سوپای پاسداران فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکای خستەخوارەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەرەسەندنێکی سەربازیی بێوێنەدا، ناوچەی ئەسفەهان بوەتە چەقێکی نوێی پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان تاران‌و واشنتۆن، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکی لەئاسمانی پارێزگای ئەسفەهان بخەنەخوارەوە، لەکاتێکدا ئەو فڕۆکەیە لەئەرکێکی گەڕان‌و ڕزگارکردندا بوە بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی فڕۆکە جەنگییە (F-15E)یەی کە پێشتر تێکشکابوو.



به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمی سوپای پاسداران، فڕۆکە ئەمریکییەکە هەوڵیداوە سنوری ئاسمانیی ناوچە هەستیارەکانی ئەسفەهان ببەزێنێت بەمەبەستی گەیشتن بەشوێنی کەوتنی فڕۆکەوانە ونبوەکە، بەڵام بەرلەوەی بگاتە ئامانج، لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە پێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوەی هەواڵگریی ئاماژە بەوەدەکەن، هێزە ئەمریکییەکان دوای پێکانی فڕۆکەکەیان، بۆ ئەوەی زانیارییە نهێنییەکان‌و تەکنەلۆژیای فڕۆکەکە نەکەوێتە دەستی ئێران، لەڕێگەی کۆنترۆڵەوە خۆیان فڕۆکەکەیان تەقاندوەتەوە.



ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا به‌یانى ئه‌مڕۆ ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکە بەسەرکەوتویی کۆتاییهاتوەو ئەوەی ڕویداوە به‌بوێرییەکی مێژویی ناوى بردوه‌، بەڵام بڵاوبونەوەی وێنەی دوکەڵ‌و پاشماوەی فڕۆکەکە لەدەوروبەری ئەسفەهان، گومان دەخاتەسەر گێڕانەوەی واشنتۆن‌و نیشانیدەدات کە پێکدادانەکان زۆر لەوە قوڵترن کە باسدەکرێن.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیە لەقوڵایی خاکی ئێراندا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریی، ئەسفەهان کە ناوەندێکی گرنگی ئەتۆمی‌و سەربازیی ئێرانە، ئێستا بوەتە گۆڕەپانی ململانێی ته‌کنەلۆژیاو ئیرادەی دوو هێزی گەورە، کە هەر هەڵەیەکی بچوک تێیدا ڕەنگە ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە ببات.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی دوێنێ‌و ئەمڕۆش 5ی نیسان، لەماوەی تەنها سێ ڕۆژی ڕابردودا واته‌ (لەنێوان 3 بۆ 5ی نیسان)، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا توشی زیانی بەرچاوبون لەئاسمانی ئێراندا، فڕۆکەی F-15E Strike Eagle: لەڕۆژی هەینی، 3ی نیسان، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە لەناوچەیەکی شاخاوی خرایەخوارەوە، هەرچەندە هەردوو فڕۆکەوانەکە (کۆلۆنێلێک‌و ئەفسەرێکی چەک) بەسەلامەتی ڕزگارکران، بەڵام فڕۆکەکە بەتەواوی تێکشکا.



فڕۆکەی A-10 Thunderbolt II (Warthog): لەهەمان ڕۆژدا (3ی نیسان)، ئەم فڕۆکەیە لەکاتی بەشداریی لەئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای فڕۆکەوانەکاندا پێکرا، فڕۆکەکە لەئاسمانی کوه‌یت کەوتەخوارەوەو فڕۆکەوانەکە بەسەلامەتی خۆی هەڵدایە خوارەوە.

دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی (نەناسراو): به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکان، دوای ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لەناوخاکی ئێران، دوو فڕۆکەی گواستنەوە کە بۆ گواستنەوەی کۆماندۆکان‌و فڕۆکەوانەکان بەکارھاتبون، لەبنکەیەکی دورەدەست لەناو ئێران پەککەوتن، فەرماندە ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئێران، خۆیان تەقاندویاننەتەوەو سێ فڕۆکەی دیکەیان ناردوە بۆ هێنانەوەی تیمەکە.



کۆپتەرەکانی بلاك هاوك: لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردندا، دوو کۆپتەری جۆری UH-60 Black Hawk لەلایەن هێزە زەمینییەکانی ئێرانەوە (باس لەهۆزە کۆچەرییەکان دەکرێت) تەقەیان لێکراوەو پێکراون، بەڵام توانیویانە بەسەلامەتی بنیشنەوەو تیمەکانی ناویان تەنها برینداری سوکیان هەبوە.

بانگەشەی نوێی خستنەخوارەوە (ئەمڕۆ، 5ی نیسان): سوپای پاسداران ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکی (هەندێک سەرچاوە دەڵێن C-130 یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لەباشوری ئەسفەهان خراوەتە خوارەوە، هێشتا ئەمریکا ئەم زیانە نوێیەی پشتڕاستنەکردوەتەوە، جگه‌ له‌چه‌ند میدیایه‌كى.