شارپرێس:
به‌دواداچونێكى ڕۆژنامه‌وانى ژماره‌ى چه‌كداره كورده‌كانى نێو ده‌سته‌ى ته‌حریر شام به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانى ئاشكراده‌كات، ئه‌وه‌ش زانراوه كه ئێستا یه‌كێك له‌یاریده‌ده‌رو ڕاوێژكاره متمانه پێكراوه‌كانى جۆلانى كورده‌و خه‌ڵكى شارى مه‌هابادى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، ژمارەیەکى زۆرى گه‌نجانى کورد له‌ڕیزه‌كانى ده‌سته‌ى ته‌حریر شامدان، ئه‌وه‌ش زیاتر ئه‌وكاته ڕویداوه كه بەرەی نوسرە بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) لەداعش جیابونه‌وه‌و چونە ئیدلب له‌سوریا.
پێشتر جۆلانى ڕایگەیاندبوو، لە30٪ی چەکدارانی نێو هێزه‌كه‌ى خەڵکی دەرەوەی سوریان، ئه‌وه‌ى زانراوه له‌سه‌ره‌تاى ڕاگه‌یاندنى ته‌حریر شام، ژمارەی چەکدارانی کورد لەناویدا نزیکەی 300 چەکدار بوه، به‌ڵام باس له‌وه‌ده‌كرێت ئه‌و ژماره‌یه ئێستا بۆ سێ هه‌زار چه‌كدار زیادیكردوه، كه له‌سه‌رجه‌م به‌شه‌كانى كوردستان (باشور، باكور، ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوا) ڕویان تێكردوه.
لەمانگەكانی ناوەڕاستی ساڵی 2016، گروپێك بەناوی (بزوتنەوەی موهاجرینی سوننەکانی ئێران) بەیعەتی بەبەرەی نوسرەدا، لەبەرئەوەی بەشی زۆری ئەندامەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بون، هه‌ربۆیه ژمارەی کورد لەناو به‌ره‌ى نوسره‌دا زۆر زیادیكرد، بەڵام ئەوان هیچ کاتێک نەبونە بەشێک لەگروپە کوردییەکەو درێژەیان بەپەیوەندییاندا لەگەڵ جیهادییە غەیرە کوردەکانی ئێران.
لەساڵی 2016دا یەکێک لەناسراوترین کەسایەتییە جیهادییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی (عەبدولڕەحمان فەتاحی) چوە سوریا وپەیوەندیی بەڕیزەکانی بەرەی نوسرەوە کرد، بەڵام ئەویش تێکەڵی گروپە کوردییەکە نەبوو، به‌ڵكو لەبەشی شەرعیی ڕێکخراوەکەدا بەرپرسیارێتی پێدرا، دواتریش کە گروپی تازە چونە ڕیزیانەوە، وەک بەرەی فەتحی شام لەبزوتنەوەی موهاجرینی سوننەکانی ئێران، زیاتر بایەخیان بەگوتارو ئامۆژگارییەکانی فەتاحیدا.
عه‌بدولڕه‌حمانى فه‌تاحى ئەو مامۆستا كورده‌یه کە لەدایکبوی شارى مەهابادە، وەک ڕاوێژکارو یاریده‌ده‌رى جۆلانی بۆ کاروباری ئێران دیاریکراوە.
فه‌تاحى دواى ئازادبونى له‌زیندانه‌كانى ئێران له‌ساڵى 2012 ڕ‌وى له‌سوریا كرد‌و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیى به‌به‌ره‌ى نوسره‌وه كرد، ئه‌و به‌هۆى په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ جۆلانى، دواى ئه‌وه‌ى جۆلانى له‌به‌ره‌ى نوسره جیابونه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندو ته‌حریر شامى دامه‌زراند، فه‌تاحیش له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامبوو، ئێستاش به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، فه‌تاحى هه‌م ڕاوێژكارو هه‌میش یاریده‌ده‌رى جۆلانیه بۆ كاروبارى ئێران‌و کوردستانیش.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، مامۆستایه‌كى دیكه‌ى ئایینى كه هه‌ر خه‌ڵكى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه به‌ناوى (مه‌لا حه‌مید) كه له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى شارى بانه‌یه، له‌گه‌ڵ فه‌تاحى پێكه‌وه په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانیه‌وه كردوه‌و ئه‌ویش ئێستا به‌رپرسیارێتى باڵاى له‌ناو ته‌حریر شام هه‌یه.
چه‌ند ڕۆژێكیش له‌مه‌وبه‌رو دواى ڕوخانى ڕژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د عەبدولڕەحمان فەتاحی تۆمارێكى ڤیدیۆیى بڵاوبوه‌وه‌و وه‌كو یاریدەدەری ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام بۆ کاروباری ئێران ناسێندرا، ئه‌و له‌تۆماره‌كه‌دا وتى:"پیرۆزبایی لەخەڵکی موسڵمانی سوریا‌و موجاهیدین دەکەین کە ئەم فەتحە گەورەیان بەنسیب بوو، جێی خۆیەتی سوژدەی شوکر بۆ خوای گەورە ببەین بۆ ئەم سەرکەوتنە مەزنە، کە بەنسیبی موسڵمانان، لێقەوماوان، ئاوارەکان، دەربەدەرەکان، کوڕ کوژراو‌و ماڵوێرانبووەکان بوو، کە ڕژێمێکی ستەمکار چەندین ساڵە لەم ناوچەیە کوشت‌و کوشتار دەکات‌و نزیکەی 70 ساڵە خەڵک دەچەوسێنێتەوە".
عەبدولرەحمان فەتاحی، سه‌ره‌تا یەکێک بوە لەدامەزرێنەرانی کەتائیبی ئەلقاعیدە لەکوردستان، ئەرکەکەی بانگەوازکردن بوە بۆ بیرۆکەی سەلەفی - جیهادی، کە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 دەیان گەنجیان بۆ شەڕ ڕەوانەی عێراق‌و ئەفغانستان کردوە، دواتر بەتۆمەتی تیرۆر، عەبدولڕەحمان فەتاحی چەندین ساڵ لەئێران زیندانیکراوە، دواتر‌و لەساڵی 2015، چوەتە ناو گروپى بەرەی نوسرە لەسوریا.
ژماره‌یه‌ك گه‌نجى كوردى باشور‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان كه له‌ناو بەرەی نوسرە بون‌و پاش کوژرانی ئەندامێکی کوردی ڕێکخراوەکە، گروپێکی کوردی‌یان بەناوی ئەوەوە دروستکرد، کە ئەویش گروپی (گروپی کۆساری) بوو، لەکاتی دابڕانی داعش‌و نوسرەدا لەیەکتر، ئەو گرووپە کوردییەش دابەشبوو، بەشێکیان لەگەڵ نوسرە مانەوەو ئەوانی دیکە بەیعەتیان بەئەبوبەکر بەغدادیدا، دواتر بەشدارییان لەدروستکردنی کەتیبە کوردییەکەی داعش واتە (کەتیبەی سەڵاحەدین) کرد.
وه‌كو زانراوه، کۆسارییەکانی ناو بەرەی نوسرە، بەهەمان شێوازی جاران‌و بەهەمان ناوی پێشوەوە، بەڵام بەژمارەیەکی کەمتر، درێژەیان بەکارکردن لەناو به‌ره‌ى نوسرەدا، لەبەهاری ساڵی 2015دا لەڕێکخراوی (ئەنساروئیسلام) نزیکبونەوە، کە لەژێر گوشاری داعشدا عێراقیان جێهێشتبوو ڕویان لەسوریا کردبوو.
بەپێچەوانەی قۆناغی پێشوو، ئەو گروپە بەتەواوی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەنساروئیسلامدا تێکەڵبوو، پاش ساڵێک‌و چەند مانگ بەو بیانوەی کە ئەنسار وەکو پێویست ئەرکی پێنەسپاردون‌و بەرپرسارێتی پێنەداون، لە 2016دا جگە لەچەند کەسێكیان، ئەوانی دیکە کە ژمارەیان لەنێوان 50 بۆ 100 کەس دەبوو، ڕیزەکانی ئەنساریان بەجێهێشت.
ڕوداو له‌وباره‌یه‌وه ڕ‌اپۆرتێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، ئەوکەسانە (بزوتنەوەی سوننە موهاجیرەکانی ئێران لەوڵاتی شام)یان دروستکرد، هەرچەندە بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی سوریاوە ئەوان ناچاربون جارێکی دیکە لەبەرەی نوسرە نزیک ببنەوە کە هەندێ ئاڵوگۆڕی بنەمایی تێیداکرابوو، هەروەها ناوی ڕێکخراوەکەش گۆڕدرابوو، بەڵام ئەم نزیکبونەوەیە تەنها نزیکبوونەوەیەکی ئایدۆلۆژیی بوو، ئەوان لەڕوی ڕێکخراوەییەوە سەربەخۆ ڕەفتاریان کرد‌و تەنانەت ئاڵا‌و لۆگۆی تایبەت بەخۆیان دیاریکردو بەشێکی ڕاگەیاندنی جیاواز لەبەرەی نوسرەیان بەناوی (قادسیە) کردەوە، بەوشێوەیە جموجۆڵیان بەردەوامبوو، به‌ڵام دوای پاشەکشەو گوشار‌و بۆردومانی سەر گروپە چەکدارەکان، چەکدارانی کورد پەرتەوازەبون، بەڵام توانییان لەحەماو ئیدلب خۆیان کۆبکەنەوەو لەوێ جموجۆڵیان هەبێت.
لەنێو ته‌حریر شامدا بەدرێژایی نۆ ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک چەکداری کورد کوژراون، لەنێو ئەوانەی لەڕیزی ئەو گروپەدا لە(حەما، ئیدلب)و ناوچەی دیکە کوژراون، ئەوانەش کوردی باشور‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
ئەبو شکیل کوردی، مەولەوی بەلوچی، ئەبوبەکر تەوحیدی، ئەبو قائیدی کوردی، سەیفوئیسلامی بەلوچی، عەبدولڕەئوفی کوردی، یونس کوردی، محەممەد فاتیح کوردی‌و سالم کوردی، لیستەکە درێژدەبێتەوەو تەنها لەیەک ڕاگەیه‌ندراوی پێشتری هەتەشەدا باس لەکوژرانی نزیکەی 300 چەکداری "موهاجرین"ی لەکورد، بەلوچ‌و گیلەکی تێدایە، کە بەشی زۆریان کوردن.
ئه‌گه‌رچى ڕون نییە لەدوای 2020وە چەند کوردی دیکە لەنێو ئەو گروپەدا کوژراون، بەڵام ئەوە ڕونە ئەرکی ڕاکێشانی کورد بۆ ناو گروپەکەو سەرپەرشتیکردن‌و ڕاهێنانیان لەئەستۆی عەبدولڕەحمان فەتاحی بوە.
فەتاحی لەسنورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گروپێک لەقوتابیان وانەی ئایینیان دەخوێند لەڕانیە هەروەها لەقەندیل، فەتاحی خۆی لەئیدلب لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیجەکانی ته‌حریر شامدا وتویه‌تى، "لەبەهاری 1993 دەستمکرد بەوتنەوەی وانەی ئایینی لەڕانیە لەقوتابخانەیەکی ئایینی سەر بەبزوتنەوەی ئیسلامیی لەکوردستان"، ئەو باس لەوەدەکات، ڕۆژانی هەینی لەڕانیە گفتوگۆی لەگەڵ تەوحیدی کردوە لەبارەی "جیهادو قیتال".
به‌وته‌ى ئه‌و، تەوحیدی ئەوکات زانیویەتی قوتابییەکی پەرۆشی بۆ "جیهاد" دۆزیوەتەوە، هه‌ربۆیه فەتاحی دواتر خۆی لەناو قاعیدەو گروپەکانی دیکەدا دۆزیوەتەوەو بەدرێژایی ساڵانی 2000 تاوەکو 2015 لەڕیزی ئەو گروپانە ئەرکی ڕاکێشانی خەڵک بوە بۆ "جیهاد".