی هەندێک لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕابردوی، دەستی لەکارکێشایەوە، جلبوع دەبێتە سێیەم وتەبێژ کە لەماوەی ساڵو نیوی ڕابردودا ئەم پۆستە وەربگرێت.
تال جلبوع پورى (گای جلبۆ دلال)ە، ئەو گەنجەی کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە ڕفێندراو دواتر لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەئۆکتۆبەری 2025دا ئازادکرا، ئەم ڕەهەندە مرۆییە پێگەیەکی تایبەت بەجلبوع دەبەخشێت لەناو ڕای گشتیی ئیسرائیلیدا.
سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هەڵبژاردنی جلبوع پەیوەندییەکی بەهێزی بەمتمانەی زۆری نێوان ئەوو خێزانی ناتانیاهۆوە هەیە، بەتایبەت سارای هاوسەریو یائیری کوڕی ناتانیاهۆ.
ناتانیاهۆ لەم قۆناغەدا بەدوای کەسایەتییەکی شەڕکەرو وەفاداردا دەگەڕێت کە بتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو توند بەرگریی لەهەڵوێستەکانی نوسینگەکەی بکات لەبەردەم فشارە میدیاییەکاندا.
لەتەمموزی 2024دا، جلبوع ڕوبەڕوی تۆمەتی وەک هێرشکردنو ڕێگریکردن لەکارمەندی پۆلیس بوەوە بەهۆی گرژییەکانی لەگەڵ چالاکوانانی پارتی (یەش عەتید)، بەڵام دواتر ئەو تۆمەتانەی لەسەر لادران.
