شارپرێس:
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دەڵێت، کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی سەرمایەگوزارییەکانی لە هەرێمی کوردستان چڕ دەکاتەوە، کە بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر بە ڕێژەی 50% فراوانتر دەکات، بە توانای زیادکردنی بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، بەمەش داهاتەکانی بە نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار ساڵانە بەرز دەکاتەوە.
کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و سەروەت و سامانی لە ئیمارات و میسر و کوردستان هەیە.
ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی بۆ کەناڵی شەرقی سعودی دەڵێت، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە وەبەرهێنانەکانیدا ئەولەویەت دەدات بە هەرێمی کوردستان و زۆرترین کارەکانی بۆ هەرێم تەرخان دەکات، ئامانج لێی هەمەچەشنکردنی بنکەی کڕیارەکانی و ڕاکێشانی خواست لەسەر کەرتی پیشەسازی عێراقە.
کۆمپانیاکە بە هاوکاریی کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی، فرۆشتنی غازی پڕۆژەی فراوانکردنی کۆر مۆر 250 ی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار، توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بە ڕێژەی 50% زیاد دەکات، بەمەش کۆی توانای پرۆسێسکردنی غاز دەگاتە 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.
بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمپانیاکە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، "ئەم فراوانکردنە بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵپشتیکردنی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی پرۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لەهەرێمی کوردستان و هاوکات باشترکردنی وزەی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق".
هۆڵ ئاشکرایکردووە، ساڵانە داهاتی کۆمپانیاکە بە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار زیاد دەکات، کە دەکاتە ٣٠% زیادبوونی داهاتی تەواو. پێشبینی دەکرێت کاریگەری زیادبوونی داهاتەکان تا کۆتایی ئەمساڵ دەربکەوێت.
ئ.ه
