شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، لەسێ پەیامی جیادا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردوی سنوری پارێزگای هەولێریان کرد، کە بوە هۆی شههیدبونى پێشمەرگەیەکو هاوژینەکەی، هاوکات دژەتیرۆری کوردستان بەڕاشکاوی پەنجەی تۆمەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درێژکرد.
لەدوای هێرشێکی درۆنی بۆ سەر گوندی (زەرگەزەوی) لەسنوری هەولێر کە تێیدا پێشمەرگەیەک بەناوی (موسا ئەنوەر ڕەسوڵ)و هاوژینەکەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا شههیدبون، لوتکەی دەسەڵاتی سیاسییو سەربازیی لەهەرێمی کوردستان هاتنەدەنگ.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم هێرشانەی بە"تاوانی تیرۆریستی"و "قبوڵنەکراو" ناوبرد، ناوبراو داوای لەحکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتیی یاساییو ئەمنیی خۆی جێبەجێبکات بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەمجۆرە دەستدرێژییانە بۆسەر خەڵکی سڤیلی هەرێم.
لهلایهكى دیكهوه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وێڕای دەربڕینی خەمباریی خۆی، ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنی ماڵی هاوڵاتیان دەچێتە خانەی "تاوانی جەنگ"ەوە.
بارزانی جەختیکردەوە، دەنگی مەزڵومییەتی خەڵکی کوردستان دەگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئەو ستەمکارییە دابنرێت کە بەبیانوی بێ پاساو دەکرێتەسەر هەرێم.
هاوكات شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لهڕێگهى ڕاگهیهنراوێكهوه، هێرشەکەی وەک "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە"و "بەزاندنی سەروەریی خاکی عێراقو هەرێم" وەسفکرد.
ئەو ڕایگەیاند، پاراستنی گیانی هاوڵاتیان "هێڵی سورە"و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی کردەیی بنوێنێت.
ئەم کاردانەوە توندانەی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەکاتێکدایە، کە دەزگای دژەتیرۆری کوردستان (هەولێر) لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا شهوى ڕابردوو ئاشكرایكردبوو، هێرشەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لەئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
