دیارترین ئەو سەرکردە سیاسیی و سەربازییە ئێرانیانە کامانەن لەم جەنگەدا كوژراون؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا  و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیان پیکردووە، کە هێرشەکان ڕاستەوخۆ ناوەندی سیستەمی سیاسیی و سەربازیی وڵاتەکەیان کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە هەرە دیارەکانی ئەو وڵاتە.

 
لە سەرووی لیستی قوربانییەکاندا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا کوژرا، ئەمەش بە مەترسیدارترین گورز دادەنرێت لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. 

ئەو هێرشەی کرایە سەر تاران، جگە لە ڕێبەر، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و ئەندامانی خێزانەکەشی تێدا چوون، لە کاتێکدا موجتەبای کوڕی ڕزگاری بوو و وەک جێگرەوەی باوکی دەستبەکار بوو، بەڵام تا ئێستا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.

زنجیرە تیرۆرەکان بەردەوام بوون و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیییان گرتەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا کوژرا. لە ڕووی سەربازییەوە، محەمەد باکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە ڕۆژی یەکەمدا لەگەڵ عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ڕێبەر و عەزیز ناسرزادە وەزیری بەرگری کوژران.

 دواتر ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگری و غولامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیج و ئیسماعیل ئەحمەدی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەسیج و عەلی محەمەد نائینی وتەبێژی سوپای پاسداران داچوونە لیستی کوژراوەکانەوە.

هەروەها هێرشەکان عەبدولڕەحیم مووسەوی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و محەمەد شیرازی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەربازیی ڕێبەر و عەلی ڕەزا تەنکسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج.

 هەرچەندە تاران هەوڵ دەدات بە دانانی کەسانی نوێ شوێنیان پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەم هێرشانە نیشانەی وەرچەرخانێکی ستراتیژین کە تێیدا سەرانی ڕژێمەکە بوونەتە ئامانجی سەرەکیی جەنگ.