مه‌ترسى كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌و پوتن چاودێریى ده‌كات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆردومانکردنی بنكه‌ى ئه‌تۆمیى بوشەهر بۆ جاری چوارەم، سه‌رۆكى ڕوسیاى هێناوه‌ته‌ده‌نگ‌و باس له‌وه‌ده‌كرێت، ڕاستەوخۆ چاودێریی دۆخەکە دەکات‌و مەترسیی کارەساتێکی ئەتۆمی گه‌وره‌ لەئارادایە.


لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئێران‌و بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بۆ جاری چوارەم کرایە ئامانج.

ئەلێکسی لیخاتشۆڤ سەرۆکی کۆمپانیای ڕۆسئاتۆم-ی ڕوسی ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن بەوردیی‌و لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی وێستگەکە دەکات‌و نیگەرانە لەسەلامەتیی کارمەندە ڕوسەکان کە لەوێ کاردەکەن.

لیخاتشۆڤ جەختیکردەوە، پوتن لەڕێگەی وەزارەتی بەرگریی‌و دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە سات بەسات ڕاپۆرتەکانی پێدەگات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پاراستنی ئەم وێستگەیە بۆ ڕوسیا تەنها پرسێکی ئابوریی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەشکۆو ستراتیژییەتی مۆسکۆوە هەیە لەناوچەکەدا.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بڵاویکردەوە، لەئەنجامی بۆردومانەکەدا کارمەندێکی بەشی پاراستن گیانی لەدەستداوەو زیان بەچەند تەلارێکی لاوەکی وێستگەکە گەیشتوە، بەڵام وه‌كو ده‌وترێت، بەشە سەرەکییەکان‌و کورەی ئەتۆمییەکە هێشتا پارێزراون.

تاران هۆشداریدەدات کە بەهۆی بونی بڕێکی زۆر لەمادەی تیشکدەر لەوێستگەکەدا، هەر زیانێکی کوشندە بەبەشە سەرەکییەکان، دەبێتە هۆی کارەساتێکی ئەتۆمیی گەورە کە شوێنەوارە وێرانکەرەکانی تەنها سنوری ئێران ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ناوچەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەی تیشکدانەوەی کوشندە.

ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە شەڕو ئاڵۆزییەکان پێیان ناوەتە 36مین ڕۆژی خۆیەوە، وێستگەی بوشەهر کە بەهاوکاریی ڕوسیا بونیادنراوە، ئێستا بوەتە چەق‌و خاڵی یەکلاکردنەوەی ململانێیەکی گەورە کە جیهان بەترسەوە لێی دەڕوانێت.