چله‌ى ئیمام حوسێن كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ ژماره‌یه‌ك عومره‌كارى كورد له‌سعودیه‌ دروستده‌كات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەچونی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، گرفتی بۆ ژمارەیەکی زۆر لەعومرەکارانی کورد دروستکردوە، بەهۆی نەبونی فڕۆکە ناتوانن بەڕێگه‌ی ئاسمانی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.


بەهۆی بەڕێوەچونی مەراسیمی چلەی ئیمامی حوسێن لەپارێزگاكانی عێراق‌و تەرخانكردنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ هێنانی زیارەتكاران، نزیكەی دوو هەزار عومرەكاری هەرێمی كوردستان لەسعودیە گیریانخواردوەو ناتوانن بەڕێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە.

كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج‌و عومرەی هه‌رێم زانیارییه‌كانى پشتڕاستكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"بەهۆی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێنەوە، ئێستا نزیكەی دوو هەزار عومرەكاری هەرێم لەوڵاتی سعودیەن‌و بەهۆی نەبونی فڕۆكەو گەشتی ئاسمانییەوە، چەند ڕۆژێك لەگەڕانەوەیان دواكەوتون‌و تائێستا نەیانتوانیوە بەڕێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە".

ستونی ئه‌وه‌شى وت، "لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراق‌و دەستەی باڵای حەج‌و عومرەی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنی دۆخەكەو ژمارەیەك لەعومرەكارەكان بەڕێگەی وشكانی‌و بەپاس گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانەی دیكە چاوەڕوانی گەشتی ئاسمانی دەكەن، بەبەردەوامی لەپەیوەندیداین لەگەڵیان‌و ناهێڵین مافیان بفەوتێ".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێمە بەكۆمپانیاكانمان وتوە كە دەبێت بچنە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە، هەر كەسێك‌و عومرەكارێك ڕازینەبوو بەپاس بگەڕێتەوە دەبێت كۆمپانیاكە لەسعودیە هۆتێل‌و خەرجییەكانی بۆ دابینبكات تائەوكاتەی گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی دەبنەوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ زیاتر وتی:"هەر كۆمپانیایەك كە مۆڵەتی گەشتەكانی عومرەی پێدەدرێت، دەبێت پێنج هەزار دۆلار لەبانك بخەوێنێت بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاوڵاتی مافی خورا، لەو بڕە پارەیە قەرەبوی بكرێتەوە".