تەکنیکێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرەی جۆری یەکەم دەدۆزرێتەوە

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی گۆڤاری Nature Communications، لێکۆڵەرانی زانکۆی کۆرنێلی ئەمریکی ئامێرێکی پزیشکیی نوێیان دروستکردووە کە دەتوانرێت بچێنرێت و رەنگە شۆڕشێک لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکەمدا دروست بکات.
 
ئەم ئامێرە پشت بە کەپسولێکی بچووک دەبەستێت کە خانە پەنکریاسییەکانی تێدایە و توانای بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینیان هەیە، ئەمەش بە کیسەیەکی بچووکی ئۆکسجینی گرێدراوە کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامبوونی چالاکیی ئەم خانانە.

 ئامێرەکە بە پەردەیەکی نانۆیی داپۆشراوە کە رێگە بە تێپەڕبوونی ماددە خۆراکییەکان و ئۆکسجین و دەردانی ئەنسۆلین دەدات، لە کاتێکدا رێگریی لە چوونەژوورەوەی خانەکانی سیستەمی بەرگریی دەکات، ئەمەش پێویستی بە دەرمانی سەرکوتکەری بەرگریی کە مەترسیی تەندروستییان هەیە، لادەبات.

لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا کە لەسەر مشک کراوە، ئامێرەکە توانی بە شێوەیەکی کارا و بۆ ماوەیەکی درێژ ئاستی شەکری خوێن رێکبخات. تیمەکە پلانیان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر بەراز تاقیبکەنەوە و رەگە خانەکانی مرۆڤ کە ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن بەکاربهێنن، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوە بۆ تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لەسەر مرۆڤ. چاوەڕوان دەکرێت ئەم داهێنانە هەنگاوێکی گەورە بێت بەرەو چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ شەکرەی جۆری یەکەم و باشترکردنی کوالێتی ژیانی نەخۆشەکان. ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی