شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی میسر ئاشكرایكرد، دەستیانکردوە بەمەشقپێکردنی پێنج هەزار پۆلیسی فەڵەستینی بۆ جێگیرکردنو بڵاوکردنەوەیان لەغەززەو پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.
بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆیی میسر وتی، "بەهاوکاریی ئوردن، کارمەندانی پۆلیسی فەڵەستینی لەسەربازگەکانی میسردا مەشقو ڕاهێنانیان پێدەکرێت، ئەمەش بۆ جێگیرکردنو بڵاوکردنەوەیانە لەغەززە بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو کەرتە هەیە".
ڕونیشیکردوهتهوه، "جێگیرکردنی ئەو پۆلیسانە لەکەرتی غەززە، بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین دەبێتو بۆ ئاوهدانکردنەوەی کەرتەکەیە، ئەمەش دوای ڕێککهوتنی ئاگربهست لهکۆنفرانسی نێودەوڵەتی قاهیرە دێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە".
بهوتهى وهزیرى دهرهوهى میسر، "دەسەڵاتی فەڵەستین لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات، ئەمەش بەئامانجی یەکخستنی خاکی فەڵەستینە".
ئاماژەی بەوەشداوه، دەسەڵاتی فەڵەستین توانای بەڕێوەبەردنی غەززەی هەیە، هەروەها لەکۆنفرانسەکەی قاهیرە بڕیار لەسەر ڕێکخستنەوەی پۆلیس، پەرەپێدانو ئاوەدانکردنەوەی غەززە دراوه.
ئهوهشى وتوه، "سیاسەتی ئێستای ئیسرائیل لەسەر بنەمای سەپاندنی هەژمونو خۆبەزلزانین دامەزراوە، هەروەها ئامانجی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەکەرتی غەززە، ڕێگەخۆشکردنە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکە، بهڵام حکومەتی میسر زۆر دڵنیایە کە ئەمکارانەی ئیسرائیل ناتوانن ئاسایشو سەقامگیریی بۆ تەلئەبیب دەستەبەر بکات".
بەدر عەبدولعاتی باسی لەوەشکرد، میسر هەڵوێستی خۆی دوپاتدەکاتەوە، ئاسایشی ئیسرائیل تەنها لەڕێگەی دانپێدانان بەمافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین بەدەستدێت، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵستینییە.
