شارپرێس:
لەهەنگاوێکی کەم پێشینەو پڕ لەپەیامی سیاسیی، حکومەتی ئەرجەنتین بەفەرمی، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستە لیستی ڕەشو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندی، ئەم بڕیارە کە لەلایەن خافێر میلی سەرۆک کۆمارهوه واژۆکراوە، وەک وەرچەرخانێکی مێژویی لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین دەبینرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەی سەرۆکایەتی ئەرجەنتین، ئەم بڕیارە تەنها ناونانێکی سیمبولی نییە، بەڵکو دەستبەجێ سزای دارایی توندو سنوردارکردنی ئۆپهراسیۆنەکان دەخاتەسەر هەر چالاکییەکی پەیوەست بەسوپای پاسدارانو ئامانجەکە بریتیه لهوشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو هێزە لەناو خاکی ئەرجەنتینو ڕێگریکردن لەهەر جموجۆڵێکیان.
ئەو دەقەی کە بڕیارەکەی پێدەرچوە، گوزارشت لەڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژیی توند دەکات، حکومەتەکەی میلی بەڕاشکاوی دهڵێت، "ئەرجەنتین بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕوو لەشارستانییەتی ڕۆژئاوا دەکاتەوەو دژی هەموو ئەو هێزانە دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت تێکیبشکێنن"، چاودێرانیش پێیانوایه، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بۆینۆس ئایریس ئێستا خۆی وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی واشنتۆنو تەلئەبیب لەناوچەکەدا دەبینێت.
ئەم بڕیارە بێ پاشخان نییە؛ دادگای ئەرجەنتین ساڵانێکی درێژە ئێرانو حزبوڵڵای لوبنان بەئەنجامدانی تەقینەوەکەی ناوەندی "AMIA"ی جوەکان لەساڵی 1994 تۆمەتبار دەکات کە بوە هۆی کوژرانی 85 کەس، بەم هەنگاوەی ئێستا، ئەرجەنتین دەیەوێت پەیامێک بنێرێت کە دوای سێ دەیە، هێشتا ئەو برینە سارێژنەبوەو لێپرسینەوە بەردەوامە.
لەوکاتەوەی خافێر میلی لەکانوونی یەکەمی 2023 دەسەڵاتی گرتوهتە دەست، زنجیرەیەک هەنگاوی دژی تاران ناوە، لەمانگی یەکدا، فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئێستاش تەواوی سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، هاوكات پشتیوانییەکی ڕەها-شی بۆ ئۆپهراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەربڕیوە.
ئەم بڕیارەی ئەرجەنتین نەک تەنها پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تارانو بۆینۆس ئایریس دەخاتە ناو تونێلێکی تاریکەوە، بەڵکو هاوسەنگییە سیاسییەکانی ئەمریکای لاتینیش دەگۆڕێت؛ ناوچەیەک کە پێشتر ئێران هەوڵیدەدا وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی بۆ دەربازبون لەگەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەکاریبهێنێت.
