با پێکەوە بیربکەینەوە
هاوڕێ عەلی مولود وتارێکی ڕەخنەگرانەی بەناوی"گۆڕینی دەسەڵات یان گۆڕانی ژیان؟! با پێکەوە بیربکەینەوە"
*1 لەسەر کتێبی "تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی"
*2 نوسیوە، کە شایەنی دەستخۆشیە وەک بابەتێکی بیرکردنەوە لە ڕێگاچارەی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە جێگای سەرمایەداری.
ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ هاوڕێ عەلی دا گرنگە چونکە؛ ئێمە ساڵانێکی دوورودرێژە هاوڕێی کاری سیاسی و جەماوەرین پێکەوە، وئەم گفتوگۆیەی نێوانمان گۆشەیەک لەم جیاوازی بۆچون و ڕوانگە جۆراوجۆرانەی ناو بزوتنەوەی دژی کاپیتالیستی ئەمڕۆ نیشان دەدا، کە لە زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداریدا بەشێوەی جیاجیا ئەم دیبەیت و گفتوگۆیانە هەیە. هەڵسوڕاوانی ئەم بوارە بەشوێن ڕێگاچارە و شێوازی نوێی بیرکردنەوە و کارکردنەوەن بۆ وەڵامدانەوە بەو مەسەلانەی نوێیانەی خەباتی چینایەتی لە سەدەی ٢١ هێناویەتە پێشەوە. هەربۆیە گرنگە ئەم جەدەل و گۆڕینەوەی بیروڕایانە بە گیانی هاوڕییانە و دوور لە تەشهیری شەخسی و دەمارگیری سێکتاریستی و لەپێناو گەیشتن بە ڕێگای دروستدا گەشەپێ بدەین. هەروەها گرنگیشە ئێمە ئەم گفتوگۆیانەمان بەرەو ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای خەباتی دژی سەرمایەداری لە سەدەی ٢١ دا بەرینە پێشەوە، نەک مانەوە لە چوارچێوەی دەقەکانی بیرمەندانی پێشتر وە یان ڕەخنەیەک کە نەمان گەیەنێت بە ڕاستیەکی نوێ یان شیوازی بیرکردنەوەی نوێ. هیوادارم ئەم وتارە هەنگاوێکی بەو ئاراستەیەدا نابێت.
سەرەتا پێویستە بڵێم کە من لەم وتارەدا تەنیا وەڵامی ئەو بەشانە دەدەمەوە کە هاوڕێ علی ڕەخنەکانی ڕوو لە وتارەکەی منە،“شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠”
*3، لەو کتێبە هاوبەشەماندا لەگەڵ هاوڕییان ( گۆنا سەعید، ئەکرەم سەعید، سامان کەریم ) .
بەراوردێکی تێگەیشتنەکان
جیاوازی بۆچونەکانی نێوانمان بریتیە لە تێگەیشتنی جیاوازمان بۆ سیستمی سەرمایەداری و جێگەی چینی کرێکار و کاریگەری گلۆباڵیزم و شۆڕشی سۆشیالیستی. هەربۆیە بۆ بەرچاوڕۆشنی خوێنەران لەم جەدەل و گفتوگۆیە لەگەڵ هاوڕێ عەلی دا، من بەکورتی تێگەیشتنی هەردوولامان دەخەمە ڕوو.
ڕەخنەکانی هاوڕێ عەلی بە کورتی لەم وتارەیدا ئەوەیە کە؛ "ئێمە تێگەیشتنی باومان هەیە لەبەرئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی بە گۆڕینی دەسەڵاتی دەزانین لە بورژوازیەوە بۆ کرێکار، وە کرێکارمان کردۆتە سەنتەر و پیرۆزکراوە و دوبارە ئەرکی شۆڕشی پێ دراوە، بەڵام گڵۆباڵیزم بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە.
بزووتنەوەی کرێکاریش بە زاڵبوونی نیولیبراڵیزم زیاتر چۆتە دواوە. ئەم ڤێرژنە نوێیەی سەرمایەداری، کرێکاران و بگرە بەشێکی بەرچاو لە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانیشی لەگەڵ خۆی هەڵپێکا. شێوەژیانی سەرمایەداری بەناو ژیانی هەموواندا بڵاوبۆوە، بەبێ ئەوەی بەرگری و بەرەنگارییەکی توند بەرامبەری هەبێت، ئەوەی کە بەرەنگاری دەکات زۆرتر پەراوێزکەوتووەکان و لایەنگرانی ئازادین. شۆڕشی کرێکاراران چووەتە پەراوێزی رووداوە سیاسیەکان و گۆڕانە ئابووریەکانەوە، بەپێچەوانەی لاوان و ژنان و بێکاران و بێبەشان و پەراوێزخراوان، کە سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن."
تێگەیشتنی منیش لەم کتێبەدا بۆ گۆڕێنی سیستمی سەرمایەداری، کە لەوتارەکەمدا خستومەتە ڕوو، ئەمەیە کە: ئێمە دەبێت دیدێکی ڕەخنەگرانەمان هەبێت بۆ تێگەیشتنی سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠ لەسەر شۆڕشی سۆشیالسیتی، کە سۆشیالیزم لە گرتنە دەسەلاتی سیاسی لەلایەن حزبەوە و موڵکایەتی دەوڵەت و بەرنامەی پلان داڕشتن بۆ ئابوریدا دەبینێتەوە. لەم جۆرە سۆشیالیزمەدا چینی کرێکار پاشکۆی حزبێکە، کە خۆی بە نوێنەری کرێکار دادەنێ و دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆی دەخاتە جێگای ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی دوور لە چین و چەوسانەوە و دەوڵەت لەلایەن مرۆڤە ئازادەکانەوە بنیات دەنرێ، کە بە شێوەی هەرەوەزی و هاوبەش ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
هاوکات بەڕای من پێویستە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی ڕزگاربکا لە شێوازی حزب و ڕیکخراوبونێک کە خەباتی چینایەتی کرێکارانی لە قاڵبی سێکتاریزم و بیرۆکراتیزمی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا دەهێڵێتەوە. چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان دەبێ شیوازێکی نوێ لە ڕیکخراوبون و دروستکردنی ئامڕازەکانی شۆڕش و خەباتی چیانیەتی بهێننە ئاراوە کە وەڵامدەرەوەی یەکگرتوکردنی سەرجەم چینەکە و بزوتنەوە سیاسی و جەماوەریەکانی بێت و مۆدێل و پارادایمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی داهاتوو بێت.
نیولیبرالیزم توانیویەتی وەک مۆدێلێک لە ئاستی بازاڕی جیهانی و دەسەڵاتدارێتی نێودەوڵەتیدا خۆی جێگیربکا و مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی خستۆتەلاوە و زەمینەی بۆ مانەوە و گەشەی مۆدێل و جۆرەکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ نەهێشتۆتەوە. بەم شێوەیەش پێویستی خستنەڕووی ڤێرژنێکی ڕادیکاڵ و نوێی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سۆشیالیستی بۆڕوبەڕوبونەوەی نیولیبرالیزم و گۆڕینی سەرمایەداری کەوتۆتە بەردەم ئەو ناڕەزایتیە گلۆباڵەی کە کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا درێژەی پێدەدەن.
خاڵێکی گرنگ کە دەبێ لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە من لەم تێگەیشتنەدا چینی کرێکار و جێگا و خەباتی ئەم چینە وەک دیاردە و فاکتی گلۆباڵ و بەشێک لە سیستمێکی جیهانی سەرمایەداری سەدەی ٢١ سەیردەکەم. هەربۆیە بەم تێگەیشتنە گشتگیر و ڕوانگە جیهانیەوە دەتوانین بزانین کە کاریگەریەکانی ئەم سیستمە جیهانیە چیە لەهەر وڵاتێکدا و لە کوردستانیشدا،وە بە چ شێوەیەک ئەم چینی کرێکارە دەردەکەوێت، وە ئاسۆ و ئامانجی خەباتەکەی چ شێوازێک دەگرێتەخۆی. واتە چ بورژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی و چ کرێکاران و فەرمابەران و بێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکانی کوردستانیش، هەموویان بەشێکن لە سیستمێکی ئابوری سیاسی سەرمایەداری کە خەباتی چینایەتی ئێستا و ئایندەکەی لە چوارچێوەی ئەم سیستمە جیهانیە ئاڵوزەدا دەچێتە پێش.
شۆڕشی سۆشیالسیتی و گۆڕینی دەسەڵات
ناونیشانی سەرەکی وتارەکەی"گۆڕینی دەسەڵات یان گۆڕانی ژیان؟! دەیەوێت ئەوە نیشان بدا کە ڕەخنەکانی هاوڕێ عەلی لە ئێمە ئەوەیە کە خەریکی "گۆڕینی دەسەڵات" ین نەک گۆڕانی ژیان؟!. هەرچەند تێرمی "گۆڕانی ژیان؟!" ڕۆشن نیە کە مەبەست لە گۆڕینی سیستمی ژیانە یان چ شتێکی تر، بەڵام بابزانین ئایا ئارگومێنت و کێشەی نێوانمان بەم بەراوردە پێناسە دەکرێ کە لایەکمان لایەنگری گۆڕینی دەسەڵات و لاکەی ترمان گۆڕینی ژیانە؟
ئەم هاوڕێیەمان دەڵێ: "ئەوەی لەم کتێبەدا هەموو باسەکان خراونەتە خزمەتیەوە، ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە حاکمەوە بۆ مەحکوم، بەدەسەڵاتگەیشتنی چینی کرێکارە بەهەمان تێگەیشتنی باو، ئەوەش ناونراوە “شۆڕشی سۆسیالیستی” لەکاتێکدا بەپێی پێناسە شۆڕشی سۆسیالیستی دەبێت مانایەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، هزری، ئینجا سیاسی هەبێت و دامەزراندنی شێوەیەکی تر لەژیان و بەها، وە کەلتوورو شارستانیەتێکی نوێ بێت."
بەڵام وتارەکەی من بە پێچەوانەی ئەم ئەنجامگیریەی هاوڕێ علی یەوەیە، کە گوایە لای ئێمە شۆڕشی سۆشیالسیتی بریتی بێت لە "ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە حاکمەوە بۆ مەحکوم، بەدەسەڵاتگەیشتنی چینی کرێکارە بەهەمان تێگەیشتنی باو".
من لەو تارەدا هەمان ڕەخنەم لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ و " تێگەیشتنی باو" هەیە کە هاوڕێ عەلی باسی دەکا و بەڕۆشنی دەڵێم: "ئەم دوو ڕەوتە زاڵەی سەدەی بیست ، سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزم، ناوەرۆک و بەرنامەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاریان گۆڕی بە کۆنسێپتی شۆڕشی گرتنە دەستی دەسەڵات، چ لە ڕیگەی پەرلەمانی سۆشیال دیموکراسیەوە بێت، وە یان لەڕێگەی شۆڕشی سیاسی بەسەر پەرلەمانتاریزمدا و دروستکردنی دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی لە ژێر ناوی شوراییدابێت. دەسەڵاتی دەوڵەت و چەند ریفۆرمێکی ئابوری و ئازادیە سیاسیەکان بونە مۆدێلی سیستمێکی جێگرەوەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی. شۆڕشی کرێکاری چیتر وەک هەمان خەباتی ڕاستەوخۆی چینایەتی کرێکاران سەیر نەکرا و حسابی لەسەر نەکرا، بەڵکو بوە پاشکۆی شۆڕشێکی سیاسی، کە حزبێکی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی، لەهەر دەورەیەکدا کە ڕوداو و کودەتا و ئەزمەی سیاسی دروست دەبێ، دەیکاتە دروشم و بەرنامەی فەوری و دەست بەجێی عەمەلی و مۆدێلی جێگرەوەی سەرمایەداری. ئەمە کۆنسێپت و ڤێرژنی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوو لە شۆڕشی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، کە لە ئێستاشدا لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا درێژەی هەیە، کە مۆدێلێک وجۆرێک لە کۆمەڵگەی سیاسی و ئابوری و شۆڕش و بەرنامەی خستۆتەڕوو."
*4 بەڕای من گۆڕینی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی زۆر جار لە ئەنجامی شکستی سیاسی یان سەربازی حکومەتێکی بورژوازیدا ڕودەدا و تەنانەت لە هەڵبژاردنیشدا ئیمکانی ڕودانی هەیە و هەبوە، ئەگەر حزبێکی کرێکاری لەم کاتانەدا هێزی هەبێ دەتوانێ جێگای حکومەت و دەسەڵاتی حزبە بورژوازیەکان بگرێتەوە و دەتوانێ دەسەڵاتێکی سیاسی تاک حزبی یان نوێنەرایەتی و پەرلەمانی و یان شورایش دابمەزرێنێ، بەڵام مانا و ناوەرۆکی شۆڕش لێرەدا بەرتەسک و قەتیس کراوەتەوە بە گۆڕانی ئەوەی پێی دەڵێن سەرخانی سیاسی و دەسەڵات نەک سیستمی سەرمایەداری. هەربۆیە ئێمە کاتێک باسی پرۆسەی شۆڕش دەکەین باسی تەنیا شۆڕشێکی سیاسی و گۆڕانکاری سیاسی ناکەین، بەڵکو باسی پرۆسەی گۆڕینی سیستمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری پێکەوە دەکەین کە سیستمی سەرمایەداریە.
ئەوەی ناڕۆشنە لای هاوڕێ عەلی ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتی سیاسی دەگۆڕی و گۆڕینی دەسەڵات چ جێگایەکی لە خەباتی سیاسی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازادی جیا لە سەرمایەداری هەیە؟
هاوڕێ عەلی لە چوارچیوەی قسەیەکی گشتی ئەم مەسەلەیە دەهێڵێتەوە، کە دەڵێ: "(بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات) وەک پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤ، لەبنەڕەتەوە نادرووست و ناپەیوەندیدارە، ئەوە تێرم و چەمکی سیستەمی باوە، ئەصڵ ئەوەیە دەسەڵات و سیستەمی ئێستا بگۆڕێت و بەجۆرێک رێکیبخرێتەوە کە خەڵک بەگشتی بتوانێت رۆڵی تێدا ببینێت و بەشدار بێت تیایدا، سودی گشتی هەبێت و ستەمکاری بەرهەم نەهێنێت، نەک کۆمەڵێکی نوێ بچنە دەسەڵات، جا حیزبێک بێت یان چێنێک."
ئایا بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات بۆ نادروستە؟ چۆن دەتوانی دەسەڵات بگۆڕی ئەگەر دەسەڵات بەدەستەوە نەگری؟ ئەگەر بورژوازی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە چۆن دەتوانی سەرمایەداری بگۆڕیت؟ ئایا ڕێبازی سۆشیال دیموکراتی دەگرینەبەر بۆ ڕیفۆرمی دەسەڵاتی سیاسی بورژوازی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە؟ چۆن " دەسەڵات و سیستەمی ئێستا بگۆڕێت و بەجۆرێک رێکیبخرێتەوە " بە بێ ئەوەی بورژوازی لە دەسەڵات بخرێت ؟
هاوڕی عەلی ئاشنایەتی لەگەڵ بۆچونی من لەم بارەوە هەیە، کە لە کتێبی "کۆمۆنیزمی نوێ"
*5 دا باسم کردوە و تەجروبە و ئەزمونی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیام وەک گەشەی سیاسی چینی کرێکار لێکداوەتەوە. لەهەمان کاتیشدا ڕەخنەم لە مۆدێلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیەکان، کە دیکتاتۆری حزبیە گرتوە و بێگومان ئەمە مۆدیلی سیاسی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی نیە. لەسەر چۆنیەتی ئەم دەسەڵاتە ئیداری و سیاسیەی کرێکاران و هاوڵاتیان دوای شۆڕشی سۆشیالیستی پێویستی بە باس و لێکۆڵینەوەی زیاترە کە پێویستە کۆمۆنیست و کرێکاران ئەنجامی بدەن. بە ڕای من گرتنی دەسەڵات لەلایەن کرێکارانەوە تەنیا سەرەتای شۆڕشە بەسەر سیستمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دادوەری و یاسایی و پەروەردە و فەرهەنگی سەرمایەداریدا، کە زۆر زیاتر و فراوانترە لەوەی سیستمەکە تەنیا دەزگای سەرکوتی دەوڵەتی بێت. ڕای کۆمۆنیستی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت ڕۆشنە کە گرتنە دەستی دەسەڵات بەمانای تێکشکاندنی دەزگای دەوڵەت و سوپای پیشەیی و بیرۆکراتیزمی بورژوایی یە نەک هێشتنەوەیان ،وە دامەزراندنی سیستمێکی جیاوازی سیاسی و ئابووری کە بەشداری هەرەوەزیانە و هاوبەشی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر بکات .
من هاوڕاییم لەگەڵ هاوڕێ علی دا هەیە لەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی نوێ یە، نەک تەنیا گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی بێت و دەبێ سیستم بگۆڕین، بەڵام من پێم وایە ئەمە دوو لای یەک هاوکێشەی شۆڕشی سۆشیالیستیە. بەبێ گۆڕینی سەرجەم سیستمەکە ناتوانین باس لە گۆڕینی دەسەڵات بکەین، وە بەبێ گرتنە دەستی دەسەڵاتیش ناتوانین سیستمی سۆشیالیستی دامەزرێنین. شۆڕشی سۆشیالیستی پرۆسەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنەی هاوئاهەنگە و ناتوانین بەشەکانی لەیەکتر داببڕین، لەبەر ئەوەی ئەم شۆڕشە دەیەوێ سیستمێکی سەرتاپاگیر و هەمەلایەنەی جیاواز لە سیستمی سەرمایەداری ئێستا بێنێتە ئاراوە، کە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بگرێتەوە و کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی بنیات بنێت.
بۆ ڕۆشنکردنەوەی جیاوازیەکانمان بابچینە سەر وردەکاریەکان، دەردی دەڵێن "شەیتان لە وردەکاریەکەدایە".
چ تێگەیشتنێکمان لە سەرمایەداری هەیە؟
کێشەی وتارەکەی هاوڕێ عەلی لەوەدایە کە سیستمی سەرمایەداری وەک سیستمێکی گشتگیر سەیر ناکات، کە ناوەرۆکی ئەم سیستمە لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی هێزی کاری کرێکاران بە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایە و دەسەڵاتی چینی بورژوازیەوە دامەزراوە. ڕەخنەی زۆری هاوڕێ عەلی ئەوەیە کە کرێکار لای ئێمە میحوەری و سەرەکیە و پیرۆزکراوە. هۆکاری ئەم جیاوازیەمان ئەوەیە کە تێگەیشتنی جیاوازمان لە سەرمایەداری و ڕۆڵ و جێگای چینی کرێکار لەم سیستمەدا هەیە.
ئەو دەڵێ : "کۆمەڵگای ئێستا سیستەمی سەرمایەداری بەگوێرەی قازانج و بەرژەوەندی کەمینەیەک رێکیخستتوە، بەشێک لە مرۆڤەکان لەڕێگای کڕینی هێزی کاریانەوە دەچەوسێنرێنەوەو بەشێکیش لەرێگای پەراوێزخستن و لێسەندنەوەی مافی کارکردن، وە جیاوازی (رەگەزی، نەتەوەیی، نیشتمانی، ئاینی، تەمەن، ئاستی ژیان و گوزەران، رەچەڵەک، پلەبەندی کۆمەڵایەتی و وەزیفی) ستەمیان لێدەکرێت.
ئەوەی پێویست و گرنگە نەمانی ئەو ستەم چەوساندنەوەیە، کە جگە لە ستەمکاران و چەوسێنەران، هەمووان بەرژەوەندییان تیایدا هەیەو لە گۆڕین و بەرەنگابوونەوەیدا دەتوانن بەشدارو چالاک بن، ئەگەر بەشێک لەوان بە ناوی “چینی کرێکار” جیابکرێتەوە نابێتە هۆی بەخشینی هێز، بەڵکو تواناکان پەرت و ریزەکان کەرت دەکات، بۆیە باشترە ناوێکی گونجاوتر بەکاربێت کە چەوساوەو ستەملێکراوان کۆبکاتەوەو گوزارشت بێت لە ( هێزی کار – کارکەران – شغیلە). وە بەرەنگاری و تواناکانی ئەوان بۆ ئەو ژیانە نوێیە رێکبخرێت و بە سیاسەت و باوەڕی ئازادیخوازی و ژیانخوازی پەروەردە بکرێت، گرنگی مارکس و ئەنتەرناسیونالی یەک لەوەدابوو کە بەوشێوەیە بکەری گۆرانکاری سەردەمی خۆیان دەستنیشانکرد."
لێرەدا وانیشاندراوە کە سەرمایەداری ئەم سەردەمەی ئێمەدا دوو جۆر لە سیستمی چەوسانەوەی هەیە، یەکەمیان چەوسانەوەی ئابوری بەرامبەر بە کرێکاران و دووەمیان چەوساندوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە چین و توێژی جیاجیای تر. بەڵام بۆچی سەرمایەداری دەتوانێ ئەم ستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بکا؟ بۆچی دەتوانێ ستەمی ئابوری لە کرێکار بکا؟ پەیوەندی ئەم دوو ستەمە لەگەڵ یەکترداچیە ؟
تێڕوانینی هاوڕێ عەلی لە ناوەرۆک و یاسای سەرەکیەکانی سیستمی سەرمایەداریەوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکو لە دیاردە و دەرکەوتەکانی ئەم سیستمەوە سەرنج دەدا، کە جگە لە کرێکاران سەرمایەداری ستەم لە خەڵکی تریش دەکات و ئەم چین و توێژانەی تریش بەرەنگاری سەرمایەداری دەبنەوە و ناڕازین. هەربۆیە لای هاوڕێ عەلی، لە دنیای ئەمڕۆدا بکەری شۆڕش چینی کرێکار نیە، وەک مارکس لەسەدەی ١٩ وتویەتی، بەڵکو "بەرەنگاری و تواناکانی هەموو ئەو چەوساوانە بۆ ئەو ژیانە نوێیە رێکبخرێت و بە سیاسەت و باوەڕی ئازادیخوازی و ژیانخوازی پەروەردە بکرێن".
ئێمە بۆ ئەوەی لە شۆڕش و بکەرەکەی تێبگەین سەرەتا پێویستمان بە تێگەیشتن و ناسینی یاساکانی سیستمی سەرمایەداریە کە دەمانەوێ بیگۆڕین، تاکو بزانین چ یاسایەک لەناو ئەم سیستمەدا کاردەکا کە شۆڕش و گۆڕانکاری دەکاتە پێویست و ئەو هێزانە کێن کە دەتوانن ئەم سیستمە بگۆڕن؟.
خاڵی سەرەکی لەسەرمایەداریدا ئەوەیە کە بەهۆی خاوەندارێتی تایبەتی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە هەموو ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری لە دەوری گەشە و کەڵەکەی سەرمایە و بەدەستهێنانی زێدەبایی ڕێکخستوە. ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە بە شێوەی یاسا و دەوڵەت و سیاسەت و موڵکایەتی ئابوری و کەلتور و فەرهەنگی چەوسانەوە و بێ مافی و لە شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕەگەز و جێندەر و نەتەوە و ئیتنیک و زۆربەی بوارەکانی ژیاندا سەپێنراوە و پارێزراوە. هەربۆیە شێوازی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی تەنیا لەسەربنەمای پەیوەندی کۆیلایەتی چینی کرێکار، کە بەشی زیندوی ئەو هێزە بەرهەمهێنەیە، دەتوانێ درێژەی پێبدرێ و بپارێزرێ.
کرێکاران چینێکی سەرەکین لە سیستمی بەرهەمهینانی سەرمایداریدا و خاوەنی شێوازێکی کۆمەڵایەتی و پێکەوەگرێدراون لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا و هەربۆیە هێز و جێگای ئەم چینە لە سیستمی سەرمایداریدا دیاریکەر و بڕێنەرەوەیە بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایە. لەسەدەی ٢١ دا سەرمایەداری شێوازی بەرهەمهێنانی خۆی کردۆتە تاکە شێوازی بەرهەمهێنان و بازاڕی جیهانی و یاساکانی کەڵەکەی سەرمایەی سەپاندوە بەسەر هەموو ئاستەکانی ژیاندا لەهەموو وڵات و ناوچەیەکی جیهاندا. ئەم جێگە تایبەتەی چینی کرێکار کە تەواوی سیستمی سەرمایەداری لەسەر ڕادەوەستێ وا دەکا کە شۆڕش بۆ کۆتایی هێنان بەم سیستمە بە پراتیک و ئاستی ئاگایی و ڕێکخراوەیی ئەم چینەوە گرێ بدرێ.
هاوڕێ عەلی دەڵێ "گرنگی مارکس و ئەنتەرناسیونالی یەک لەوەدابوو کە بەوشێوەیە بکەری گۆرانکاری سەردەمی خۆیان دەستنیشانکرد."
بەڵام ڕاستیەکەی مارکس کرێکاری وەک بکەر تەنیا بۆ سەدەی ١٩ دیاری نەکردوە، ئەو جێگای بکەر و شۆڕشگێڕی کرێکاری لە سیستمی سەرمایەداریدا وەک سیستمێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکردوە بەپێی ناسین و سەلماندنی زانستی یاساکانی کارکردنی ئەم سیستمە. هەربۆیە ئەو بنەما و یاسایانەی سەرمایەداری بۆ سەدەی ٢١ یش ڕاستن، هەرچەند گۆڕانیان بەسەردا بێت. وەک چۆن یاسای کێشکردنی نیوتن هەمیشە ڕاستە هەرچەند دۆزینەوەی تری وەک تیۆری ڕێژەیی ئەنشتاین زانستی فیزیای گەیاندبێتە ئاستێکی باڵاتر.
باسی مارکس لەسەر چینی کرێکار، "کە بۆ چینێکە ئەرکی گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری لەسەرە؟" ، لە باسی کرێکارانی بەشی پیشەسازی و کارگەکانەوە نیە، کە لەبەرئەوەی ئەمانە لە شوێنی کاردا ڕیکخراون دەتوانن شۆڕش بکەن. وە لەبەرئەوەی لە ئێستادا ئاڵوگۆڕ بەسەر چۆنیەتی دابەشبونی کرێکاران بەسەر بەشەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایەدا هاتوە لە سەدەی ٢١ دا ئیتر ئەم چینە شۆڕشگێڕ نەماوە یاخود لە ڕیزی دواوەوەی شۆڕشە. لێکدانەوەی مارکس بریتیە لەوەی چینی کرێکار لە سیستمی سەرمایەداریدا بنەمای مانەوە و گەشەی سەرمایەیە، وە لە چالاکی نێوخۆی ئەم سیستمە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی سەرمایەداریدا چینەکان پێک دێن و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ و ناکۆکیەکانیان دەگاتە ئاستی قەیران و شۆڕش. هەربۆیە تێگەیشتنی دروست لە پرۆسە و یاساکانی سیستمی سەرمایەداری دەمان گەیەنێتە تێگەیشتنی دروست لە دەوری چینەکان و شێوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەرکەوتنیان و چالاکیان و بەرنامەیان بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
چینی کرێکار لێرەدا بەهۆی دەوری لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایەدا شێوازێکی نوێ بۆ پەیوەندی هەرەوەزی لە بەرهەمهێناندا دروست دەکا، کە سەرمایەداری دەبێتە ڕێگر لەبەردەمیدا تاکو بتوانێ وەڵامی پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بداتەوە و لە قەیران و بێکاری و شەڕ و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تری ئەم سیستمە ڕزگار بکا. ئەمە هیچ پشتی نەبەستوە بە تەقدیس و پیرۆزکردنی کرێکار و کردنی بەزۆر بەسەنتەر و وتنەوەی دەقی قسەی مارکس، بەڵکو ئەمە ڕاستیەکی زانستی و تاقیکراوەی دوو سەدە لە ژیانە لەسایەی سەرمایەداریدا.
گلۆباڵیزم و چینی کرێکار لە ئێستادا
هاوڕێ عەلی گۆڕانکاری ئێستای سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و گلۆباڵیزم وا دەخوێنێتەوە کە ئیتر کرێکار دەوری سەدەی ١٩ نەماوە و بکەری شۆڕش نیە، ئەو دەڵێ" گڵۆباڵیزم بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە."
"ئەگەر رەخنەیەک و پێداچوونەوەیەک بە پێشوودا پێویستە، کرێکارانیش لەوە بەدەر نین و بەشێک لەوەی پێویستە پێیدابچینەوە ئەو رۆڵ و ئەرکەیە کە لێیان داوادەکرێت و ئەوان دەرەقەتی نایەن."
"بزووتنەوەی کرێکاری.. بە زاڵبوونی نیولیبراڵیزم زیاتر چۆتە دواوە. ئەم ڤێرژنە نوێیەی سەرمایەداری،. کرێکاران و بگرە بەشێکی بەرچاو لە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانیشی لەگەڵ خۆی هەڵپێکا. شێوەژیانی سەرمایەداری بەناو ژیانی هەموواندا بڵاوبۆوە، بەبێ ئەوەی بەرگری و بەرەنگارییەکی توند بەرامبەری هەبێت، ئەوەی کە بەرەنگاری دەکات زۆرتر پەراوێزکەوتووەکان و لایەنگرانی ئازادین."
بەشداری سیاسی کرێکاران و شۆڕشی کرێکاراران وەک پرسێکی گشتی "دەبینین چووەتە پەراوێزی رووداوە سیاسیەکان و گۆڕانە ئابووریەکانەوە، بەپێچەوانەی لاوان و ژنان و بێکاران و بێبەشان و پەراوێزخراوان، کە سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن."
گلۆباڵیزم و نیولیبرالیزم و شۆڕشی تەکنەلۆژی و زانیاری دەستکرد ئاڵوگۆڕی لە ئاستی بەرهەمهێنان و ئاستی کەڵەکەی سەرمایە کردوە و زۆربەی کۆمەڵگەی کردۆتە کۆیلەی کاری بەکرێ و لە موڵکایەتی دایماڵیون و قەڵشتی نێوان سەرمایەداران و کرێکارانی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە تا ئێستا بە ئاستێک گەیاندوە کە پێشینەی نەبوە لە نایەکسانیدا. هەربۆیە ناساندن و پێناسەی کرێکار و دەوری ئەم چینە؛ تەنیا وەک کرێکاری پیشەسازی و کارگەکانی سەدەی ١٩ و حزب و سەندیکاکانی سەدەی ٢٠ تێگەیشتنێکی دروست نادات بەدەستەوە. بەتایبەت ئەگەر لە شوێنێکی وەکو کوردستانەوە سەیری ئەم چینە بکەیت و بیکەیتە پێوەر بۆ ناسینی چینی کریکار، ئەوا ناتوانی تەنیا بەدوای ژمارەی کارگە و کرێکاری پیشەسازیدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی بزانی ئەم چینە ڕێژە و ژمارەی چەندە. هەربۆیە وەک لە سەرەتاوە وتم "چینی کرێکار و جێگا و خەباتی ئەم چینە وەک دیاردە و فاکتی گلۆباڵ و بەشێک لە سیستمێکی جیهانی سەرمایەداری سەدەی ٢١ سەیردەکەین".
ئەمڕۆ گۆڕانکاری گەورە بەسەر ڕێژە و ژمارە وشێوە و پێکهاتە و دابەش بونی چینی کرێکاردا هاتوە، بەهۆی گەشەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە وگلۆباڵ بونی زنجیرەی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی بەشەکانی سەرمایە و دەوری سەرمایەی مالی دا ، وە هەروەها بەهۆی دابەشبونی جیهان بە پێی پێداویستیەکانی بازاڕ و دەسەڵاتی سەرمایەدا و کاریگەری هێڕشەکانی نیولیبرالیزم بۆ لێسەندنەوەی مافە ئابوری و ڕیکخراوەییەکانی کرێکاران و زیادبونی بێکاری و هتد.. ئەمانە هەموو گۆڕانکاری گەورەی لە ژمارە و پیکهاتەی ئەم چینە سەرەکیەی کۆمەڵدا و جێگای ئەم چینە و ئاستی خەباتە چینایەتیەکەیدا کردوە.
سەرمایەداری وەک سیستمێکی ئابوری و سیاسی دینامیکیەتێکی گۆڕان و خۆگونجاندێکی گەورەی هەیە، کە ئەمە لە سیستمەکانی پێشووی دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتیدا نەبینراوە، ئەویش بەهۆی یاسای پێشبڕکێی ناوخۆی سەرمایەدارانەوە بۆ کەڵەکەی ڕانەوەستاوی سەرمایە و فشاری دانەبەزینی ڕێژەی قازانج و زێدەبایی. ئەم یاسایە کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی بەردەوام لە ململانێ و شەڕی سیاسی و ئابوریدا ڕاگرتوە. لە قۆناغی پیشەسازی سەدەی ١٩دا پرۆسەی گەشە و کەڵەکەی سەرمایە کرێکارانی لە کارگە و پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانیەکاندا کۆکردبۆوە و زەمینەی ڕیکخراوبونی سەندیکایی و هەرەوەزی کرێکاران لێرەوە سەری هەڵدا. دوای دوو شەڕی جیهانیش دیسان سەرمایە پێویستی بەدەورەیەکی تری کەڵەکەکردن بوو، کە لە جەنگدا ئاستەکەی هاتبوە خوارەوە، لە ڕێگەی بەشداری دەوڵەت لەبازاڕ و پلان داناندا ئەمەش ڕێگەی بۆ چونە سەری ئاستی کرێ و باشبژێوی کرد و ئاستی ڕێکخراوبونی کرێکاران و خەباتی ئابوری گەشەی زیاتری کرد. هاوکاتیش بەهۆی شۆڕشە کرێکاریەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ و دروستبون و گەشە حزبە سۆشیال دیموکرات و کۆمۆنیستەکانەوە ئاستی خەباتی سیاسی کرێکارانیش فشاری بەردەوامی لەسەر دەوڵەتە بورژوازیەکان دانابوو. گلۆباڵیزم و نیولیبرالیزم لەسەر زەمینەی هێرشی بورژوازی بۆ بڕینی ئەم بەشە لە زێدەبایی بۆ خزمەتگوزرای و کرێ و بیمە کۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران و بەرتەسکردنەوەی مافە سیاسی و ئابوریەکانی کرێکاران، وە هەروەها بەهۆی ڕوخانی سۆڤیەتیشەوە، توانی هێرشێکی گەورەی فکری و سیاسی دژی بیروباوەڕی کۆمۆنیستی بەرپابکا و هەژمونی ئایدیۆلۆژی پۆستمۆدێرن و تاکگەرایی بسەپێنێ. ئەمەش دۆخێکی سیاسی و ئابوری و فکری قورس و ئاڵوزی بۆ خەباتی سیاسی و فکری کرێکاران دروستکرد. هەربۆیە بەپێی هەریەک لەم قۆناغانەی گەشە و پێویستیەکانی سوڕی سەرمایە ئالوگۆڕ لە بارودۆخی چینی کرێکار و زەمینە و ئامڕازەکانی خەباتی چینایەتیدا ڕویداوە. ئەمە بۆ دەورانی ئێستاش ڕاستە کە گۆڕانکاری گەورە ڕویداوە و بەردەوام لە گۆڕانیشدایە و ئەمەش دۆخێکی ئاڵوزی دروستکردوە، کە پێویستی بە لێکدانەوەی زانستی و تێگەیشتنە لە پرۆسەی گۆڕانکاریەکان.
ئەم واقعیەتەی جیهانی نیولیبراڵی ئەمڕۆ بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و دژی کاپیتالیستی قورساییەکی زۆری لەسەر بیر و پراتیکیان داناوە، وە بوەتە مایەی ناڕۆشنی و نەبونی ئەلتەرناتیڤی ئاکتیڤی سیاسی و جەماوەری بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشە ئابوری و سیاسی نیولیبرالیزم لە ئاستی جیهانی و دەوڵەتەکاندا، کە لە نیو سەدەی ڕابردودا کراوەتە سەریان. ئەمە هۆکاری لاوازی و پاشەکشەی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوبونی سیاسی و جەماوەری و فکریەتی، نەک ئەوەی هاوڕێ عەلی دەڵی کە " گڵۆباڵیزم بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە."ئەو رۆڵ و ئەرکەی لێیان داوادەکرێت و ئەوان دەرەقەتی نایەن."لاوان و ژنان و بێکاران و بێبەشان و پەراوێزخراوان، کە سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن."
بەپێچەوانەوە کاریگەری گەورەی چینایەتی گلۆباڵیزم ئەوەیە کە لەماوەی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٣، واتە لە سی ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی کرێکارانی لە ٢.٢٣ ملیارەوە بۆ ٣ ملیار و نیو زیادی کردوە.
*6 زیادبونی ئەم ڕێژە گەورەیە لە چینی کرێکار چۆن سەنگی ئەم چینە لە خەبات و شۆڕشدا کەم دەکاتەوە و ئەوان لە بکەری شۆڕشەوە دەکاتە چینێکی لاوەکی لەپاڵ ئەو چینانەی تردا کە"سەرمەشق و نووکی شۆڕشن"؟ ئیتر چۆن دەکرێ لەسایەی ئەم گەشەی ژمارەی چینی کرێکاردا و بونی بە چینی سەرەکی کۆمەڵگەی جیهانی، کە بەراورد ناکرێ بە ژمارەی هیچ چینێکی تری چەوساوەی دنیای ئەمڕۆ، دەتوانین بڵێین "گڵۆباڵیزم بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە"؟ ئایا چ چینێکی تر بەم ڕادەیە ژمارەی گەشەی کردوە؟ سەرەڕای ئەم فاکت و ئامارە ڕاستەقینانەی گەشەکردنی ئەم چینە چۆن دەیسەلمێنین کە بکەر و گۆڕانکاری شۆڕش لەم چینەوە گواستراوەتە بۆ چینەکانی ترو ئەوان ئێستا سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن؟ ئایا لاوان و بێکاران وبێبەشان و پەراوێزخراوان خۆیان بەشێک نین لەو چینە کرێکارە و بەشێک لەو ژمارە یەک ملیار کرێکارانە نین، کە لەم ٣٠ ساڵەدا بونەتە کرێکار و ئێستا بێکارن یان کاری کاتی و پریکاریەتیان هەیە و بیمەی بێکاریان لێ بڕاوە یان کرێیان لەم ٣٠ ساڵە لە شوینی خۆیەتی و هەموو پێداویستیەکانی ژیانیان گرانتر بوە و خزمەتگوزاریەکانیان بەهۆی سیاسەتی لێبڕینی نیولیبرالیزمەوە نەماوە؟
سەیری گەشەی کەڵەکەی سەرمایە و دابەشبونی چینایەتی کۆمەڵگەبکەین لەم ٣٠ ساڵەدا دەبینین کە گەشتۆتە چ ئاستێک. ئێستا ١٪ سەرمایەدارەکان خاوەنی ٤٣٪ سەرمایەی پوڵین و ٥٠٪ کرێکاران و هەژارەکان خاوەنی ١٠٪ سامانی جیهانن. ١٥ دەوڵەتی دەوڵەمەندی جیهان کە خاوەنی ٨٤.٣٪ ی سامانی دنیان ، بەڵام ١٨٠ دەوڵەتی تری جیهان تەنیا خاوەنی ١٥،٧٪ ئەم سامانەن.
*7 ئەم دابەشبونە گەورە چینایەتیەی جیهان چۆن دەوری چینی کرێکاری لە جیهاندا کەم کردۆتەوە لە چاو سەردەمی مارکسدا کە ژمارەی کرێکاران ١٠٠ ملیۆن بوبێت و هێشتا سەرمایەداری لە زۆربەی جیهاندا سیستمی زاڵ نەبوبێت؟ (من لێرەدا لەسەر گۆڕانی پێکهاتەی چینی کرێکار و سەرمایە قسەناکەم چونکە وتارەکەی هاوڕی گۆنا سعید ئەم بابەتەی بە دریژی باسکردوە).
*8 لەبەرئەوەی لە زۆربەی جیهاندا سەرمایەی مالی و دەوڵەتە زلهێز و کۆمپانیا مۆنۆپۆلیەکان دیاری دەکەن کە سەرمایە لە کوێدا دەخەنەکار کە زۆرترین زێدەبایی و قازانج بەدەست دەهێنێ و بەم پێیەش بەشێکی زۆر لە هێزی کاری کرێکاران بێکارن و لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین. هەربۆیە لەو "١٨٠ دەوڵەتی تری جیهان تەنیا خاوەنی ١٥،٧٪ ئەم سامانی جیهانین" دەبینین ژمارەی بێکاران و لاوان و ژنانی هەژار لەو پەڕی هەژاریدان و ناچارن بۆ مانەوە دەستبدەنە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە دژی دەوڵەتە سەرکوتگەر و گەندەڵە سەرمایەدارەکانی ئەم بەشە هەژارەی جیهان. ئەمانە هەمان ئەو بەشە لە کرێکاران کە هاوڕێ عەلی پێیان دەڵێ ""لاوان و ژنان و بێکاران و بێبەشان و پەراوێزخراوان، کە سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن." بەڵام ئەمە نیشانەی گۆڕانی بکەری شۆڕش نیە، بەڵکو ئەمە خۆی بەشێک لەو خەباتە چینایەتیەی ئەم توێژانەی هەمان چینی کرێکار نیشان دەدا.
لە گۆشەیەکی تریشەوە ئەگەر سەیری دنیای ئەمڕۆ بکەین دەبینین کە نیولیبرالیزم و سەرمایەداری تەنیا سیستمیکی ئابوری نیە، بەڵکو سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیشە، کە لە ڕێگەی دەوڵەت و کەلتور ودین و دابەشکردنی کۆمەڵایەتیەوە، کۆمەڵگەیان بەشێوەیەک ڕێکخستوە کە ئەم چینە چەند میلیارد کرێکارەیان بەشێوازی جیاجیا دابەشکردوە وناکۆکی و پێشبڕکێیان لە نێویاندا دروستکردوە. هەربۆیە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی نیولیبرالیزم و دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ناڕەزایەتی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هەیە. بەپێی وڵاتەکان پێکهاتەی بەشداریکەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە جیاوازن. بۆ نمونە لە بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمریکا کرێکاران بەشی زۆری بەشداربوانی مانگرتنەکان و خۆپیشاندانەکانن. لەوڵاتانی تر وەک لە کوردستان، کە کرێکاران لە شوێنی کاری پەرژوبڵاودان، وە یاخود کرێکارانی بەشە گرنگەکان ناڕێکخراون وەک بەشی نەوت و چیمەنتۆ و ئاسن لە کوردستان، ئەم بەشانە هێزی سەرەکی ناڕەزایەتیەکان نین، بەڵکو وە بەشێکی زۆری زیاتر ١٥٪ ی کرێکاران بێکارن و لەگەڵ مامۆستایان وفەرمانبەران و کرێکارانی بەشە خزمەتگوزاریەکان بەرامبەر بە نەبونی موچە و گرانی و نەبونی خزمەتگوزاریەکان بەردەوام لە بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان.
بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی چینی کریکار و توێژە هەژارەکان لە کوردستان دەبێ سەیری جێگای تایبەتی ئەم هەرێمە لە سیستمی جیهانی سەرمایەداریدا بکەین. لە نیوەی سەدەی بیستەوە نەوت بوەتە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنان لە عیراقدا، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگە و دەوڵەت و خەباتی چینایەتی و ئابوری سیاسی عێراق داناوە. سیاسەتی نیولیبراڵیزمی هاریش لەسەر دەستی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ ەوە، کوردستان و عێراقی لکاندوە بە بازاڕی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانیەوە لە ڕێگای کۆمپانیا مۆنۆپۆلیەکانەوە، کە سەرمایەیەکی زۆری بۆ دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی کەڵەکەکردوە. هەربۆیە کاتێ دێینە سەر واقعی چینایەتی لە کوردستان دەبێ لێکدانەوەیەکی زانستی لەسەر ئەم پێکهاتەی چینی کرێکار بدەین و هەرچەند کوردستانیش پەیوەستە بە بازاڕی سەرمایەی جیهانی و لە پەیوەندیەکی پشت بەستندایە بە بازاڕی نەوت و حساباتی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی حەساسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەندی سیستمی میلیشیایی و بنەماڵەیی و عەشیرەتیەوە، بەڵام وەک هەر بەشێکی تری جیهانی سەرمایە لەژێر ڕکێفی هەمان یاسا گشتیەکانی ئەم سیستمەدایە و بەشێکی جیانەکراوەیە لێی. هەر بۆیە ئاسۆ و شێوازی خەبات و شۆڕشی سۆشیالیستی لەکوردستان و هەڵسەنگاندنی هێزە چینایەتیە بەشدارەکان و جێگای چینی کرێکار و ناسینی تایبەتمەندی و شیوەی دەرکەوتنی ئەم چینە دەبێت لێکۆڵینەوە و خویندنەوەی زانستی بۆ بکرێت. بەڕای من بەتایبەت لەم وڵاتانەدا لەپاڵ کرێکارانی لەسەر کار بەشێکی گەورەی فەرمانبەران و لاوان و کەم دەرامەتەکان و ژنان بەشێکن لە چینی کرێکار، کە بە شێوازی جیاجیا لەلایەن سیستمی سەرمایەداریەوە ستەم و فشارێکی زیاتریان لەسەر بێت و لە بەرامبەردا ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەمانە هەمووی بەشەکانی ناڕەزایەتی چینێکن کە پێویستی بە هاوئاهەنگی و یەکگرتوکردن و سەراسەری کردنەوە و جیهانی بونەوەیە.
شۆڕشی سۆشیالسیتی لە سەدەی ٢١ دا
ئەزمونی مێژوویی ئەم دوو سەدەیەی ڕابردوو و هەروەها تەجروبەی ئەم دوو دەیەی ڕابردوو لە بەهاری عەرەبی و ١٧ شوباتی کوردستان و داگیرکردنی وڵ ستریت و ناڕەزایەتیەکانی دژی جەنگ، ئەوەی سەلماندوە کە کۆتایی هێان بەسەرمایەداری و نەهامەتیەکانی نە بە تەنیا بە حزبی پێشڕەو دەکرێ و نە تەنیا بە بزوتنەوەی خوێندکاران و ژنان و بزوتنەوەی دژی ڕەگەزپەرستی و پاراستنی ژینگە و بزوتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی و دیموکراتی سیاسی و هتد..، بەڵکو بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و کۆتایی پێهێنانی چەوسانەوەی ئەم سیستمە چینی کرێکار و بزوتنەوە سیاسیەکانی لە ڕێگەی یەکگرتوکردن و هاوئاهەنگ کردنی هەموو هەوڵەکانیەوە دەتوانێ ئەم کارەبکات، چونکە هێزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەژێر دەستیدایە و توانای وەستاندنی ئەم سیستمەی هەیە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەی سەدەی ٢١ نەیتوانیوە سەرمایەداری بگۆڕێت؟
ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی منە لە تیڕوانیندا بۆ پرۆسەی شۆڕشی شۆشیالیستی ئەوەیە کە؛ کاری شۆڕش گۆڕینی پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیە لە نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگەدا، کە پەیوەندی کاری کرێ گرتەیی کرێکارانە بۆ سەرمایەداران. شۆڕشی سۆشیالیستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەیە لە هەمووبوارەکانی یاسا و دەوڵەت و سیاسەت و موڵکایەتی ئابوری و کەلتور و فەرهەنگی چەوسانەوە و لە شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕەگەز و جێندەر و نەتەوە و ئیتنیک و زۆربەی بوارەکانی ژیاندا. چەوسانەوەی ئابوری کرێکاران تەنیا بەشێک، هەرچەند بنەڕەتیە، لەسەرجەم ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە چەوسێنەرانە نیشان دەدا کە بورژوازی سەپاندویەتی و دەیپارێزێ و درێژەی پێ دەدا. ئەمە سیستمێکی گشتگیری ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریە کە لەسەر بنەمای کۆیلایەتی کرێکاران بۆسەرمایەداران، چینی بورژوازی توانای مادی و مەعنەوی پەیدا دەکا تاکو بتوانێ هەموو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەش بخاتە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی خۆی. هەربۆیە هیچ کاتێک بەرژەوەندی چینی کرێکار لە جیاکردنەوەی ئەم مەیدانانەی خەبات دژی سەرمایەداریدا نیە و خەبات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاران واتە کۆکردنەوەی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانە و ئاراستەکردنیان بەرەو ستراتیژی کۆتایی هێنان بەسەرچاوەی هەموو ستەمە ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتیەکان کە سیستمی سەرمایەداریە. پرۆسەی شۆڕش و گۆڕانی ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە خۆی بەنێو زنجیرەیەکی لێک هەڵپێکراوی خەباتی بەردەوامی ئاشکرا و نهێنی ڕۆژانە و مێژووییدا تێپەڕ دەبێت. کاری کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە ئامانج و ستراتیژی ئەم شۆڕشە بەردەوامە، کە گۆڕینی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری و ئەو کۆڵەکانەیە کە لەسەری وەستاوە، هەمیشە بخەنەوە پێش چاووی ئەم بزوتنەوە مێژووییەی کرێکاران.
جیاوازی نێوان هاوڕێ عەلی و ئەم بۆچونانەی من لەوەدایە کە ئەو بەگشتی خوازیاری نەمانی چەوسانەوەیە، بەڵام چۆنیەتی گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری دیاری ناکا.
ڕەخنەی ئەم هاوڕێ یە لە وتارەکەی من لەوەدایە کە: "کتێبەکە بەشوێن ئەمەدا ناڕوات و قاچی لەرابردوو دەرناچێ، دیسان لەهەمان بازنەی داخراودا، هۆکاری بەلاڕێداچوون و سەرنەکەوتنەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی چینی کرێکار سەنتەر نەبووەو رۆڵی رابەری فریادڕەسی نەدراوەتێ و دەسەڵاتی نەخراوەتە بەردەست.
ئەگەر رەخنەیەک و پێداچوونەوەیەک بە پێشوودا پێویستە، کرێکارانیش لەوە بەدەر نین و بەشێک لەوەی پێویستە پێیدابچینەوە ئەو رۆڵ و ئەرکەیە کە لێیان داوادەکرێت و ئەوان دەرەقەتی نایەن.
بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە، پێویست بوو ئەو کتێبە نیشانیبدات ئەم بکەرە شۆڕشگێڕە (کرێکار) کێیە، ئەکتی ئەو (بەفاکت) لەپرۆسەی ژیانی ئەمڕۆدا چیەو کام بەشی کۆمەڵ دەگرێتەوە و چ نمونەیەکی لەخۆی نیشانداوە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو، لەدەرەوەی ئەو رۆڵ و پێناسەیەی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان پێیدەبەخشن، خۆی خاوەنی چ پەیامێکە.
کرێکارپیرۆزی ناتوانێت خۆبەخۆ هۆکاری تێپەڕکردنی سەرمایەداری بێت، ئەگەر بەواقعی کرێکار خۆی پێشەنگی تێکۆشانی ئەو مەیدانە نەبێت. وە ئەوە دەبێتە ناواقیعبینی کە بەناوی شۆڕشگێڕی کرێکاریەوە ریفۆرمە سیاسی و ئابووری و پێشکەوتنەکان، کە خۆیان بەرهەم و دەسکەوتی کۆمەڵگان و بەشی زۆریان بە خەبات وتێکۆشان بەدەست هاتوون، بێ بەها بکرێن تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵاتی کرێکاریان فەراهەم نەکردووە.
ئەوەی پێیوایە “بنەمای ئەزمەی حزبە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ناتوانن لەگەڵ ناڕەزایەتی و شۆڕشی ئەمڕۆی چینی کرێکاردا بێنەوە، کەبەهۆی گڵۆباڵیزمەوە زەمینەی بۆ رەخساوە” لەواقعدا خۆیان بکەری گۆڕانکاریەکان ناناسن و زۆر نەریتی ئەو پرسە دەبینن. گڵۆباڵیزم ئەگەر کاریگەرییەکی هەبێت لەمبارەیەوە ئەوەیە کە بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە.
لە روویەکی ترەوە دامەزراندنی “سۆسیالیزم” تەنها بە رێکخراوبوونی کرێکارانەوە گرێدەدرێت، واتە بەس کرێکاران رێکخراو بن ئیتر کارتەواوەو دەتوانێت سۆسیالیزم دامەزرێنێت و کۆمەڵگا لەهەموو دەردو بەڵایەک رزگار دەکات!!!،
ئەگەر ئەنجامگیرییەکی لۆژیکی و واقیعی لەو قسانە بکرێت، ئەوەیە کە بەشداری سیاسی کرێکاران بۆ بەرپاکردنی جووڵانەوەی سیاسی و درووستکردنی حیزبە سیاسیەکانی خۆی، زیادبکات و شۆڕشی کرێکاراران وەک پرسێکی گشتی پەرە بسەنێت و متمانەی کۆمەڵایەتی پەیدا بکات."
دیسان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی هاوڕێ علی کە دەڵێ "پێویست بوو ئەو کتێبە نیشانیبدات ئەم بکەرە شۆڕشگێڕە (کرێکار) کێیە، ئەکتی ئەو (بەفاکت) لەپرۆسەی ژیانی ئەمڕۆدا چیەو کام بەشی کۆمەڵ دەگرێتەوە"، ئێمە دەبێ چەمکی کرێکار وەک چینێک لە سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا سەیربکەین، تا بزانین کرێکار کێ یە؟ لەم ٢ سەدەیەدا سەرمایەداری زۆربەی زۆری کۆمەڵگەی لە خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان خستوە و کردونی بە کۆیلەی کاری کرێ گرتە بۆ چینێکی کەمایەتی کە سەرمایەدارانن و خاوەنی هەموو هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و سەرمایەن. ئەم چینی کرێکارە ملیاردیە ئەمڕۆ بێکاران و موچەخۆران و مامۆستایان و جوتیاران و زۆربەی کۆمەڵگە دەگرێتەوە کە بەشێکن لە سیستمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە و لە ژێر سایەی سیستمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا و بەپێی دابەشکردنی بازاڕی کارو سەرمایە لە جیهاندا لە بواری جیاواز و بەشێوەی جیاجیا و لە ئاستی گوزەرانی جیاجیادا دەردەکەون. هەرەک لە دروشمی داگیرکردنی ۆل ستریتی ئەمریکا و ناڕەزایەتیە جیهانیە دژی کاپیتالیستەکاندا بەدروست دەوترا (نا بۆ ٪١ ، بەڵێ بۆ لە ٪٩٩).هەربۆیە تاکو سیستمی سەرمایەداری بمێنێ، ئەوا بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە دەبێت سەیری جێگا و ئاستی توانییەکانی ئەم چینە بکرێ و هەر هەوڵێک بۆ گۆڕین و خەبات و ناڕەزایەتی و شۆڕش پێویستە لێرەوە هەڵسەنگێنرێ کە ئەم چینە بەرنامەی چیە و ئاستی ڕێکخراوبون و ئامڕازەکانی بۆ گۆڕانکاری چین؟.
هاوڕێ عەلی ئەگەر دەوری چینێکی تر لە شۆڕش بۆ گۆڕینی سەرمایەداریدا دەبینێ دەبێ ڕۆشنی بکاتەوە کە ئەو چینە دەوری لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا چیە و بۆچی دەیەوێ سەرمایەداری بگۆڕێ و چۆن دەتوانێ ئەم کارە بکا؟ ناکرێ دوای ٢ سەدە لە تەجروبەی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالسیتی تەنیا بە وتارێکی گشتی ئەوەی هەموو ستەملێکراوان دەبێ ئەم سیستمە تێپەڕینن ئێمە بگەیەنێتە وەڵامێک بۆ شکست و ناکامیەکانی شۆڕشەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ و هەوڵ و خەباتی ئێستا لە سەدەی ٢١ دا.
چینی کرێکار ناکرێت وەک چینێکی ناسیاسی سەیربکرێ و خەباتی بەشە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و سەندیکالیست و ئەنارکیست و ڕیفۆرمیستەکانی لێ جیابکرێتەوە و داوای ئەوە بکەین ئەم چینە بیجگە لەم بەشانەی خۆی پەیامی چی بوە؟ ئەم توێژە سیاسی و ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکار بەشی جیانەکراوەی مێژووی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری چینی کرێکارن و هەموویان پێکەوە پرۆسەی شۆڕشی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی سەرمایەداری نیشان دەدەن. هەر بۆیە بە پێچەوانەی ڕەخنەکانی هاوڕێ عەلی یەوە، من ئەو هەوڵانەی چینی کرێکار بەناوی سۆشیال دیموکراتی ، بەلشەفی ، سەندیکالیستی، ئەنارکی و کۆمۆنیستی و هتد بە بێ بەها سەیرناکەم و ئەوانە چۆنیەتی دروستبونی خۆئاگایی و ئەزمونی سیاسی ئەم چینەن و لە دیدێکی ڕەخنەگرانە لەمانەوە دەمانەوێ بگەین بەوەی دەبێ چ شتێک لە بەرنامە و ئامڕازەکانی ئەم خەبات و پرۆسەی شۆڕشە سۆشیالیستیە بگۆڕین؟.
بەم پێیە ئەوە تێگەیشتنێکی دروست نیە کە ڕێگا چارەی وتارەکەم لەوەدا سادە و کورت بکرێتەوە کە" بەس کرێکاران رێکخراو بن ئیتر کارتەواوەو دەتوانێت سۆسیالیزم دامەزرێنێت و کۆمەڵگا لەهەموو دەردو بەڵایەک رزگار دەکات!!!". پرۆسەی دوو سەدەی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالسیتی چینی کرێکار، هەروەک پرۆسەی شۆڕشی بورژوازی، چەندین کێشە و ناڕۆشنی و ئەلتەرنایتڤی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی ڕوبەڕوی بۆتەوە کە لە ئێستادا دەبێ، نەک هەر ئەم جۆرە لە دابەشبونی فکری و سیاسی و ڕیکخراوەییە تێپەڕێنێت، بەڵکو دەبێ لەسەر کۆی سیستمی سۆشیالیستی داهاتوو، دەسەڵاتی سیاسی و بەرنامەی ئابوری و کەلتور و یاسا و پەروەردە و هەموو بوارەکانی ژیاندا بیر و بەرنامەی جیاواز لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ بخاتەڕوو.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەی لەسەرەتای ئەم بەشەدا کردمان کە بۆچی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەی سەدەی ٢١ نەیتوانیوە سەرمایەداری بگۆڕێت؟
ئەوەی لە ئێستادا چینی کرێکار نەیتوانیوە ئەم شۆڕشە بە شێوازێکی پێشکەوتوانەتر و سەرکەوتوانەتر لە پێشوو ئەنجام بدات بەمانای ئەوەنیە کە زەمینەکانی شۆڕشەکانی پێشوو لەم سیستمەدا نەماون، بەڵکو ئەوە ئاستی خەباتی چینایەتیە کە گۆڕاوە. بورژوازی لە ڕێگەی نیو سەدە هێرشی نیولیبراڵیزمەوە و دوو سەدە ئەزمونی لە بەڕیوەبردنی سیستمی سەرمایەداریدا لە ئاستێکی بەرزی توانای سیاسی و ئابوری و فەرهەنگیدایە، کە کرێکاران لە ئێستادا لەو ئاستەدا نین و لە ژێر هێرشدان و تەنیا بەرگری دەکەن. هەرچۆن خەباتی جوتیاران و بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی چەندین سەدەی خایاند و شکست و سەرکەوتنی جۆراوجۆری بینی تا سیستمی سەرمایەداری جێگەی دەرەبەگایەتی کردەوە. هەر بەم شێوەیەش چینی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێستا کە کرێکارانن چەندین دەیەی تری، ئەگەر نەڵێین سەدەی تری، لەبەردەمدایە تاکو دەتوانێ ببێتە ئەلتەرناتیڤی سەرمایەداری. ئەوەی بۆچونی کۆمۆنیستی لە فاڵگرتنەوە بۆ ئایندە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم شۆڕش و سۆشیالیزم و کۆمەڵگە ئازادە بە بەرئەنجامی پراتیکێکی ئاگایانە و ڕیکخراوانەی چینی کرێکار دەزانێت ، ئەگەر نا حەتمیەتی مێژوویی و یاسایەکی ئابوری حەتمی نیە و هێزێکی دەرەوەی ئەم چینە و بەدەر لە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی ئەم چینە ناتوانێ ئەو کۆمەڵگە هەرەوەزیە و ژیانە کۆمەڵایەتیە نوێ یە بەدی بهێنێ.
بەپێی ئەم تێگەیشتنە لە سیستمی سەرمایەداری و جێگای مێژوویی چینی کرێکار لە کاتێکدا کە باسی شۆڕشی سۆشیالسیتی دەکەین دەبێت بزانین دەمانەوێت چی بگۆڕین؟ هەر ئەوەندە بەس نیە کە بڵێین سیستمی سەرمایەداری دەگۆڕین بە سیستمێکی سۆشیالسیتی یان ئازاد، چونکە دیسانەوە ڕوبەڕوی ئەوە دەبینەوە کە چ شتێک لە سەرمایەداریدا دەگۆڕین کە جیاوازە لەو گۆڕانکاریەی شۆڕشەکانی تری وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا و سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە سەدەی ٢٠دا گۆڕی؟ ئەوکات ئێمە دەتوانین بزانین کە پرۆسەی گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی سەرمایەداری کە مەبەستی ئێمەیە باسی چ پرۆسەیەکە وە بۆچی ئەم گۆڕانکاریانە پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە، نەک تەنیا گرتنە دەست دەسەڵاتی سیاسی یان لابردنی ستەمێکی نەتەوەیی یان ڕەگەزی و هتد نیە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم گۆڕینەوەی بیروڕایانە و خستنەڕووی تێگەیشتنی ڕەخنەگرانەمان لە پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی بێگومان یارمەتیدەری هەموو بەشەکانی خەباتی دژی کاپیتالیستین بۆ گەیشتن بەڕاستیەکان و ڕۆشنکردنەوەی ئەم ڕێگایەی خەباتمان، هەربۆیە پیویستمان بە درێژەدانی ئەم جۆرە دایەلۆگ و لێک تێگەیشتن و گفتوگۆیانە هەیە.
ئاسۆ کمال
تەموزی ٢٠٢٥
1* https://asokamal.com/index/?p=3436
2*https://zhyanewe.com/wp-content/uploads/2024/05/SOCIALIST-REVOLUTION-1.pdf
3*https://asokamal.com/index/wp-content/uploads/2024/04/asokamal-art.pdf
4*https://asokamal.com/index/?p=3301
5*https://asokamal.com/.../uploads/2020/05/booklast-1.pdf
6*https://www.statista.com/statistics/1258668/global-employment-figures-by-gender/#:~:text=In%202023%2C%20there%20were%20estimated%20to%20be,in%20or%20register%20to%20access%20precise%20data.
7*https://www.visualcapitalist.com/all-of-the-worlds-wealth-in-one-visualization/
8*https://asokamal.com/index/?p=3301
ڕوانینێک لە بارو دۆخی کرێکاران لە بەر ڕۆشنایی کاریگەری دوایین پێنج دەیە لە جیهانگیری ! گۆنا سعید..لاپەڕە ١٥٢-٢١٩
