شارپرێس:
لەکاتێکدا ئاوارەکانی شاری عهفرین دوای ههشت ساڵ لەدەربەدەرییو کۆچی زۆرەملێ، بەئومێدی گەڕانەوە بۆسەر زێدی باوو باپیرانیان ڕویان لەشارەکەیان کردەوە، ڕوداوێکی نەخوازراوو پڕ لەگرژیی لەناوەندی شارەکەدا ڕویدا کە ناڕەزایەتییەکی فراوانی لێکەوتەوە.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى دهست شارپرێس كهوتون، لەکاتی کۆبونەوەی خەڵکی عهفرین بۆ پێشوازیکردن لەکاروانى ئاوارهكانى شارهكه كه لهقامیشلۆوه گهڕانهوه، گەنجێکی کورد هەوڵیدا ئاڵای کوردستان وەک هێمایەک بۆ ناسنامەو خۆشی دەربڕین بەگەڕانەوەیان بەرزبکاتەوە، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن ژمارەیەک چەکدارو لایەنگری حکومەتی سوریاوه ڕێگریی لێکرا.
شارپرێس زانیویهتى، "ئەو لایەنگرانەى حكومهتى دیمهشق نەک هەر ڕێگرییان لەبەرزکردنەوەی ئاڵاکە کردوە، بەڵکو لەجێگەی ئەو، ئاڵای دەستەی تەحریری شام-یان لەناو دڵی شارەکەدا بەرزکردوەتەوە. هاوکات، ئەو گەنجە کوردەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی سوریاوه دەستگیرکراوەو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە".
ئەم ڕەفتارە لەلایەن هاوڵاتیانی عهفرینو چالاکوانانی مەدەنییەوە بەپێشێلکارییەکی زەق ناوزەندکرا، بەتایبەت کە لەکاتێکی هەستیاردا ئەنجامدراوە کە خەڵکی ناوچەکە چاوەڕوانی ئاشتییو پێکەوەژیانو گەڕانەوەی ئارامیی دەکەن.
لەدوای داگیرکردنی عهفرینەوە، بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤو هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەکەن، ئەم ڕوداوە نوێیەش جارێکی دیكه پرسی ئازادییەکانو ناسنامەی نەتەوەیی لەوشارەدا بردە سەرەوە.
