دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی ترەمپ بۆ ئێران چی ڕودەدات؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتایی مۆڵەتی 48 کاتژمێرییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەی "درووستکردنی دۆزەخ" بۆ ئێرانییەکان، جیهان چاوەڕێی دەرەنجامەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان واشنتۆن و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

 
لە پەرەسەندنێکی نوێدا، ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەو مۆڵەتە 10 ڕۆژەی بە ئێران دراوە بەرەو کۆتایی دەچێت و تەنها 2 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتن یان کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەگەرنا ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە بە "دۆزەخێکی گەورە" وەسفی کردووە. ئەمەش پرسیاری جددی دەربارەی نییەتە ڕاستەقینەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانان و نەیاران دەوروژێنێت.

پسپۆڕانی ستراتیژیی پێیان وایە هەڕەشەی ترەمپ گەیشتۆتە لوتکەی فشاری سیاسیی و سەربازیی، بەڵام بەرەوڕووی واقیعێکی مەیدانیی و تێچوویەکی ئابووریی دەبێتەوە کە جەنگی گشتگیر دەکاتە "قومارێکی تریلیۆن دۆلاری". 

ڕیچارد وۆڵتس، پسپۆڕی سەربازیی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمجارە ئەمریکا بە کردەیی فڕۆکەی جەنگی و هێزێکی زەمینی گەورەی جوڵاندووە، ئەمەش واتە بژاردەی سەربازیی ئامادەی جێبەجێکردنە ئەگەر ئێران سازش نەکات.

شیکەرەوەکان پێیان وایە ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی "سیاسەتی لێواری تەقینەوە" ئێران ناچار بکات پێش کردنەوەی بازاڕەکانی بۆرسە لە ڕۆژی دووشەممە، دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورەی پێ ببەخشێت تا وەک سەرۆکێکی بەهێز دەربکەوێت کە ڕێگریی لە جەنگ کردووە.

لە بەرانبەردا، نیگار مورتەزەوی، لێکۆڵەری سیاسیی، دەڵێت تاران بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، بەتایبەت دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی F-15ی ئەمریکی کە متمانەیەکی زۆری بە هێزە ئێرانییەکان بەخشیوە. ئێران لەسەر ئەوە گرەو دەکات کە ئەمریکا دەزانێت سەرکەوتنی سەربازیی لە ناوچە ئاڵۆزەکانی وەک ئەسفەهان و دوورگەی خارک مەحاڵە، سەرەڕای بودجە بەرگرییەی 1.5 تریلیۆن دۆلارییەکەی ترەمپ.

دۆخی مرۆیی لە ناوخۆی ئێراندا نالەبارە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، زیاتر لە 3,000 کەس کوژراون و 4 ملیۆن کەس ئاوارە بوون، لەگەڵ وێرانبوونی قوتابخانە و ناوەندە کولتوورییەکان، بەڵام تاران هێشتا دروشمی "بەرگریی باڵا" لە بەرامبەر "فشاری باڵا"ی ئەمریکا بەرز دەکاتەوە.

سەبارەت بە ئیسرائیل، ڕائید نعێرات، پسپۆڕی کاروباری ئیسرائیل، دەڵێت تەلئەبیب لە هەمووان زیاتر نیگەرانە؛ نەک لە جەنگ، بەڵکو لە "وەستانی کتوپڕی جەنگ" پێش ئەوەی دەستکەوتی مەیدانی هەبێت. 

سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ناوچەی لیتانی بکات و ناوخۆی وڵاتەکەش بەهۆی مانەوە لە پەناگەکان و نەمانی خۆراک و سووتەمەنیی تووشی داڕمان بووە.

لەکۆتاییدا، سەلیم زەخور، پسپۆڕی یاسایی، تاکە ڕێگە بە ڕێککەوتنی سیاسیی، نێوەندگیرییەکانی پاکستان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام ئێستا قۆناغی "پێشبڕکێی ئیرادەکانە" و هەر لایەنێک دەیەوێت پێش کۆتایی هاتنی 48 کاتژمێرەکە، زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆی مسۆگەر بکات.