لەناوچەی سەرێكانی داگیركراو لەلایەن توركیاوە لە رۆژئاوای كوردستان تادێت رەوشی گروپە چەكدارەكان خراپتر دەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، رەوشی چەكدارە توندڕۆكانی توركیا زۆر خراپ بووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی دواكەوتنی پێدانی موچە و بوونی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی سەركردەكانی ئەو گروپانە توندڕۆیانە.
زۆربەی چەكداری ئەو گروپانە لە هەلومەرجێكی سەختدا دەژین و پشتیوانییان نییە و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییان دابەزیوە.
عومەر یەكێك لە چەكدارەكانە ئاماژە بە پەرەسەندنی گەندەڵی و گرژی دەدات، دەڵێت لێپرسینەوە لەگەندەڵی سەركردەكان نییە.
دەشڵێت، ئەو موچەیەی دەدرێت بە چەكدارەكان مانگانە لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٦٥٠ هەزار لیرەی سورییە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك نادرێت و زۆرجاریش بەشێكی بەبێ هیچ پاساوێكی یاسایی دەبڕدرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو یارمەتییە داراییەی لە جەژندا پێشكەشكرابوو "دزراوە و دەستكاری كراوە"، ئەمەش توڕەییەكی بەرفراوانی لەنێو ئەندامەكاندا دروستكردووە.
ڕوونیشیكردەوە، موچەی ڕاستەقینەیان یەكسانە بە 65 بۆ 80 دۆلار لە مانگێكدا، بە بەراورد بە مووچەی هاوتاكانیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق، لە نێوان 150 بۆ 200 دۆلاردایە. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەندێك لە ئەندامان ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە پارەی قاچاخچێتی زیادە هەیە كە دەگاتە ١٥٠ دۆلار بۆ هەر كەسێك، بەشێكیشیان لەلایەن پۆلیسی سەربازی توركەوە دەستگیردەكرێن و زۆرجاریش سەركردەی گروپەكان لەگەڵ قاچاخچیان هاوكاری دەكەن.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە سەركردەكان خێزانەكانیان بە قاچاخ بردۆتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان تێدەپەڕن و دواتر بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا.
