گه‌وره‌ ڕاوێژكارێكى ئه‌ردۆغان: چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى كۆتایی كۆنگره‌ى په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین

جیهان

10/05/2025‌ 2350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گه‌وره‌ ڕاوێژكارێكى سه‌رۆك كۆمارى توركیا، هه‌ڵوێستى ئه‌ردۆغانى له‌باره‌ى كۆنگره‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ ئاشكراكردو ده‌ڵێت:"چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەکە دەکەین"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "کۆنگرەی پەکەکەو پرۆسەی ئاشتی، بەئارامی‌و هەستیاریی بەڕێوەدەچێت".


ئاکیف چاغاتای کڵچ گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوەو ئاسایش، بۆ میدیاى وڵاته‌كه‌ى وتى:"پرۆسەکە بەردەوامە، هەمومان چاودێریی دەکەین، هەندێک لێدوان، هەندێک کۆبونەوە کە کراون، بابەتەکانیان کاردانەوەی ئەرێنییان لەڕای گشتیی هەبوە، بەڵام لێرەدا گرنگترین شت ئەوەیە سەرەتا دەستبەرداری چەک بن".
 
چاغاتای کڵچ باسی لەوەشکرد، "ئامانجی سەرەکیی پرۆسەکە ئەوەیە لەتورکیایەکدا بژین ئاسایش تێیدا بەرقەراربێت‌و هەڕەشەی تیرۆری تێدا نەبێت، یەکێک لەگرنگترین توخمەکانی سەرخستنی پرۆسەکە تورکیایەکی بێ تیرۆرە، پرۆسەیەکی بەردەوام، هەستیارو ئارام بەڕێوەدەبردرێت، لەعێراق‌و سوریاش هەنگاوەکان بەئەرێنی بەڕێوەدەچن".
 
به‌وته‌ى گەورە ڕاوێژکارەکەی ئه‌ردۆغان، "پەکەکە تەنها لەعێراق، سوریاو ئێران درێژەپێدەری نییە، بەڵکو لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش بەناوی جیاجیا ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دامەزراندوەو چالاکی دەکات، سەرچاوەی پارەدارکردنن بۆ پەکەکەو پێویستە هەموو ئەوانەش کۆتاییان پێبێت".
 
ئه‌وه‌شى وت، "پێشترو ئێستاش دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بەبەڵگەوە ڕاپۆرتی پێشکه‌شی وڵاتانی ئەوروپا کردوەو سەلماندویەتی پەکەکە بەناوی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵە، یەکێتیی، فیدراسیۆن‌و سەندیکا کاری نایاسایی دەکات".
 
دوێنێ هەینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، لەڕۆژانی 5 تا 7ی ئه‌م مانگه‌،  12مین کۆنگرەی بەستوە.