شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو لیستانەی لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە زیاتر لە 150 کاندید لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، دیالە و زیقار خراونەتە ژێر رێکارەکانی دەستەکەوە.
هەروەک سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاری کۆتایی دورخستنەوەی ئەو کاندیدانە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەردەچێت.
ئەوەش هاتووە: نوسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە نەینەوا لیستێکی 55 کاندیدی دورخراوەی وەرگرت و ڕایگەیاند کە دەست بە ڕێکارەکانی ئاگادارکردنەوەیان دەکەن و ماوەیەکی دیاریکراویان پێدەدرێت بۆ تانەدان.
هاوکات، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری 10 کاندیدی دیکەی لە زیقار دورخستەوە، لەگەڵ لیستەکانی بەغدا و دیالە کە دەیان ناوی دورخراوەی تێدایە، پێشتر، دەستەکە زیاتر لە 60 کاندیدی لە سەرانسەری وڵاتدا لەسەر تۆمەتی بەعسیبون دورخستبووەوە.
پەرلەمانتار ڕائید مالکی ئاماژەی بەوەکرد کە ژمارەی دورخراوەکان ڕەنگە بگاتە 400 کاندید، بەهۆی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای هەڵبژاردن ژمارە 12ی ساڵی 2018، کە کۆمەڵێک تاوانبار و گەندەڵکار لە پرۆسەکە دوور دەخاتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی