شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی تروسکاییەکی ئاشتی بوو، لێدوانە توندەکانی محەمەد باقر قالیباف وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ کۆتاییهاتنی دیپلۆماسیو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان دەنگدەداتەوە؛ ئاشکراکردنی پێشێلکردنی سێ خاڵی سەرەکی لەڕێککەوتنە 10 خاڵییەکە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، نەک هەر مێزی گفتوگۆی هەژاندوە، بەڵکو ناوچەکە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی سەربازیی کە تێیدا زمانی چەک جێگەی زمانی عەقڵ دەگرێتەوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پهرلهمانى ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) ڕایگەیاند، چیتر قسەکردن لەسەر ئاگربەستی دولایەنە یان دەستپێکردنی دانوستان کارێکی بێماناو نالۆژیکییە، ئەم هەڵوێستە توندەی قاڵیباف دوای ئەوەدێت کە دەڵێت، "ئەمریکاو ئیسرائیل سێ خاڵی سەرەکییان لەپێشنیازە 10 خاڵییەکە پێشێلکردوە، کە بڕیاربوو ببێتە بنەمایەک بۆ وتووێژەکان".
قالیباف لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوه، ئێرانییەکان بێمتمانەییەکی مێژوییو قووڵیان بەرامبەر بەئەمریکا هەیە، چونکە واشنتۆن هەمیشە بەڵێنو پابەندییەکانی شکاندوەو ئێستاش هەمان سیناریۆ دوبارە دەبێتەوە.
بەوتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەپلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانی بەبنەمایەکی کردەیی بۆ دانوستان هەژمارکردبوو، بەڵام سێ خاڵی گرنگیان لێ زەوتکراوە.
قالیباف دەڵێت، "پابەندنەبون بەخاڵی یەکەمی پێشنیازەکە کە جەخت لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ لەهەموو شوێنێک (بەتایبەت لوبنان) دەکاتەوە، یەکەم گورزبوو لەپرۆسەی دانوستان، هاوكات تێپەڕبونی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی بۆ ناو خاکی ئێرانو خستنەخوارەوەی لەشاری (لار)ی پارێزگای فارس، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو خاڵەیە کە قەدەغەی هەر جۆرە بەزاندنی ئاسمانیی ئێرانی کردبوو، سێیهمیش لەخاڵی شەشەمی ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا، مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم چەسپێنراوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر ئێستا ئەو مافە ڕەتدەکاتەوە".
لەکۆتاییدا، قالیباف جەختیکردوهتهوه، "کاتێک بنەما سەرەکییەکانی وتووێژ پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە پێشێلبکرێن، ئەوا مانەوە لەسەر مێزی دانوستانو باسکردن لەئاگربەست هیچ پاساوێکی عەقڵانی نامێنێت".
