شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی 40 ڕۆژ بەسەر دەستپێکی پێکدادانە سەربازییە ڕاستەوخۆکان، دەبیرخانەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەرچەرخانێکی نوێی لەدۆخەکەدا ڕاگەیاند، بهگوێرهى بەیاننامەکە، تاران ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی دوو هەفتە بەمەبەستی نواندنی دەستکەوتە مەیدانییەکان لەچوارچێوەی سیاسییو دیپلۆماسیدا.
زەمینەی ڕێککەوتنەکەو ڕۆڵی لایەنی سێیەم
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم هەنگاوە دوای فشارە نێودەوڵەتییەکانو پێشنیارێکی لایەنی ئەمریکی هاتوە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیر ڕۆڵی بینیوەو بەتارانی ڕاگەیاندوە، واشنتۆن ئامادەیە پڕۆژە 10 خاڵییەکەی ئێران وەک بنەمای سەرەکی بۆ دانوستانەکان وەربگرێت، تارانیش دەڵێت، "ئەمە نیشانەی پاشەکشەی دوژمنە"، لەکاتێکدا چاودێران پێیانوایە، ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لەفراوانبونی زیاتری بازنەی جەنگەکە.
مەرجە سەرەکییەکانی ئێران (پڕۆژەی 10 خاڵی)
ئێران جەختیکردوەتەوە، کۆتاییهێنان بەجەنگ بەستراوەتەوە بەقبوڵکردنی ئەم مەرجانە لەلایەن ئەمریکاوە، (هەژمونی ئابورییو جوگرافی) تێپەڕبونی کەشتییەکان لەگهروى هورمز تەنها بەهەماهەنگیو چاودێریی هێزە چەکدارەکانی ئێران بێت، (کشانەوەی سەربازیی)، چونە دەرەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەتەواوی بنکەکانی ناوچەکە، (پشتگیریی هاوپەیمانان) ڕاگرتنی جەنگ دژی سەرجەم پێکهاتەکانی بەرەی مقاوهمه، (دۆسیەی دارایی) هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆ سەرەتاییو لاوەکییەکان، ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانو پێدانی قەرەبوی زیانەکانی جەنگ، (پشتگیریی نێودەوڵەتی) چەسپاندنی ئەم خاڵانە لەچوارچێوەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.
کاتو شوێنی دانوستانەکان
بڕیاروایە ڕۆژی هەینی 10ى ئهم مانگه، دانوستانەکان لەشاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات، ئەم قۆناغە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوامدەبێتو ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە ئەگەر هەردولا بگەنە تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر وردەکارییەکان.
دۆخی ناوخۆییو ئامادەباشی سەربازیی
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، تاران پەیامێکی توندی بۆ ناوخۆو دەرەوە ناردوە كه پێكهاتون له:
پەیامی سەربازیی: سوپای ئێران ڕایگەیاندوە کە دەستەکان لەسەر پەلەپیتکەنو هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن ئەمریکاوە، بەمانای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئاگربەستەکە دەبێت.
پەیامی سیاسی: بەرپرسانی باڵا داوای یەکڕیزی نیشتمانیی دەکەنو جەختدەکەنەوە، ئەم دانوستانانە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی موجتهبا خامنهیى ڕێبەری باڵایاندا بەڕێوەدەچێت.
ئەم ئاگربەستە بەیەکێک لەهەستیارترین قۆناغەکانی مێژوی پەیوەندییەکانی ئێرانو ئەمریکا دادەنرێت، ئەگەر دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بگەنە ئەنجام، ناوچەکە بەرەو نەزمێکی نوێی سیاسیی دەچێت، بەپێچەوانەشەوە، بژاردەی جەنگ وەک تاکە ڕێگە لەبەردەم هەردولادا دەمێنێتەوە.
