یەدەگی دراوی بیانیی عێراق دادەبەزێت‌و وردەکاریی شوێنی پارەکان ئاشکرادەکرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى نوێترین داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق‌و لێدوانی شارەزایانی ئابوری، قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق، لەکۆتایی ساڵی 2025دا گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوەو دابەزینێکی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینیوە.


نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوریی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، تاوه‌كو 31ى کانونی یەکەمی ساڵى 2025، کۆی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق گەیشتوەتە 97 ملیارو 432 ملیۆن دۆلار، ئەم ژمارەیەش نیشانەی کەمبونەوەی یەدەگەکەیە بەراورد بەساڵانی 2023 بۆ 2024 کە ئه‌وكات لەسەروو 100 ملیار دۆلارەوە بوو.

سه‌باره‌ت به‌شوێنى پارەکانیش، به‌گوێره‌ى شیکردنەوەی داتاکان، دابەشبونی ئەم سامانی نیشتمانییە، مه‌رسومى باسى له‌وه‌كردوه‌، زۆرینەی هەرەزۆری یەدەگەکە کە بڕەکەی 71.7 ملیار دۆلارە، بەشێوەی وەبەرهێنان‌و پشک لەبانک‌و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا دانراوە، بڕی 24.2 ملیار دۆلاریش لەیەدەگەکە بەشێوەی زێڕی کۆگاکراو پارێزراوە، تەنها یه‌ك ملیارو 466 ملیۆن دۆلار بەشێوەی دۆلاری نەختینە (کاش) لەخەزێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراقدایە.

له‌باره‌ى هۆکاری دابەزینەکەش، مه‌رسومى وتویه‌تى، "دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکان‌و زیادبونی خەرجییە گشتییەکانی حکومەت لەبودجەی ساڵانەدا، هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبونەوەی ئەو یەدەگە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا".