دۆزینەوەی مانا لەناو قەیرانەكانی كوردستاندا

توێژینەوە و شیکاریی

23/07/2025‌ 14715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
                                                 فوئاد سدیق 
    مێژووی کورد، تەنها کۆمەڵێک ڕووداو و ساڵنامەی سەر پەڕە كاغەزی وشکهەڵگەڕاودا نییە؛ بەڵکو داستانێکی درێژی بەرەنگارییە، ئۆركسترایەكی چەندین ئاوازی نەرم و خێرا، چەندین سیمفۆنیای تەواونەبووە کە بە نۆتەی خوێن و ئارەق و فرمێسكی گەرم و هیوای لەبن نەهاتوویئەم میللەتە نووسراوەتەوە. هەر پەرەیەکی ئەم مێژووە، بەسەرهاتی گەلێکە کە لەنێوان چیا سەختەکان و ویستی پۆڵایینیدا، هەمیشە لە گەڕانێکی بێوچاندا بووە بۆ دۆزینەوەی مانا، كە مانایەك بدات بە مێژووی  سەد ساڵەی پڕ لە قوربانیدانی. ئەمڕۆ، لە هەرێمی کوردستان، نەوەیەکی دیکەی ئەم نەتەوەیە خۆی لە چەقی گەردەلوولێکی سەختدا دەبینێتەوە. گەردەلوولێک کە هەوری ڕەشی تەنها سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکو برووسکەی پرسیارێکی وجودی کوشندە دەدرەوشێنێتەوە،لە بنەڕەتدا زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیەو لە قووڵایی ڕۆحماندا دەزرنگێتەوە و پێماندەڵێت: ئێمە کێین و لەم تاریکستانەدا کە هەوری ڕەش لووتی لە زەوی ژەنیوە، بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین؟
   گفتوگۆکانی بەغدا، کە هەمیشە وەک شانۆیەکی تراژیدی کۆمیدی بوون، ئەمجارەش پەردەیان لەسەر دیمەنێکی تاریک هەڵدایەوە؛ دیمەنی ویستێکی سەربەخۆ کە لە واقیعێکی سەپێنراودا گیریخواردووە. مووچە، ئەو مافە سەرەتاییەی کە دەبێت بۆ هاووڵاتی هەناسەی ژیان بێت ، كەچی بووەتە زنجیری ملکەچکردن و کارتی گوشار. لەم گێژاوەدا، پرسیارە ئەزەلییەکە بە قورسترین شێوەی خۆی سەرهەڵدەداتەوە، ئەویش ئەوەیە: کورد چی بکات؟
  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت لە تووڕەیی کاتی و سیاسەتی ڕۆژانە بەرز ببینەوەو لەسەر تەوەری فەلسەفە، بە قووڵایی دۆخەکەدا شۆڕ بینەوە. لێرەدا، ئەفسانەی سیزیفی ئەلبێر کامۆ وەک ئاوێنەیەکی ڕوون و بێبەزەیی، چارەنووسی ئێمە نمایشدەکات(وای لەو نمایشە!). سیزیف، ئەو قارەمانەی کە سزای پاڵدانی بەردێکی هەتاهەتایی بۆ سەر لووتکەی شاخێک بەسەردا سەپێنرا، هەر جارێک کە لە ترۆپک نزیکدەبووەوە، بەردەکە بە خێرا غلۆر دەبووەوەو دەکەوتە خوارەوە. ئایا ئەمە وێنەی وردی چارەنووسی هاوچەرخی کورد نییە؟ بەردەکە خەونی دەوڵەتە، مافی چارەی خۆنووسین و ژیانێکی شایستەیە. پاڵدانەکە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان، قوربانیدانە بێسنوورەکانە، ڕاپەڕین و دانوستانە بێهودەکانە. غلۆربوونەوەکەش پیلانگێڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، ناکۆکیی ناوخۆیی و ئەو قەیرانە قووڵانەیە کە ئەمڕۆ ئێمەی ماندوو لەسەر رۆحی خەباتی سەختدا  هەناسەدەدەین و دەژین.
    کەواتە، وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارەی ئێمە چیبکەین؟، لە وازهێنان لە پاڵدانی بەردەکەدا نییە، چونکە ئەوە بە مانای وازهێنانە لە وجودی خۆی، لە ناسنامە و مێژووی خۆی. بەڵکو وەڵامە فەلسەفییەکە لەوەدایە کە مانا لە خودی پاڵدانەکەدا بدۆزێتەوە. کامۆ دەڵێت: دەبێت سیزیف بە بەختەوەر وێنا بکەین. چۆن؟ چونکە سیزیف لەو ساتەوەختەی ماسولکەکانی دەخاتە کار، ئارەقەی نێوچەوانی دەسڕێت و هەموو هێزی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی چارەنووسە پووچەکەی، لەو ساتەدا ئەو خاوەنی چارەنووسی خۆیەتی. ئەو یاخیبوونە هۆشیارانەیە، خۆی لە خۆیدا شکۆ و سەرکەوتنە. کورد دەبێت لەم قۆناخەدا، لەبری چاوەڕوانییەکی ماندوو و شەکەت بۆ گەیشتن بە لووتکەیەکی خەیاڵی، هێز و ورەی خۆی لەناو جەوهەری ئەم بەرەنگارییەدا بدۆزێتەوە. ئەمە قۆناخی ئەوەیە لەبری ئەوەی بپرسین کەی دەگەین؟، بپرسین: چۆن بە شکۆمەندییەوە بەردەوامبین ؟ 
    بەڵام ئازاری سیزیفی کورد دوولایەنەیە. ئازارێک لە دەرەوە دێت، لە هێزە دەرەکییەکانەوە، ئازارێکی کوشندەتریش لە ناوەوە هەڵدەقووڵێت. قەیرانی بێ مووچەیی، تەنها کێشەیەکی دارایی نییە؛ بەڵکو شکستی دوو پەیمانی کۆمەڵایەتی یە.پەیمانێكی كۆمەڵایەتی هەولێر لەگەڵ بەغدا، دووەمیشیان حكومەتی هەرێم لەگەڵ  گەل و نەتەوەی خۆی.مەبەستیش لە پەیمانی كۆمەڵایەتی  ئەو پەیمانە فیکرییەیە کە ژان ژاک ڕۆسۆ بنەماکەی داڕشت، گرێبەستێکی نەنووسراوە بەڵام لە ویژدانی هەر تاکێکدا زیندانی کراوە، لە منداڵێکەوە تا پیرەمێردێک، لە کچێکی ژیکەڵەوە تا پیرەژنێک، هەموویان ئەم پەیمانەیان لەبەر کردووە. خەڵک بەشێک لە ئازادییەکانیان دەدەنە دەسەڵات، لە بەرامبەر دابینکردنی ئاسایش، لە بەرانبەر دادپەروەری و کەرامەت. کاتێک دەسەڵات ناتوانێت نانی سەر سفرەی هاووڵاتییەک دابینبکات، پەیمانەکە دەشکێت و پردەکانی متمانە یەک لە دوای یەک دەڕووخێن. بێ مووچەیی هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ؛ مرۆڤێک کە ناتوانێت بژێویی خێزانەکەی دابینبکات، هەست بە بێدەسەڵاتی و پووکانەوەی ڕۆحی خۆی دەکات. ئەمە لە هەژاری کوشندەترە. چارەسەری ئەم برینە قووڵە ناوخۆییە، تەنها بە پارەپێدان نابێت. چارەسەر، چاککردنەوەی پەیمانە شکاوەکەیە. ئەمەش پێویستی بە شۆڕشێکی ئەخلاقی هەیە لە لووتکەوە: ڕاستگۆیی ڕەها لەگەڵ خەڵک، داننان بە واقیعدا و هاوبەشیکردن لە ئازاردا.
   لێرەوە، پرسیارێکی تاڵتر و واقیعیتر دێتە ئاراوە: کاتێک سیزیفی کورد لە ناوەوە لەلایەن برسییەتی و بێ کەرامەتییەوە هەڕەشەی لێدەکرێت، چۆن دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هێزانە ببێتەوە کە لە دەرەوە چاویان بڕیوەتە وردوخاشکردنی بەردەکە و خودی پاڵپێوەنەرەکەش؟ ئەمە پرسیاری وجودی نەتەوەیەكە لەناو قەڵایەکی گەمارۆدراودا کە ناوی هەرێمی کوردستانە. بۆ ماوەی ٣٤ ساڵ، فەرمانڕەواکانی ئەم قەڵایە زۆربەی وزەیان لە چاودێریکردنی دیوارەکان و سەیری دوژمنی دەرەوەدا سەرف کردووە. ستراتیژییەتەکە هەمیشە ئەوە بووە کە چۆن دڵی ئەوانی دەرەوە ڕازی بکەین. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەی فیکرییە. مێژوو پێماندەڵێت ئیمپراتۆریەتی ڕۆم یان یەکێتیی سۆڤیەت،یان زۆربەی ئیمپراتۆریاكانی دیكە، بە هێرشی دەرەکی نەکەوتن، بەڵکو بەهۆی پووکانەوە و کلۆربوونی ناوخۆییەوە ڕووخان. کاتێک قەڵا لەناوەوە کلۆر بوو، بچووکترین بای دەرەکی دەتوانێت لە بن و بۆتكەوە هەڵیتەکێنێت.
   تەڵەو داوەکانی تورکیا و ئێران و بەغدا، لەسەر لاوازیی ناوخۆیی ئێمە بەندن. ئەوان بەهێزیی خۆیان بەکارناهێنن، هێندەی لاوازیی ئێمە دەقۆزنەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەم تەڵەو داوە زۆرانە كە وەك تەونی جالجالۆكە وایە،بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ نابێت، بەڵکو بە بێماناکردنی خودی تەڵەو داوەکان دەبێت. چۆن؟ بە گەڕانەوە بۆ ناو قەڵاکە و ئاوەدانکردنەوەی باخچە پشتگوێخراوەکەی ناوەوەی. بۆچی دوای ٣٤ ساڵ، باخچەکەمان بووەتە بیابان؟ چونکە فەرمانڕەواکان، وەک باخەوانێکی بێ تواناو بێ دیدگا، لە جیاتی چاندن و ئاودانی خاکەکە (کشتوکاڵ، پیشەسازی، مرۆڤ)، چاویان بڕیبووە ئاسمانی دەرەوە و چاوەڕێی بارانێکی کاتی بوون کە ناوی داهاتی نەوت بوو. ئێستا بارانەکە وەستاوە و باخچەکەش وشک بووە. شکستی ٣٤ ساڵە، شکستی دیدگایە.
  ڕێگای ڕزگاری، گۆڕینی ستراتیژیەتە لە سیاسەتی دەرەوە بۆ سیاسەتی باخەوانی. باخەوانی کورد دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاک؛ بیر لە بونیادنانی کارگە بکاتەوە نەک مۆڵ؛ شانازی بە پێڵاوێکی Made in Kurdistan  ەوە بکات نەک مۆڵێکی پڕ لە کاڵای تورکی یان ئێرانی. لە هەمووی گرنگتر، باخەوانە ژیرەکە دەزانێت کە بەپیتترین تۆو، مرۆڤە. وەبەرهێنان لە پەروەردە و تەندروستی، گەورەترین وەبەرهێنانە. کاتێک سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەی باخچەی ناو قەڵاکەی خۆت بیت، چیتر یاریزانی ئەوان نابیت. كەواتە چارەنووسمان گرێدراوی یەک بڕیاری فەلسەفییە ئەویش ئەوەیە: ئایا دەمانەوێت ببینە قەڵایەکی بەهێز بە باخچەیەکی پڕ لە گوڵی رەنگاو رەنگ و گەشاوە، یان قەڵایەکی بۆش و بەتاڵ و کلۆر بە بیابانێکی وشکەوە؟ ڕێگای ڕزگاری، نە لە بەغدایە و نە لە واشنتۆن، نە لە ئیستانبۆڵەو نە لە تارانە. ڕێگای ڕزگاری  تەنیاو تەنیا لەناو  رۆح و جەستەی زیندووی کوردستاندایە؛ لە گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەدایە كە لە دەرەوە بۆ ناوەوە، لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، لە سیاسەتەوە بۆ خزمەت. بگۆڕێت.
    دەستنیشانکردنی دەردو نەخۆشییەكان، نیوەی چارەسەرە. ئەگەر تا ئێرە دەردەکەمان ناسیوە، پرسیاری چارەنووسساز و هەنگاوی دووەم ئەوەیە: ڕێگای چاكبوونەوەكە چییە؟ چۆن لە سکاڵاکردنێکی بێکۆتا لە تاریکی، بەرەو بونیادنانی خۆری ئازادی هەنگاو دەنێین؟ لێرەدایە کە یەکەم ڕێگای ڕزگاری خۆی نمایشدەکات ئەویش بانگەوازێکە بۆ دیالۆگی تەلارسازەکان. ئەمە کۆبوونەوەیەکە بۆ داهێنانی کۆشکی ئەوەی کە دەبێت هەبێت. پێویستمان بە کۆڕبەندی دامەزرێنەران یان پلینیۆمی ویژدانـە.
با وردتر  باسی بكەین،  ٣٠٠ کەس لە ئاقڵەكانی ئەم نیشتمانە،ئەو كەسانەی  ویژدانی زیندووی ئەم گەلەن، لە هۆڵێکی کراوەدا کۆببنەوە كە پێكهاتبن لە: نوخبەی ڕاستەقینەی كۆمەڵگا، كە بریتین لە سەرکردە حیزبییە ڕەسەن و تێكۆشەرەکان، نووسەرانی نیشتمانی و خاوەن قەڵەمی جوان، مامۆستایانی ئایینیی میانڕەو، پزیشکان، چالاکوانان و ڕاگەیاندنکارانی نیشتمانی. ئەمە وەرشەیەکی تەلارسازیی نەتەوەییە، ئامانج لێی داڕشتنەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بێت. ململانێ لەسەر ئەوە نەبێت کێ حوکم دەکات؟، بەڵکو لەسەر ئەوە بێت ،چۆن پێکەوە دەژین؟
   ئەمە خەیاڵی شاعیرانە نییە. مێژووی گەلان چرپەیەکمان بە گوێدا دەکات و دەڵێت. لە ئەفریقای باشوور، "کۆنفرانسی دیموکراتی" (CODESA) بووە مێزی گفتوگۆی نێوان ماندێلا و دوژمنە سەرسەختەکەی و نەخشەی (نەتەوەی پەلکەزێڕینە)ی کێشا. لە ئیسپانیا، پەیمانی مۆنکلۆوا، حیزب و سەندیکاکانی کۆکردەوە و کەشتیی وڵاتیان لە نوقمبوون ڕزگار کرد. لە تونس،چوارینەی دیالۆگی نیشتمانی کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتبوو، وڵاتیان لە شەڕی ناوخۆ پاراست.
  کۆڕبەندی ویژدان ی کوردی، پێویستییەکی مێژووییە. کاتێک ٣٠٠ كەسایەتی نیشتمانی کۆدەبنەوە و چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان دەکەن، هاووڵاتی خۆی دەبێتە خاوەنی بڕیار. ئەو کاتە، سیزیفی کورد هەست ناکات بە تەنها بەردەکە پاڵ پێوە دەنێت؛ هەست دەکات سەدان دەستی دیکە لەگەڵیدان. پاڵدانی بەردەکە لە سزایەکی وجودییەوە بۆ پرۆژەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی دەگۆڕێت. 
  بەڵام لێرەدا دەبێت بوەستین و پرسیارێکی قوڵتر لە خۆمان بکەین. پرسیارێک کە لە دیالۆگی دەرەکییەوە دەمانباتە ناو مۆنۆلۆگی ناوەکییەوە. ئایا بەسە تەلارسازەکان کۆبکەینەوە بۆ چاککردنی قەڵا گەورەکە، ئەگەر هەر یەک لە دانیشتووانی قەڵاکە، قەڵا بچووکەکەی ناوەوەی خۆیان وێران بووبێت؟ ئایا دیواری قەڵای نیشتمان بەهێز دەبێت، ئەگەر ئەو خشتانەی دیواری پێ دروستدەکرێت، کە تاکەکانی کۆمەڵگەن، خۆیان لەناوەوە بەتاڵ و حەتاڵ  بووبنەوە؟  لێرەوە دەچینە ناو دڵی ڕێگای دووەمەوە؛ ڕێگایەک کە لە پێش ڕێگای یەکەمەوەیەو مەرجی سەرکەوتنیەتی. ئەمە ڕێگای بونیادنانی قەڵای ناوەوەیە. فەیلەسووفی ستۆیکی، مارکۆس ئۆریلیۆس، باسی ئەو "قەڵا ناوەکییە" (The Inner Citadel) دەکات؛ ئەو شوێنە پیرۆزەی ناوەوەی ڕۆحی مرۆڤ کە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت دەستی پێبگات، مەگەر خۆمان دەروازەکانی بۆ بکەینەوە. ئەم قەڵایە، قەڵای کەرامەت، ویژدان، ئیرادە و بەها ئەخلاقییەکانە. قەیرانی گەورەی ئێمە، تەنها داڕمانی قەڵای سیاسی و ئابووریی هەرێم نییە، بەڵکو داڕمانی بێدەنگی ملیۆنان قەڵای ناوەوەی تاکەکەسییە. کەواتە، ڕێگای ڕاستەقینە، لە بنەڕەتدا، شۆڕشێکی ڕۆحیی بێدەنگە. شۆڕشێکە لە بری داوای گۆڕینی حکومەت، داوای گۆڕینی تاک دەکات. چونکە کۆمەڵگەیەکی بەهێز لەسەر بنەماو بنچینەی تاکێکی بەهێز دروستدەبێت. ئەم قەڵا ناوەکییە لە ڕێگەی سێ شۆڕشی بێدەنگەوە بنیات دەنرێتەوە: یەكەمیان پێی دەوترێ شۆڕشی ئەخلاقی، ئەم شۆڕشە گەڕانەوەیە بۆ ئەخلاقی پیشەیی. پێش ئەوەی چاوەڕێی سیاسەتمەدارێکی ڕاستگۆ بین، با مامۆستایەک وانەکەی بە ویژدانەوە بڵێتەوە، با پزیشکێک سوێندەکەی لەبیر بێت، با دوکاندارێک قۆرخکاری نەکات. کاتێک ویژدان دەبێتە حاکم، هەر تاکێک دەبێتە پۆلیسی ئەخلاقیی خۆی . دووەمیان قەیرانی ئێمە تەنها بێ پارەیی نییە، بەڵکو برسێتییەکی ڕۆحییە بۆ شتی زیاتر.  هاووڵاتی كورد لە رۆحەوە بریندارەو گرفتی هەیە، تۆ سەیركە هێشتا هاندانێك شانازیكردنێكمان نییە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانمان. کاتێک تاک فێری قەناعەت بوو، چیتر کۆیلەی مووچە و بازاڕ نابێت. ئازادیی ئابووریی تاک، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئازادیی سیاسیی نەتەوە.سێیەمیان ئێمە لە سەردەمی سکاڵای دیجیتاڵیدا دەژین. مێشکی ئێمە بووەتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی بێ مانا. ڕزگارکردنی مێشک لەم ژەهرە پێویستییەكی بە پەلەیە. ئاخر لە جیاتی چوار کاتژمێر سەیرکردنی هەواڵی سیاسی، یەک کاتژمێر کتێبێکی فەلسەفی بخوێنینەوە. کاتێک تاک لە قوربانییەکەوە دەگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی زیندوو، چیتر چاوەڕێی ڕزگارکەرێک ناکات، چونکە دەزانێت ڕزگارکەرەکە لەناو خودی خۆیدایە.
  لێرەوە هەموو رێگاكان، وەک كۆمەڵێك جۆگەلەو رووبار، دەڕژێنە ناو یەکترەوەو شۆڕشێكی بێدەنگ لە ناو رۆحی هەر تاكێكدا دروستدەكەن. لەبیرمان نەچێت ئەمە ناكۆك و  پێچەوانەی ئەو "کۆڕبەندی نیشتمانی"یە نییە كە لە سەرەوە ئاماژەم بۆی كردووە، بەڵکو تەواوکەر و مەرجی سەرکەوتنیەتی. چونکە کۆڕبەندێکی نیشتمانی لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوەببرێت کە قەڵای ناوەوەیان ڕووخاوە، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان قەیران. بەڵام کاتێک ملیۆنان تاک لەم نیشتمانەدا دەست بە بونیادنانەوەی قەڵای ویژدان و قەناعەت و زەینی خۆیان دەكەن، ئەو کاتە کۆبوونەوەی ٣٠٠ نوێنەری ئەم تاکانە، نابێتە کۆبوونەوەیەکی سیاسی، بەڵکو دەبێتە ئاهەنگی ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی نەتەوەیەکی نوێ. ڕزگاریی گەلان وەک ڕووبارێکی مەزن وایە. لە لوتکەی چیاکانەوە بە دڵۆپ و وردە لم و زیخی چەو دەستپێدەکات. هەر تاکێک لە ئێمە کە بڕیاری شۆڕشی ناوەکیی خۆی دەدات، دەبێتە ئەو زیخی چەوە بچووکە. کاتێک ئەو زیخانە پێکەوە کۆدەبنەوە، دەبنە جۆگەیەکی بەهێز و پاشان ڕووبارێکی هەڵچووی گەورە کە هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگای رۆیشتنی لێبگرێت.
   کەواتە، ڕێگای ڕزگاریی کۆتایی، نە تەنها لە دیالۆگی تەلارسازەکانی قەڵای گشتی و، نە تەنها لە مۆنۆلۆگی تاکەکانی ناو قەڵا بچووکەکاندایە، بەڵکو لە ئاوێتەبوونی هەموویاندایە. ڕێگاکە لەوێوە دەستپێدەکات کە هەر تاکێکمان بڕیار دەدات ببێتە ئەو كەرپووچە پتەوەی شایستەی دیواری نیشتمان بێت، پاشان، کاتێک هەموومان بووینە كەرپووچە پتەوەكە، پێکەوە لە کۆڕبەندی تەلارسازەکاندا، قەڵایەک بونیاد دەنێین کە نەوەکانی داهاتوو شانازی پێوە بکەن. کاتێک هاووڵاتیی کورد هەستیکرد کەرامەتی پارێزراوە، نانی لەسەر سفرەی خۆیەتی و، منداڵەکەی لە قوتابخانەیەکی باشدایە، ئەو کاتە خۆی دەبێتە دیواری پۆڵایینی قەڵاکە. سیزیفی کوردیش کاتێک بەختەوەر دەبێت کە بزانێت ئەو بەردەی پاڵی پێوە دەنێت، لەسەر خاکی باخچەیەکی ئاوەدان و بەپیت غلۆر دەبێتەوە؛ ئەو کاتە تەنانەت غلۆربوونەوەکەش دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی بەهێزترکردنی بناخەی شاخەکە. لەکۆتاییدا، نابێت قسەکەی مارکس لەیاد بکەین کە وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە لە مێژوودا دەزرنگێتەوە: پارە ئەو هێزە پیرۆزەیە هەموو شتێک دەگۆڕێت، وەفاداری دەگۆڕێت بۆ بێوەفایی، خۆشەویستی دەگۆڕێت بۆ ڕق، فەزیلەت دەگۆڕێت بۆ ڕەزیلەت و خزمەتکار دەکات بە ئاغا.   كەواتە ڕزگاریی ئێمە، لە یاخیبوونە لەم هێزە گۆڕەرەو،  گەڕانەوەیە بۆ ئەو بەهایانەی کە پارە ناتوانێت بیانکڕێت.