فوئاد
سدیق
کاتێک بەناو ئەدەبیاتی کوردیدا پیاسەیەك دەکەم،
پرسیارێک وەک سێبەرێکی درێژ بەسەرمەوە دەجوولێتەوە: ئایا ڕۆماننووسی کورد، چەندە
لە گێڕانەوەی سادە دەرچووە و توانیویەتی بچێتە ناو گەمەی فەلسەفیی بوون و ئیپستیمۆلۆجیاوە؟
ئەمە تەنیا پیاسەیەک نییە بەناو ڕەفەی کتێبخانەی كوردیدا؛ بەڵكو هەڵکەندنی
قووڵاییەکە لە گۆڕستانی نەخشەڕێگە نەدۆزراوەکانی ڕۆحدا، گەڕانێکە بەدوای ئەو
پەیامە ئەبەدییەدا کە ڕۆمانی ڕەسەن دەتوانێت لە ناخی خۆیدا حەشاریدات. ئایا لەناو
ئەو هەموو رۆمانە پڕ مەتەڵئامێزەی لە جیهاندا هەیە، رۆماننووسی كورد گەیشتوونەتە
ئەو ئاستەی ڕووداوەکان تەنیا وەسف نەکەن، بەڵکو خودی مانای بوون بەشێوەی جیا
جیایان خسستبێتە ژێر پرسیاری قووڵەوە؟ تۆ سەیركە پرسیاری بوون لای كیركیگارد ، لای
سارتەر، لای هایدگەر، هەر یەكەو شتێكە زۆر جیاوازتر لەویتر. ئایا ڕۆمانی کوردیش
بووەتە ئاوێنەیەک بۆ ڕامان لە مەتەڵی گەورەی ژیان؟
كاتێك بەزەیی بە دۆخی سەقەتی
ڕۆمانی كوردیماندا دێتەوە، تەنیا هەستێکی سادەیی نییە؛ بەڵکو شێرپەنجەیەکی فیکرییە
و جەستەی ڕۆحی ئەدەبی گرتووە. ئەو شێرپەنجەیە لە نەبوونی ئەو ڕۆمانانەدا
دەردەکەوێت کە ناتوانن وەک برایانی کارامازۆڤ ی دۆستۆیفسکی، یان ناوی گوڵەباخ Il nome della
rosaی
ئیمبرتۆ ئێکۆ، یان كافكا لەسەر دەریا ی موراکامی، بنووسن، رۆمانەكانی ئەمانەو زۆری
دیكەش هەن، هەمیشە پڕن لە مەتەڵ و نهێنییە دەروونی و وجوودییەکان، ئەمەیە
رۆماننووسین دەبێت ببنە خاڵێکی وەرچەرخان لە فەلسەفەی گێڕانەوەدا.
دۆستۆیفسکی، لە برایانی کارامازۆڤ دا، تەنیا
چیرۆکێکی خێزانی ناگێڕێتەوە؛ ئەو لە ڕاستیدا لە ناوکرۆکی پرسیارە وجوودییەکانی
مرۆڤایەتیدا دەژی. کاراکتەرەکانی دۆستۆیفسکی، هەریەکەیان کەمپێکی فیکری و
فەلسەفین؛ ئیڤان بە گومانی ڕادیکاڵی خۆی، پرسیار لەسەر دەسەڵاتی ئیلاهی و مانای
ئازار دەکات، ئەلیۆشا نوێنەرایەتیی ئیمانێکی قووڵ دەکات و دیمتری لە نێوان
حەزەکانی جەستە و پاشانیش ویژدان و لێخۆشبووندا دەژی. دۆستۆیفسکی، لە ڕێگەی ئەم
ململانێیە دەروونی و فەلسەفییەوە، سنوورەکانی گێڕانەوەی سادە تێکدەشکێنێت و دەچێتە
ناو کرۆکی پرسیارە وجوودییەکانی مرۆڤایەتییەوە. گێڕانەوەکەی، تەنیا گێڕانەوەی
ڕووداو نییە، بەڵکو خودی فەلسەفەی مرۆڤ و ئەو چاڵە قووڵانەیە کە ڕۆحی مرۆڤ تێیدا
نوقم دەبێت؛ کێین؟ بۆچی لێرەین؟ چی وامان لێدەکات بڕوا بکەین یان گومان بکەین؟ ئەمە
ئۆنتۆلۆژیایەکی گێڕانەوەییە کە لە هەر پەرەگرافێکدا خۆی نیشاندەدات.
ئیمبرتۆ ئێکۆ و رۆمانە مەزنەكەی ناوی گوڵەباخ
ە، ئەم ڕۆمانە وەک پڕۆژەیەکی فەلسەفی و فیکرییە، لە شێوەی چیرۆکێکی لێکۆڵینەوەی
تاواندا خۆی حەشارداوە. ئێکۆ، وەک سیمیۆتیکزانێک و فەیلەسوفێک، تەنیا مێژوونووسێک
نییە کە باسی سەدەكانی ناوەڕاست بکات. ئەو لە ڕێگای گێڕانەوەی نهێنی و لێکۆڵینەوەی
نیشانەکانەوە، پرسیار لەسەر ئیپیستیمۆلۆجیا، دەسەڵات،
زمان و سروشتی حەقیقەت دەکات. هەموو
نووسینێکی ئێکۆ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حەقیقەت ڕەها نییە و هەمیشە لەژێر
کاریگەریی تەوژمەکانی زمان، لێکدانەوەو دەسەڵاتدایە. بۆنی کتێبی کۆن، خوێنی
وشکبووەوەو دەنگی قەشەکان، هەموویان دەبنە هێمای ئەو نهێنییە گەورانەی لەناو
گێڕانەوەکەدا خۆیان شاردۆتەوە. ئێکۆ نیشانی دەدات کە ڕەخنەی وەرگرتن interpretation چەندە
ئاڵۆزە و چۆن مەعریفە دەتوانێت ببێتە چەکێکی دەسەڵاتدار. ڕۆمانەکەی، بە شێوازێکی
نێوان دەقەكان intertextual، چەندین توخمی جیاوازی وەک مێژوو، ئایین،
فەلسەفە و سیمیۆتیک پێکەوە دەبەستێتەوە و جیهانێک دروست دەکات تێیدا هەموو
نیشانەیەک، نهێنییەکی لە پشتەوەیە. ئەمەش شێوازێکی نوێی نووسینەوەی فەلسەفەیە، لە
جیاتی لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆ، فەلسەفەکە لەناو گێڕانەوەدا دەتوێنێتەوەو وا لە
خوێنەر دەکات ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی دروستکردنی واتای ڕۆمانەکە.
هاروکی موراکامی سنوورە جوگرافییەکانی وڵاتەکەی
تێدەپەڕێنێت و لە ڕێگەی ڕیالیزمی سیحراوی magical
realismی
تایبەت بە خۆیەوە، پرسیار لەسەر تەنیایی loneliness،
مانای بوون و پێوەندییە مرۆییەکان دەکات. جیهانی موراکامی، جیهانێکی لێکدراوhybridە، تێیدا ڕووداوە ڕۆژانەییەکان تێکەڵ بە خەیاڵ و توخمە سوریالیستییەکان
دەبن. مۆسیقا و خواردن، تەنیا وردەکاریی نین، بەڵکو دەبنە سیمبولی ئەو بۆشاییە
ڕۆحییەی مرۆڤی مۆدێرن تێیدا دەژی. ڕۆمانەکانی موراکامی، وەک کافکا لەسەر دەریا، یان وەك رۆمانی 1Q84، تەنیا چیرۆک نین؛ بەڵکو ئەزموونێکی
فەلسەفین خوێنەر ناچار دەکات لە پرسیارە بێ وەڵامەکانی ژیاندا قووڵبێتەوە.
کاراکتەرەکانی موراکامی هەمیشە لە گەڕاندان بەدوای واتادا، بەدوای پێوەندییەکدا کە
دەتوانێت تەنیاییەکانیان پڕ بکاتەوە. ئەمەش فەلسەفەی بوونگەرایییەکی شاراوەیە
لەناو گێڕانەوەی ڕۆژانە و سوریالیزمدا خۆی نیشاندەدات. لێرەدا، ئەمەیە كە دەڵێین ڕۆمان
تەنیا گێڕانەوەی ڕووداو نییە، بەڵکو شیکارکردنی ئەبستراکتی بۆشایی نێوان مرۆڤ و
جیهان، بۆشایی نێوان واقیع و خەیاڵە.
ئایا ڕۆماننووسی کورد، تا چەند توانیویەتی لەم
قووڵاییانە تێبگات و بیانخاتە ناو دەقەکانییەوە؟ ئایا تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوە،
یان هەوڵدەدات خودی ژیان و خودی بوون بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ ژان پۆل سارتەر لە
مردووە بێ گۆڕەکان دا، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو فەلسەفەی ئازادی و بەرپرسیارێتی ی
مرۆڤەوە لە دۆخێکی قورس و جەنگدا. شانۆنامەکە تەنیا باس لە ئەشکەنجەدان ناکات؛
بەڵکو پرسیار لەسەر ئەو بژاردە قورس و بێ وەڵامانە دەکات کە مرۆڤ ناچارە لە دۆخێکی
توندوتیژدا بیاندات. ئایا لە ڕێگەی مردن یان خیانەتەوە ئازادی و بەرپرسیارێتیی
خۆمان دەپارێزین؟ ئەمە پرسیارێکی وجوودییە کە هەموو مرۆڤێک لە ساتە قورسەکاندا
ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
کیرکیگارد
لە ترس و لەرز دا، لە ڕێگەی چیرۆکی ئیبراهیمەوە، فەلسەفەی پێشخستنی ئیمان و
بەکارهێنانی ویژدان دەورووژێنێت. نیشانی دەدات کە هێزی قووڵی خەیاڵكردنی ئیمان
چەندە قووڵە و چۆن مرۆڤ دەتوانێت سنوورەکانی ئەخلاق تێبپەڕێنێت بۆ تێگەیشتن لە
فەلسەفەیەکی باڵاتر؛ پەنابردنە بەر ئەقڵ تەنیا یەک ڕێگایە، بەڵام بازدانی ئیمان
ڕێگایەکی تری میتافیزیکییە کە سروشتی مرۆڤ تێکدەشکێنێت.
ئەم نموونانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕۆماننووس، پێش ئەوەی نووسەر بێت،
دەبێت فەیلەسوفێک بێت. دەبێت زانستێکی زۆر قووڵ، وردبینانە و فەلسەفیانەی لەسەر
بوون هەبێت. سەیرە بە راستی زۆریش سەیرە کەسێک بڵێت دەیان ساڵە ڕۆمان دەنووسم،
بەڵام لە فەلسەفە سفر بێت ،سەیرتر ئەوەیە كەسێك چەندین بەناو رۆمانی نووسیبێت، هەر
نەزانێ فەلسەفە چییە!! ئەمە تەنیا قسەیەکی سادە نییە. ئەمە ڕەخنەیەکی قووڵی میتافیزیکییە
لەسەر نەبوونی قووڵایی فیکری لەناو ئەو نووسینانەدا کە بە ناوی ڕۆمانەوە بڵاو
دەکرێنەوە. ڕۆماننووسی ڕەسەن، دەبێت خاوەنی پەیامێکی فەلسەفی بێت کە پێشتر کەس
باسی نەکردبێت، یان لانیکەم بە شێوازێکی هونەری و فیکری قووڵ گێڕابێتەوە خوێنەر
ناچار بکات بە قووڵی بیر بکاتەوە. ئەدەبیاتی کوردی پێویستی بەو دەنگانە هەیە
بتوانن لە دۆخی هەبوو تێپەڕن و بچنە ناو دۆخی دەکرێت هەبێت. ئەمەش بە فیكرو
مەعریفە لە مێژوو لە زمان لە دەروونناسی و كۆمەڵناسی دێتە دی.
باشە
ڕۆماننووسی کورد، تا ئێستا چ پەیامێکیان گەیاندووە کە پێشتر لە حیكایەتە بێ کڵک و
گوێکانی باپیرانماندا نەبووبێت؟ چ هونەرێکیان داڕشتووە کە لە ڕێگەی زمانی چڕ و
واتا قووڵەکانەوە، جیهانێکی نوێی فەلسەفی خولقاندبێت؟ وەک چۆن ڤیکتۆر هیگۆ لە
بەدبەختەکان دا تەنیا چیرۆکێکی خەڵکە نەدارەکەی فەڕەنسا ناگێڕێتەوە؛ ئەو
فەلسەفەیەکی گەورەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لێبوردەیی و رزگاریی مرۆیی دەخاتەڕوو.
ڕۆمانەکەی هیگۆ، تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی
قووڵە لەسەر سروشتی خراپە، چاکە و ئەو هێزانەی کە مرۆڤ بەرەو تێکچوون یان سەرکەوتن
دەبەن. (هەموو مرۆڤێک دۆزەخێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دەتوانێت بە ڕێگەی
ویژدان و خۆشەویستی، ببێتە فریادڕەسی خۆی و ئەوانی تر.)
بۆ ئەوەی ڕۆماننووسی کورد بگاتە ئاستی جیهانی
و جارێك ببێتە خۆر، جارێك مانگ، جارێكیش ئەستێرەی سیوەیل، دەبێت گزنگی
بەرەبەیانمان نیشانبدات، تریفەی مانگەشەومان پێ بناسێنێت، دەبێت لەگەڵ هەر ئەستێرەیەكدا
بولبولێكی خۆشخوان وەك لای لایەی دیك بۆ منداڵەكەی بماندوێنێت. ئەمەش تەنیا بەو
كەسانە دەكرێت، كاتێك پەنا دەبەنە بەر رۆماننووسین، زانستەکانی فەلسەفە،
زمانەوانی، مێژوو، کۆمەڵناسی، دەروونناسی
و هونەرو ئیستاتیكایان جوان جوان شیكردبێتەوە.ئەم جیهانەش مەلەوانێكی سەرشێتی دەوێت بچێتە ناو قووڵایی ئۆقیانووسەكان، نەك ئەوەندە
ترسنۆك بێت، نەتوانێ لە تەنكاوەكانیشدا مەلە بكات.
وشە لە ڕۆماندا،
تەنیا ئامرازی پێوەندی نین؛ ئەوان هێمای بێوێنەن، ئەوان دەنگن، مۆسیقان خوێنەر بۆ ناو
قووڵاییەکانی فەلسەفە و شوناس رادەكێشن. ڕۆماننووس دەبێت وەک ئۆرکێسترایەک، وشەکان
ڕێکبخات بۆ دروستکردنی گێڕانەوەیەکی پڕ لە واتا و فرە ڕەهەند. هەر وشەیەک، وەک
نۆتەیەکی مۆسیقا، دەبێت لە شوێنی خۆیدا بێت تا هارمۆنیایەکی فەلسەفی بخولقێنێت
ڕۆمان دەبێت بتوانێت سنوورەکانی فۆڕمی کلاسیک بشکێنێت و لە ڕێگەی فۆڕمێکی نوێوە،
واتایەکی فەلسەفی نوێ بدات.
تا ئێستا
رۆمانی كوردی نەیتوانیوە پرسیارە وجوودییەكان بكات و بیخاتە بەر شیكردنەوەیەكی
فەلسەفی و دەروونی قووڵ. پرسی ئێمە كێین یان پرسی كوردبوون تەنیا بە شوناسی زمان و جوگرافیا پێكنایەت، كوردایەتی تەنیا سنوورێكی نەتەوەیی نییە، ئەمانە
شیكردنەوەیەكی فەلسەفییان پێویستە، بۆیە رۆماننووس دەبێت بە قووڵایی مێژووی فەلسەفە
ئاشنا بووبێت.
بە كورتی ڕۆماننووس، پێش ئەوەی
قەڵەم هەڵبگرێت، دەبێت فەیلەسوفێک بێت. دەبێت ئەو قووڵاییەی لە فەلسەفە و
زانستەکانی مرۆڤایەتیدا هەیە، لەناو گێڕانەوە هونەرییەکەیدا بتوێنێتەوە.یەك
رۆماننووسی شارەزامان لە زانستی فیزیای كۆمەڵایەتیدا نییە، باسی ئەندازەو ماتماتیك
و زیندەوەرزانی ناكەم، چونكە لە رۆمانی كوردیدا نابینرێن، كاتێك ئەمانە نەبن،
كەواتە تەنیا چیرۆکی بەر ئاگردان یان حیكایەتە بێ کلک و گوێکانی باب و باپیرانمان بۆ
دەگێڕنەوە، با هەندێك تیف تیفەی گێڕانەوەكانیشمان بۆ بكەن، قەت نەیانتوانیوە وەک
برایانی کارامازۆڤ یان ناوی گوڵەباخ پرسیارە قووڵە وجوودی و فەلسەفییەکان بخەنە
ڕوو و ، جیهانێکی نوێی فیکری و هونەری بخولقێنن. ڕۆمان، لە قووڵترین واتایدا، خودی
پرسیاركردن و شیكردنەوەی پرسیارەكەیە بە فرە رەهەندی. پرسیار نە کۆتایی دێت و نە
وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هەیە، بەڵکو خۆی دەبێتە پرۆسەیەک بۆ دۆزینەوەی واتایەکی
قووڵتر لەناو بێ واتییەکەی بووندا.
ئەم نووسینەم
بە نووسینی چەند وتەیەكی ناو رۆمانە بەهێزەكان دەهێنمەوە، هاروکی موراکامی لە
ڕۆمانی(کافکا لەسەر دەریا) دەڵێت: هەمیشە بەشێک لە بوونت دەڕوات، بەڵام شتێکی دیکە
لە ناوەوە دروست دەبێت. یان دەڵێت: چارەنووس، وەک زریانێک وایە کە
بەدوایدا دێیت و خۆی لە پرسیارە بێ وەڵامەکاندا دەشارێتەوە. هەروەها لە
رۆمانی 1Q84 دەڵێت: تاکە ڕێگای ڕاستەقینە بۆ دەربازبوون
لە ئازار ئەوەیە بچیتە ناوییەوە. ئەگەر هەوڵبدەیت هەڵبێیت، وەک سێبەر بە دواتەوە
دێت.
ئیمبرتۆ
ئیكۆ ش لە رۆمانە مەزنەكەی(ناوی گوڵەباخ) نووسیویەتی: زیرەکترین شەڕ، ئەو شەڕەیە
کە لە دژی نادیاری دەکرێت.یان دەڵيت: پەرستنی حەقیقەتێک کە هیچ
شتێک نیشان نادات جگە لە خۆی ، شێتانەتر نییە لە قبوڵكردنی پێکەنین و گەمژەیی؟.
سارتەریش لە شانۆنامەی مردووە بێ گۆڕەكان دەڵێت: من ئەو بوونەوەرە نیم
کە ئێستا پێناسەی خۆمی پێدەکەم و، ئەو بوونەوەرەش نیم کە لە ڕاستیدا نیم.
