به‌هۆى جه‌نگى ئێرانه‌وه‌ هۆشداریى له‌قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى برسێتیى ده‌درێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی (WFP) هۆشدارییەکی توند دەدات لەوەی کە پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن بەهۆی جەنگ‌و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، جیهان بەرەو قەیرانێکی گەورەی برسییەتی دەبات.


به‌گوێره‌ى نوێترین ڕاپۆرتەکان، جەنگەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردوه‌تەسەر گواستنەوەی بڕێکی زۆر لەهاوکارییە مرۆییەکان‌و کاڵا بنەڕەتییەکان، ئەمەش بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک‌و سوتەمەنیی لەئاستی جیهاندا.

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی ڕایگەیاندوە، لەئێستادا نزیکەی 70 هه‌زار تۆن خۆراک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پەککەوتون یان کەوتونەتە ژێر کاریگەریی جەنگەوە.

نزیکەی نیوەی ئەم بڕە خۆراکە لەناو کەشتییە گەورەکاندایەو نیوەکەی دیكه‌شى لەناو کۆنتێنەرەکاندا لەبەندەرەکان یان لەڕێڕەوە ئاوییەکاندا گیریانخواردوە.

ئەم پەککەوتنە لەدوای سەرهەڵدانی کۆرۆناو جەنگی ئۆکرانیاوە بەخراپترین جۆری پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن دادەنرێت، بەتایبەتیی لەناوچە هەستیارەکانی وەک گەروی هورمزو بابولمەندەب.

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، بڕێکی زۆر لەیارمەتییە خۆراکییەکان لەبەندەرەکاندا ماونەتەوەو ناتوانرێت بەکاتی خۆیان بگەیەنرێنە دەست ئەوکەسانەی کە لەوڵاتانی وەک سوریاو لوبنان‌و یەمەن پێویستیان پێیەتی، ئەمەش بوه‌تە هۆی ئەوەی کە تێچوی گواستنەوە بەشێوەیەکی خەیاڵیی بەرزبێتەوەو کاریگەرییەکی نەرێنی قووڵ لەسەر ئاسایشی خۆراکیی جیهانیی دابنێت.

شیکارییەکانی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر ئاڵۆزییەکان بەردەوامبن، ئەوا ئەگەری هەیە 45 ملیۆن کەسی دیكه‌ لەجیهاندا بکەونە ناو بازنەی برسێتییه‌كى توندەوە.

ئەمەش بەهۆی ئەوەی تێچوی گواستنەوەو دڵنیایی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوەو کەشتییەکان ناچارن ڕێڕەوی دورتر هەڵبژێرن، ئەمەش چەندین هەفتە کاتی زیاتری دەوێت بۆ گەیشتنی خۆراک بەو شوێنانەی پێویستیانە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی داوادەکات کە ڕێڕەوە ئاوییەکان‌و زنجیرەکانی دابینکردن بپارێزرێن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەکارەساتێکی مرۆیی گەورە بکرێت، بەوپێیەی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی‌و گواستنەوە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەیە، بەڵکو دەبێتە هۆی تێکچونی ئاسایشی خۆراک لەوڵاتە هەژارەکانی تریش کە پشت بەهاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.

لەکۆتاییدا، بەرنامەی خۆراکی جیهانیی جەخت لەوەدەکاتەوە، بێدەنگیی‌و بەردەوامی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی ئەوکەسانەی لەجیهاندا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن بگاتە ئاستێکی پێوانەیی، کە پێشتر لەمێژوی هاوچەرخدا وێنەی نەبوە.