شارپرێس:
قوبرسی تورکی هەرچەندە دەوڵەتێکە تەنها لەلایەن تورکیاوە دانپێدانراوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی مشتومڕی گەورەی دروستکردووەو سەرنجی جەماوەری ڕاکێشاوە، بە گرنگیدان بە ڕووداوەکان و شیکردنەوەی ئەنجامەکانیان.
شەڕی هەڵبژاردنەکان ئەوەندە لە نێوان دوو کاندیدی سەرەکی و لایەنگرانیان نەبوو، بەڵکو کێبڕکێیەکی توندی نێوان دوو پڕۆژەی دژ بەیەک بوو کە چارەنووسی بەشی باکوری دوورگەی قوبرس بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەکات.
سەرۆکی ماوەتەواو بوو یەکێک لەکاندیدەکان ، ئەرسین تاتار کە نزیکە لە ئەنقەرە، بە شێوەیەکی سروشتی پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کرد وەک تاکە ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانی دوورگەکە.
ڕکابەرەکەی کە کاندیدی پارتی کۆماریخوازی ئۆپۆزسیۆنە، توفان ئەرهورمان، لە ڕەوتێکی سیاسییەوە هاتووە کە پێیان وایە چارەسەرەکە فیدراڵیزم و یەکگرتنەوەیە لەگەڵ قوبرسی یۆنانی.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دڵی ئەنقەرە نەبوون، ئەرهورمان بە زیاتر لە ٦٠%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. هەندێک ئەمەیان بە لێدانی گورزێکی سیاسی لە تورکیا زانی کە بەشی باکوری دوورگەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە. سەرەڕای ئەمەش تورکیا ڕێگەی بە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف دا کە سەرۆکێک هەڵبژێرێت کە تەنانەت بە ڕووکەشیش لەگەڵ سیاسەت و ئاراستە ستراتیژییەکانی ئەنکەرە نەبێت.
لێرەوە ئەو مشتومڕەی کە لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە تورکیا سەریهەڵدا، فراوان بوو لە ڕێگەی شیکردنەوە و شرۆڤە بۆ داهاتووی هێزەکانی تورکیا لە دوورگەکەدا، هەندێکیش وەک بوومەلەرزەیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سەیری دەکەن.
سەرکەوتنی ئەرهورمان مشتومڕێکی زۆری لە ناوخۆی تورکیادا دروستکرد، هەندێک پێشوازییان لە ئەنجامەکان کرد و هەندێکی دیکەش داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانیان کرد.
دەسەڵاتدارانی فەرمی پێشوازییان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لە ئەرهورمان دەکات و دووپاتی کردەوە کە هەڵبژاردنەکان "جارێکی دیکە پێگەیشتنی دیموکراسی قوبرسی تورکی نیشان دەدات و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی قوبرسییە تورکییەکانە لە سندوقی دەنگدان".
لەهەمان کاتدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە هاوبەشە لە هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتداری تورکیا، ئەنجامەکانی ڕەتکردەوە و داوای لە پەرلەمان کرد بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی چارەسەری دوو دەوڵەتی بکەن کە ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان پشتگوێ بخات و ئەنجامەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها داوای کرد بڕیارێکی خێرا بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تورکیا بدرێت و قوبرسی تورکی ببێتە 82 مین پارێزگا.
وادیارە باخچەلی پاشەکشەی کردبێت لە لێدوانەکەی پێشووی و دواتر باسی لەوەکرد: پێش هەڵبژاردنەکان لە تەلەفزیۆنەکاندا باسێکی زۆر لەسەر فیدرالیزم یان چارەسەری دوو دەوڵەتی هەبوو، هەر بۆیە بەیاننامەیەکم بڵاوکردەوە، چونکە پێموابوو نابێت ئەو پریشکە بچووکەی فیدراڵیزم بگۆڕێت بۆ ئاگرێکی تەواو کاتێک کاندیدێک کە بانگەشە بۆ فیدراڵیزم دەکات سەربکەوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، قبوڵکردنی چارەسەری یەک دەوڵەتی فیدڕاڵی دەبێتە هۆی هاندانی "ئەو هێزانەی لە سوریا هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی فیدراڵی دەدەن".
لە یەکەم لێدوانیدا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان سەرۆکی نوێ ڕایگەیاد "بە ڕاوێژی نزیک لەگەڵ کۆماری تورکیا ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوەم جێبەجێ دەکەم. هیچ هۆکارێک بۆ نیگەرانی و گومان نییە. بێگومان هەموو بابەتەکانی سیاسەتی دەرەوە بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بەڕێوەدەچن".
ئەم پەلەکردنە لە لایەن ئەوەوە مەبەست لێی کۆتایی هێنان بە هەر گومانێک بوو.
بەمەش تێدەگات کە کلیلی ژیانی قوبرسی تورکی لە دەستی تورکیادایە. مەسەلەکە تەنها لە بابەتی ئاسایش و بەرگریدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ خۆراک، ئاو، پەروەردە و تورکیا ئەو سیەیە کە قوبرسی تورک لە ڕێگەیەوە هەناسە دەدەن، ئەوەش بەبۆچوونی ئەوانەی لەئەنقەرەوە نزیکن.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەرهورمان بنەما بنەڕەتییەکانی سیاسەتەکەی دووپاتکردەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
گەلی قوبرسی تورک یەکێکە لە دوو هاوبەشی یەکسانی دامەزرێنەری ئەم دوورگەیە، هەروەها هاوبەشە لە هەموو ئەو شتانەی کە لە دوورگەکە و دەوروبەریدا هەن.
بڕیارەکان لەسەر ئەو دوورگەیە بەبێ ئیرادەی گەلی قوبرسی تورک ناتوانرێت، لە بوارەکانی وەک ئاسایش، وزە، پرسە دەریاییەکان، ڕێڕەوی بازرگانی، و یەکێتی ئەوروپا بدرێن.
چارەسەرێکی بەردەوام و ئاشتی و سەقامگیری لە دوورگەکەدا بە پشتگوێخستنی قوبرسی تورک و تورکیا کە دەوڵەتی گەرەنتیکەرە لە ناوچەکەدا و پێشێلکردنی ماف و دەسەڵاتەکانیان بەدی نایەت.
کۆماری تورکیا گرنگترین لایەنگری قوبرسی تورکە لە خەباتیان بۆ پاراستنی مافە سەروەرییەکانیان.
درێژەی ڕاوێژکاری لەگەڵ تورکیا دووپاتکردەوە، هەروەک چۆن لە سەرۆکایەتی پێشووی سەردەمی ئەرسین تاتاردا ڕوویدا.
ئ.ه
