له‌باره‌ى ڕوداوه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوى پردێوه‌ پارتى‌و به‌ره‌ى توركمانى گفتوگۆیان كرد

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموكراتى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابوین لەسەرئەوەی پێویستە دۆخەکە هێوربکرێتەوەو کێشەکە بەیاسا چارەسەربکرێت‌و یاسا سەروەربێت"، ده‌شڵێت، "ئاگاداری هەڤاڵانی خۆمان کردەوە دان بەخۆیاندا بگرن‌و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت".


شه‌وى ڕابردوو، گرژیی‌و ئاڵۆزی لەنێوان هاونیشتمانییانی کورد‌و ژمارەیەک لایەنگریی بەرەی تورکمان لەناحیەی پردێ ڕویداو دواتر توانرا بەزویی کۆترۆڵبکرێت‌و ڕوداوی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە.

لەڕاگەیه‌نراوێكدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموكراتى كوردستان نوسیویه‌تى، "لەساتەوەختی گرژیی‌و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لەمەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بەلایەنە پەیوەندیدارەکانه‌وه‌ کرد، بۆ ئەوەی بەئەرکی خۆیان هەستن‌و دۆخەکە کۆنتڕۆڵبکەن‌و گیانی هاوڵاتیان بپارێزن".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "هه‌ر شەوی ڕابردوو، ئاگاداری هەڤاڵانی خۆمان کردەوە دان بەخۆیاندا بگرن‌و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت‌و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاسا چارەسەربکرێت".

 ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بوین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ محەممەد سەنعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابوین لەسەرئەوەی پێویستە دۆخەکە هێوربکرێتەوە‌و کێشەکە بەیاسا چارەسەربکرێت‌و یاسا سەروەربێت".

پارتی داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە "ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگریی لەدوبارەبونەوەی ئەو گرژییانە بگرنەبەر، هاوکات هاوڵاتیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت‌و هەڵبژاردن لەکات‌و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "داوادەکەین، ڕۆحی برایەتی‌و پێکەوەژیان بپارێزن‌و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەئارامی بەڕێوەبچێت دور لەزمانی زبرو توندوتیژیی، بژی گیانی بەیەکەوە ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان".