لەکوەیت قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 297 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە داوای لە دانیشتوانی وڵاتەکەی کرد لە نیوەی شەوی سێشەممە تا بەرەبەیانی چوارشەممە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای وڵات و ناوچەکە، و وەک بەشێک لە چاودێری بەردەوامی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێشهاتە ئەمنییەکان و پابەندبوونی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی و ئاسایشی هاووڵاتیان و دانیشتووان، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی توانای لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی نائاسایی لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم بڕیارە دراوە”.

دەشڵێت، “لەپێناو دڵنیابوون لە سەلامەتی هەموو لایەک، وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان و دانیشتوان دەکات کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لە چوونە دەرەوە بەدوور بگرن جگە لە حاڵەتی پێویستی زۆر، لە نیوەی شەوی سێشەممەوە تا کاتژمێر 6:00ی بەیانی چوارشەممە، ئەمەش ڕێکارێکی خۆپارێزییە کە گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هەموو لایەک."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “وەزارەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارە بەشێکە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، داواش لە هەموو لایەک دەکات پابەندی ڕێنماییە دەرچووەکان بن و لەم ماوەیەدا هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن”.