وەرگێڕانی لە فارسییەوە: حەمەدەمین سلێمان
نوسینی:یورونیوز
سەرچاوە: سایتی یورونیوز
کۆتایی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت، بۆ کۆتایی هێنانی ڕێژەیی ئەو شەڕە هیوای بە زۆر کەس بەخشیوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، هەرچەند گومانەکان لەو بابەتە بە جدیی دەبینرێن . بەڵام ئیسرائیل لە دوای ئەوە بەدوای چیەوە دەبێت و چ سیاسەتێک دەگرێتەبەر ؟
کۆتایی هاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئەگەر کاتیش بێت، هەروەها ئەو نمایشەی کە دۆناڵد ترەمپ بە بەشداری سەرکردەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە میسر بەڕێوەی برد، هیوای بە زۆر کەس بەخشیوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ کۆتایی هاتنی ڕێژەیی ئەو شەڕ و کێشمەکێشە، هەرچەند گومانەکان لەو بابەتە پێدەچێت جددی بێت . بەڵام ئیسرائیل لە دوای ئەوە بەدوای چیدا دەبێێت و چ سیاسەتێک پەیڕەو و دەکات ؟
ئامۆس یادلین، جەنەڕاڵی پێشووی سوپای ئیسرائیل و یەکێک لەو ستراتیژیستانەی کە هەمیشە بۆچوونەکانی لەبەرچاو دەگیرێن، لە وتارێکدا بۆ گۆڤاری "فارن افرز" باسی لەو بابەتە کردووە. سروشتییه وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئیسرائیل هەرچەندە دیدگاکانی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە بێلایەنانە نین، بەڵام دەکرێت خوێندنەوەی بۆچوونەکانی وێنەیەکی وردتر لە بیرۆکە و هزرەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل پێشان بدات .
یادلیس لەم وتارەدا دەنووسێت: لە ئاخاوتنەکانی ئەم دواییەی خۆیدا لە میسر و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ لە شیکردنەوەی دیدگای خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ چەندین جار وشەی "ئاشتی"ی دووبارە کردەوە . ئەو لەو بابەتەدا ڕاست دەکات. دوای دەیان ساڵ لە پێکدادان و توندوتیژی بێکۆتایی، ڕەنگە ئێستا ئەو ناوچەیە لە لێواری داهاتوویێکی سەقامگیری ڕاستەقینەدا بێت .
دەستکەوتە مەیدانییەکانی ئیسرائیل لە دژی حەماس و حزبوڵڵا، هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ ئیسرائیل، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتە سەرەکییەکانی عەرەبی ڕەخساندووە تا هاوپەیمانەتیێک پێکبهێنن کە توانای سەقامگیرکردنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی هەبێت . لەم نێوەندەدا گۆڕنکارییەکان لەو کاتەوە تا ئێستا تەنیا ئەم دیدگایەیان زیاتر بەدیهێناوە .
سەرەتای ئەم مانگە، دوای دوو ساڵ شەڕ و پێکدادان، دواجار حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لەگەڵ یەکتر گەیشتنە ڕێککەوتن. ڕێککەوتنێک کە هەم دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و هەم حەماس لەناوبەرێت. ئیسرائیل و ئەمریکا تۆڕی بە وەکالەتی ئێرانیان لە ناوچەکەدا هاڕیووە و له ژێرخانی ئەتۆمیی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامییان داوە و لەو ڕێگایەش چڕنوکی کۆماری ئیسلامیان بەسەر بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شکاندووە .
لە ئەنجامدا، ئەم دوو کارەکتەرە تێکدەری نەزمی ناوچەکە لە دۆخێکی لاوازدان. بە واتایەکی تر، داهاتوویەکی باشتر بە تەواوی لە دەستدایە. سیاسەتمەدارانی ئیسرائیلی لەناویاندا بنیامین ناتانیاهۆ، دوای چەندین ساڵ کە وشەی "ئاشتی" لە فەرهەنگی سیاسیی خۆیاندا لابردبوو، دووبارە باسی لێدەکەنەوە .
ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕێگای پێشەوە بێ بەربەستە. ئیسرائیل لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیرە و لە شەقامە عەرەبییەکان و گۆڕەپانەکانی ئەوروپا و دامەزراوە زانستییەکانی ئەمریکادا لە ڕادەبەدەر نا پەسندە . هەروەها حەماس بەهێزترین هێزی سیاسی و سەربازییە لە غەززە و لە کەرتی ڕۆژئاواش له پشتیوانی جەماوەری بەهرەمەندە. ئێران هێشتا هەڕەشەیە، تەنانەت ئەگەر لاوازتریش بووبێت. لەو دۆخەدا ئیخوان موسلیمینی ڕادیکاڵ کە لەلایەن قەتەر و تورکیا پاڵپشتی دەکرێت، نفوزی خۆی فراوان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بە پێچەوانەی ڕابردوو، هەموو ئەم بەربەستانە دەتوانرێت تێپەڕێنرێن. بەڵام تێپەڕاندنی هەموو ئەوانە پێویستی بە هاوپەیمانیەتێکی نوێ هەیە لە ناوچەکەدا. ئەم هاوپەیمانیێتییە دەبێت بەدیلێکی میانڕەو لەبەرانبەر بە میحوەری ئێران و ڕەوتی جیهادی سوننە پێشکەس بکات. لە کۆتاییدا دەبێت فراوانتر بێت بۆ هاوبەشییەکی فراوانتر لە دەریای ناوەڕاستدا و بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، دەبێت پشتیوانی بەردەوام و تایبەتی ئەمریکای هەبێت .
پلانی ترامپ بۆ ڕێککەوتن
ڕەنگە ترەمپ لەوەی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بۆ ساڵی 2025 نەبوو بێ ئومێد بوبێت، بەڵام لە چاوی زۆربەی ئیسرائیلییەکاندا شایەنی ئەوەیە. سەرۆکی ئەمریکا چوارچێوەیەکی ئاگربەستی بەسەر نەتانیاهۆدا سەپاند، لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەرانبەر خواستی گشتییدا بۆ ڕێککەوتنێک کە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و شەڕەکە ڕابگرێت بەرەنگاریی دەکرد. ترەمپ ئەمەی لەکاتێکدا کرد کە هاوکات میسر و قەتەر و تورکیای ناچار کرد بۆ ئەوەی فشارێکی زۆر بخەنە سەر حەماس، گروپێک کە ئامادە نەبوو ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە واژۆ بکات. ئەو هەنگاوە نومایشێکی درەوشاوە بوو لە جوانی دیپلۆماسی، کە دیپلۆماسیەتی هاتن و چونی هێنری کەیسینجەری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا بیردەخاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی یۆم کیپور لە دەیەی ساڵانی 1970 دا .
ڕێککەوتنێک کە ترەمپ لە نێوان دوولایەندا ڕێکیخستووە، ڕوەن نییە. زۆر لە ناوەڕۆکی باس نەکراوە ماوەتەوە پێدەچێت واشنتۆن گەرەنتی دولایەنە و ڕەنگە تەنانەت دژبەیەکیشی بە هەردوولا دابێت. بەڵام ئەو ناڕوونییە بە مەبەستە، چونکە ڕێگە بە هەر لایێک دەدات ئیدیعای سەرکەوتن بکات. ئیسرائیل سەرکەوتنی خۆی لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، لەناوبردنی دامەزراوەی سەربازیی حەماس و داڕشتنی پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەڵاتەکەی و چەکداماڵینی هێزەکانی دەبینێت. هەروەها ئیسڕائیلیەکان تا کاتی چەکداماڵینی تەواوی حەماس کۆنترۆڵی ناوچەیەکی ئەمنی لە غەززەدا دەپارێزن .
لە لایەکی دیکەوە حەماس دەتوانێت ئیدیعایی ئەوە بکات کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە بەرامبەر سوپای ئیسرائیل وەستاوە، ناچاری کرد لە غەززە بکشێتەوە، ئازادکردنی هەزاران دیلی فەلەستینی بەدەست هێناوە، پرسی فەلەستینی دووبارە بۆ کارنامەی جیهانیی گێڕاوەتەوە و گەرەنتی بەدەست هێناوە کە ئیسرائیل شەڕ دەستپێناکاتەوە .
ئاگربەستی غەززە و دیزاینی ناڕوونی ڕێککەوتنێکی سێ قۆناغی
شەڕی غەززە ڕەنگە دووبارە هەڵگیرسێتەوە. پلانی ئاشتی ٢٠ خاڵیی ترەمپ لە سێ قۆناغدا داڕێژراوە، تەنیا قۆناغی یەکەم بە ڕوونی باسکراوە و پێوەری ژمارەیی تایبەت لەخۆدەگرێت: ئازادکردنی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان، لەگەڵ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی ناوەندی غەززە. ڕەنگە حەماس تەنانەت لەم قۆناغەشدا ئەو ناڕوونییانەی کە هەن بقۆزێتەوە تا پڕۆسەی گواستنەوە بۆ قۆناغی داهاتوو هێواش بکاتەوە، بەو شێوەیەی لەو دواییەدا کە لە گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان پێشانی داوە .
قۆناغی دووەم، یەعنی چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نوێی حوکمڕانی لە غەززە بە بەشداریی هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان، زۆر قورستر دەبێت. ئەگەر هەردوولا نەتوانن ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکەن، ڕەنگە غەززە دوچاری چارەنووسێکی هاوشێوەی لوبنان بێت: بە ڕواڵەت لە ژێر ئیدارەی حکومەتێکی شەرعیدا، بەڵام بە کردەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوێکی میلشیادا. (لە لوبنان ساڵانێکە حزبوڵڵا وەها دۆخێکی هەیە) لەو حاڵەتەدا ڕەنگە جارێکی دیکە ئیسرائیل ناچار بێت لەو ناوچانەی غەززە کە حەماس هێشتا چالاکە بێتەوە نێو شەڕ .
قۆناغی سێیەمی ئەو پلانە، بریتییە لە دروستکردنی ڕێگایەک بەرەو حوکمڕانی فەلەستین و مافی چارەی خۆنووسین، بە مەرجی داماڵینی چەکی تەواوی غەززە و چاکسازی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین. ئەم قۆناغە گرنگترین و لەهەمانکاتیشدا درێژخایەنترین بەشی پلانەکەی ترەمپە کە تەنیا لەکاتی هاتنەدی تەواوی دوو قۆناغی یەکەم جێبەجێ دەکرێت .
لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو گومانانە، هۆکارگەلێکی گونجاو هەیە بۆ گەشبینی کە لانی کەم ئەم جەنگە بەڕاستی کۆتایی هاتبێت. کۆمەڵێک فشار و هاندان وایکردووە ترەمپ و تیمەکەی بەرەیەکی عەرەبی و فەلەستینی پێکبهێنن کە پشتگیری لە چەک داماڵینی حەماس بکات، ئەمەش دەستکەوتێکی بێ وێنەیە لە ناوچەیەکدا کە تا ئێستا هیچ ئەکتەرێک خۆبەخشانە لە توانای سەربازیی خۆی چاوپۆشیی نەکردووە .
سیاسەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێراندا
هەروەها ڕوبەڕوو بوونەوە فراوانەکانی ناوچەکەش ڕەنگە کەم ببێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی جددی لاواز بووە. هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، بەشە سەرەکییەکانی پێکهاتەی ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج و زیانی پێگەیاندووە، لەناویاندا دامەزراوە ئەتۆمییەکان، سیستەمی مووشەکییەکان، بەرگریی ئاسمانیی و بە تایبەتی تۆڕی هێزی بە وەکالەتی ناوچەیی. لە لوبنان ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دەسەڵاتی حزبوڵای کەمکردۆتەوە و ئێستا ئەو گروپە لەژێر فشاری زیاتری ئەمریکا و حکومەتی لوبناندایە. لە یەمەن، حوسییەکان هێشتا بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی لە دەریای سوور دادەنرێن. بەڵام توانای ئەوان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەهۆی کاریگەری سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ئیسرائیلەوە سنووردارە .
مانەوەی حکومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع لە سوریا و ئەو دانپێدانانە بەربڵاوی، زیاتر لە پێشوو دابەزینی نفوزی ئێران دەردەخات، بەتایبەت لەوێوە کە جۆلانی بەڕوونی مەیلی بە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیدا نییە. لە ناوخۆی ئێراندا، ڕێژیم لەگەڵ کێشەوبەرە ئابوورییە توندەکان ڕوبەڕوو بوەتەوە، چونکە گەمارۆ بەربڵاوەکان بناغەی ئابووریی ئەو وڵاتەی داڕزاندووە. تەنانەت فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لەو دواییانەدا سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان به بەکارهێنانی میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دامەزراندووەتەوە .
هەرچۆنێک بێت، نابێت کۆماری ئیسلامی بەکەم بگیرێت؛ ئەو حکومەتە تا ئێستاش یەکێک لە هەڕەشە جێگیر و بەردەوامەکانی ناوچەکەیە. سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بەدوای تۆڵەسەندنەوەن لە ئیسرائیل و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە پەکین، مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پێداچوونەوە بە وانەکانی ئەم شەڕەدا دەکەن. ژێرخانی ئەتۆمی ئێران زیانی پێگەیشتووە، بەڵام ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی کاریگەر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر بەرنامەی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و هێشتا ئەندازەی پێویستی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ دروستکردنی چەند چەکی ئەتۆمی لەبەردەستدایە .
بەرپرسانی ئێران چەندین جار باسیان لە گۆڕانکاری لە "ستراتیژی ئەتۆمی" کردووە و تەنانەت هەڕەشەیان کردوە لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بێنە دەرەوە و یان یان ڕاستەوخۆ بۆمبەکە بەدەست بهێنن. پاڵنەری ئێران مەیلی بۆ تۆڵەسەندنەوەیه لە ئیسرائیل و لە هەموو ئامراز و سەرچاوەیەکی دارایی بەردەست بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا کەڵک وەردەگرێت. بە هەمان هۆکار تاران بە کردەوە تاکە حکومەتێکە کە پێشوازی لە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە نەکردووە .
پەیوەندییە تایبەتییەکان
لە سەر ڕێگای داڕشتنی ئایندەی نوێی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل یەک سوودی گەورەی هەیە: پەیوەندییەکی بەهێز و ناوازە لەگەڵ ئەمریکا. سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان سەبارەت بە هاوپەیمانی واشنتۆن و تەلئەبیب لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ زیاتر لە جاران بەهێزتر بووە و ئەنجامێکی بەرچاوی لێکەوتەوە. هەماهەنگی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەبێ ئەوەی شەڕێکی ناوچەیی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێبکەوێتەوە، باری واشنتۆنی لە دانوستانەکانی داهاتوودا بەهێزتر کرد. پێشبینییەکان دەربارەی وەدیهاتنی شەڕی ناوچەیی، داخستنی گەرووی هورمز، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و شەپۆلی تیرۆر بەدی نەهات. لە غەززەش پشتگیریی دیپلۆماسی، دارایی و سەربازی ئەمریکا یارمەتی ئیسرائیلی دا بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی سەربازی حەماس و دواجار واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئازادکردنی بارمتەکان .
بێگومان ئەو دوو وڵاتە هەمیشە بە یەک ئاراستەدا نەڕۆیشتوون؛ بەرپرسانی ئەمریکی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا فشاریان خستە سەر ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێن کە ئەنجامەکەی ڕێککەوتنی ئەو دواییە بوو. بەڵام ئەزموون دەریخست کە کاریگەری ڕاستەقینەی واشنتۆن لەسەر سیاسەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی پشتیوانی ئاشکرا و فشاری پشت دەرگا داخراوەکان دێت نەک لە ڕێگەی ڕەخنەی گشتی یان گەمارۆی چەک.
ئەنجامی ئەم هاوکارییە گەڕانەوەی ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکا بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. واشنتۆن توانی بەبێ لەدەستدانی تەنانەت یەک سەربازی ئەمریکایی، هەم لە مەیدانی سەربازیی دا سەرکەوێت و هەم نێوەنگیریی ئاشتیێکی بکات کە لە سەرانسەری ناوچەکە پێشوازی لێکرا. ئەم دەستکەوتە دەریخست کە بوونی ئامانجدار و بەردەوامی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە پێچەوانەی بۆچوونە ڕەشبینەکان، دەتوانێت پێگەی جیهانی ئەمریکا بەهێزتر بکات .
بەڵام بۆ ئیسڕائیل پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا ئیستسنایە. لە شوێنەکانی دیکەی جیهان، ئەو وڵاتە لەگەڵ شەپۆلێک لە ئیدانەکردن ڕوبەڕوو بووەتەوە. وێنە دڵتەزێنەکان لە غەززە، کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەری لە سێبەر داناوە و ئەنجامی ئەوە، ڕەخنە توندەکان نەک تەنها لە لایەن ڕەخنەگرانی دێرین، بەڵکو تەنانەت لەلایەن هاوپەیمانانی وەک ئەڵمانیا و ئیتالیاشەوە بوو .
ئەم کاردانەوانە دەرئەنجامی ڕاستەقینەی هەیە: حکومەتە عەرەبییەکان پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرتووە تا توڕەیی هاووڵاتیانی خۆیان نەوروژێنن. هەروەها زۆرێک لە بەرپرسانی ناوچەکە ترسیان لەوە هەیە کە ئیسرائیل بەدوای هەژموونی ناوچەییەوەیە لە ڕێگەی باڵادەستی سەربازی و فراوانکردنی خاکەوە. لەگەل ئەوەی ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل هیچ پلانێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە، لوبنان و سوريا نیە. دەنگە توندڕەوەکانی ناو هاوپەیمانییەکەی کە قسە لەسەر لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا دەکەن، ڕووبەڕووی دژایەتی ڕای گشتی ئیسرائیل و ئیدارەی ترەمپ بونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش وێنەی ئیسرائیل لە جیهاندا وەک وڵاتێکی ناکۆک لەگەڵ بەها لیبڕاڵەکان و هاوبەشێکی جێی متمانە نەکراو دەمێنێتەوە .
ڕکابەرە نوێیەکانی ناوچەیی
هاوکات ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕکابەری نوێ دەبێتەوە. هەرچەندە ئێران لاواز بووە، بەڵام حکومەتەکانی هاواهەنگ لەگەڵ ئیخوان موسلیمین لە قەتەر و تورکیە نفوزی خۆیان زیاتر کردووە. هەردوو وڵات بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە شەخسییەکانیان لەگەڵ ترەمپ پێگەی ناوچەیی خۆیان فراوانتر کردووە و ئێستا لە نزیکەوە لەگەڵ واشنتۆن لە سوریا کاردەکەن. قەتەریش نفوزی خۆی لە لوبنان فراوانتر کردووە. دوای ئەوەی شکستی ئیسرائیل لە تیرۆر کردنی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە، ترەمپ ناتانیاهۆی ناچار کرد داوای لێبوردن لە قەتەر بکات، کۆشکی سپیش گەرەنتی ئەمنی هاوشێوەی بەڵێنەکانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتە دەرکرد .
هیچ کام لەو وڵاتانە بە ئەندازەی ئێران مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکەن، بەڵام دۆستیش نین. هەروەها قەتەر پستیوانی دارایی حەماسە و لەڕێی کەناڵی ئەلجەزیرە پەیامەکانی دژی ئیسڕائیل بڵاو دەکاتەوە. کەواتە پێویستە ئیسرائیل بە وردی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆحە و ئەنقەرە بەڕێوەبەرێتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن، هانیان بدەن کە سیاسەتی دوژمنکارانەیان بگۆڕن؛ ئەگینا ئەم دوو وڵاتە دەتوانن بە بەهێزکردنی ڕەوتە توندڕۆکانی سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو بۆشایەی بەهۆی پاشەکشەی ئێران دروست بووە پڕ بکەنەوە .
لە کات و شوێنی گونجاودا
سەرەڕای ئاستەنگەکانی وەک دابڕان، ئێران و توندڕەوی سوننە، دیمەنی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا دەگۆڕێت. ئێستا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و سوریا هەیە و تەنانەت ڕەنگە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی وردە وردە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش. هەروەها دەتوانرێت پانتایی "پەیمانەکانی ئیبراهیم" بۆ جیهانی ئیسلامیش درێژ بکرێتەوە. ئەندۆنیسیا، قەرەباڵغترین وڵاتی موسڵمان لە جیهاندا، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکان لەم ئاراستەیەدا. بەهەمان شێوە سۆماڵ لە قۆڕنی ئەفریقا کە بەدوای دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت و پێگەیەکی ستراتیژی هەیە لە بەربەرەکانی لەگەڵ حوسییەکاندا. لە حاڵەتی بە فەرمی چونی ئازەربایجان بۆ ناو ئەو هاوپەیمانییە ناوچەییە، هەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر دەکات و هەم سەقامگیری لە ئاسیای ناوەڕاست زیاد دەبێت. هەروەها ئەگەری گۆڕانکاری سیاسی لە ئیسڕائیل دەتوانێت زەمینە بۆ پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی لەبار بکات .
گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی هەروەها بۆ وەها پرۆسەیەک ئاسانکاری دەکات. ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتان لە سەرانسەری جیهان، لەناویاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدوای سەربەخۆیی زیاتردان لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و هەمەچەشنی لە هاوبەشی و پێناسەکردنەوەی وابەستەییەکانی خۆیاندا. سەرنجیان لەسەر تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانە کە بۆ "بەهای نوێی هێز" گۆڕاوە و لەسەر پاراستنی سەقامگیری. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دادەڕێژرێت کە توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان و هاوپەیمانەکانیان هەیە بەبێ دەستێوەردانی بەردەوامی ئەمریکا، توانای ئابوورییان بۆ ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ناوچە وێرانبووەکان لەبەردەستدایە، وە تەکنەلۆژیای بەرزی پێویستیان هەیە بۆ بەستنەوەی ئابووری ناوچەکە بە ئاسیا و ئەوروپا لە هەمان کاتدا پشت بە سەرکردایەتی ئەمریکا دەبەستن لەکاتی پێویستدا .
ئیسرائیل بە سوپایێکی بەهێزەوە، پیشەسازی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پەیوەندییە قووڵەکانی لەگەڵ واشنتن، باشترین هاوبەشە بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کە دەیانەوێت ئەم ڕێگایە بگرنەبەر .
فراوانکردنی پەیمانی ئیبراهیمی
وڵاتانی ناوچەکە تەنانەت بەبێ ئاساییکردنەوەی فەرمیش دەتوانن هاوکارییەکانی خۆیان قووڵتر بکەنەوە.دەتوانن ئیکۆسیستەمێکی تەکنەلۆژی دروست بکەن کە ئەمریکا بە ژێرخانی کەنداو و سەرچاوە وزەییەکانی و زانیاری و داهێنانی ئیسرائیلەوە ببەستێتەوە؛ هاوکارییەک کە زۆر کەمتر هەستیاریی سیاسیی هەیە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا حکومەتە عەرەبییەکان دەبێت بەسەر ترسی توڕەیی گشتیدا زاڵبن و ڕێبازی یەکگرتنی ناوچەیی پێشبخەن .
ئیسرائیل دەتوانێت هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن فراوانتر بکات. پێویستە هەردوو وڵات هاوبەشییەکی تەکنەلۆژی نوێ دروست بکەن، کە لەچوارچێوەی لێکتێگەیشتننامەیێکی دوولایەنە ڕێکبخرێت، کە وەبەرهێنانی هاوبەش لە بواری ژیاری هەروەها زیرەکی دەستکرد، ژمێریاری کوانتەم، وزە و نیمچە گەیەنەرەکاندا لەخۆبگرێت. لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییەدا پێویستە ئەمریکا هاوکارییە بەرگرییەکانی خۆی بۆ ئیسرائیل بۆ یەک دەیەی داهاتوو درێژ بکاتەوە .
لە هەمووی گرنگتر ئەمریکا دەبێت یارمەتی ئیسرائیل بدات بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی. ئەوە مانای، پێش لەهەر شتێک، گوشار بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان؛ بەڵام هەروەها دەبێت دڵنیابێت کە ئیکۆسیستەمی داهێنانی ئیسڕائیل لەگەڵ ژێرخانەکانی کەنداوی فارس و ڕێگای ئابوری هندستان-ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست - ئەوروپا (IMEC) بەستراوەتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، واشنتۆن دەتوانێت نوێنەرێکی تایبەت دەستنیشان بکات کە ئەرکی هەماهەنگتر کردنی ئەو گروپە لە وڵاتان بێت. ئەو نوێنەرە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی ئیکۆسیستەمێکی تەکنەلۆژیا کە ژێرخانی کەنداو بە کەرتی خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی هیندستانەوە ببەستێتەوە. - ئەم پلانە بە تەواوی هاوتەریبە لەگەڵ پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دووەم ناوەندی تەکنەلۆجیای جیهان لە دوای ئەمریکا .
لە بواری سەربازیشدا پێویستە ئەمریکا پێکهاتەیەکی ئەمنی هەمیشەیی دروست بکات کە سەرچاوەکانی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداوی فارس تێکەڵ بکات. ئەو پلانە دەتوانێت سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی ناوچەیی لە ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) لەخۆبگرێت، هەروەها پێکهاتەیەکی فەرماندەیی هاوبەشی فراوانتر بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەریایی، ئەلیکترۆنی و دژی تیرۆریزم بێت. ئەم پێکهاتەیە دەتوانێت بەحرەین، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، عەرەبستانی سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و تەنانەت قەتەریش لەخۆبگرێت - ئەگەر سیاسەتەکانی خۆی ڕێکبخات .
بۆ فراوانکردنی هاوکاریی، ئیسرائیل، ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەبی دەبێت هاوپەیمانی ناوچەیی خۆیان بگۆڕن بۆ هاوبەشییەکی فراوانتری دەریای ناوەڕاست بە ئامانجی برەوپێدانی سەقامگیری، گەشەکردن و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی لە نێوان هەموو ئەندامەکاندا. پێویستە ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیێکی سەرکردایەتی بە ئامادەبوونی هاوبەشە عەرەبەکان، قوبرس، یۆنان و ئیتالیا (وە لە داهاتوودا بە بەشداری ئازەربایجان، ئەڵمانیا و هیندستان) ئەو پڕۆسەیە دەست پێبکەن. لەو کۆبوونەوەدا وڵاتان دەتوانن لەسەر وەبەرهێنانی هاوبەش لە بواری بەرگری، تەکنەلۆژی و وزە ڕێکبکەون، لەگەڵ گرنگیدان بە داهێنانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاییەکانی کەش و هەواو و کەمکردنەوەی نائاسایشی خۆراک و ئاو، هەروەها دروستکردنی دامەزراوەیەکی دارایی هاوبەش .
هەروەها دەبێت دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کارەساتە سروشتییە هاوبەشەکان بەرنامە دابڕژێت. ئەمریکا دەتوانێت قەتەر و تورکیاش بانگهێشت بکات بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتییەکە، ئەگەر سیاسەتەکانی دژ بە ئیسرائیل ڕابگرن و کۆتایی بە پارەدارکردنی گروپەکانی وەک حەماس بهێنن و واز لە پڕوپاگەندەی دوژمنکارانەیان بهێنن .
ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە
هاوپەیمانیی عەرەبی-ئیسرائیلی بە پاڵپشتی ئەمریکا لە مێژە ئەگەریترین ڕێگای گەیشتن بە سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، ئەمڕۆش زیاتر لە هەر کاتێکی دی دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. تەحەداکان لە بێ متمانەیی ناوچەییەوە تا زیندووکردنەوەی ئیخوان موسلیمین و هەوڵەکانی ئێران و حەماس بۆ تێکدانی بارودۆخەکە ڕاستەقینەن. بەڵام ئەگەر ئەمریکا ئیرادە نوێیەکەی بە شێوەیەکی دروست ئاراستە بکات و کارەکتەرە خۆجێییەکان دەسەڵاتی خۆیان لەگەڵ ئامانجێکی هاوبەشدا ڕێکبخەن، ئەوا ڕەنگە دواجار ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازنەی قەیرانەکانەوە بچێتە ناو نەزمێکی سەقامگیرەوە .
بۆ بەدیهێنانی ئەم دیدە، واشنتۆن و هاوبەشە ناوچەییەکانی پێویستیان بە چارەسەری تەواوەتی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین نیە، بەڵام دەتوانن ڕێڕەوی ئەوە بە ئاراستەیەکی ئومێدبەخشتر بگۆڕن. لەو بوارەشدا، دەبێت چوارچێوەی پێشنیارکراوی ترەمپ بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئاشتی قبوڵ بکەن؛ کە هەر جۆرە ئیمتیازێکی ئیسرائیل مەرجدار دەکات بە چاکسازییە ڕاستەقینەکانی فەلەستینی . دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین (یان هەر دەوڵەتێکی تری فەلەستین) دەبێت تۆڕە تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە جوڵەکانی دژی ئیسرائیل لە قوتابخانەکان، دامەزراوە مەزهەبییەکان و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بهێنێت. لە بەرانبەردا، ئیسڕائیل دەبێت تەرمی ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە وەربگرێتەوە و کۆنترۆڵی ئەمنی خۆی بەسەر غەززەدا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی حەماس بپارێزێت، تا دڵنیایی بە دەست بێت کە هەر حکومەتێک یان ئیدارەیەکی داهاتوو لە غەززە کاریگەر بێت و لە فەلەستینییەکان و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێک بێت .
بەڵام نابێ یەکگرتنی ناوچەیی بە پرسی فەلەستینەوە ببەسترێتەوە. ئەگەری ڤیتۆ لە لایەن ڕامەڵڵا دەتوانێت تەواوی پڕۆژەکە لەناو ببات و چانسی ناووچەکە بۆ سەقامگیری درێژخایەن لەبار ببات. کاتی ئەوە هاتووە کە پرەنسیپی "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە" نەک هەر وەک دروشمێکی سیاسی، بەڵکو وەک ستراتیژێکی واقیعی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامەزرابێت، بەربەستی باوەڕپێکراو و ئەو باوەڕە کە سەقامگیری تەنها بە ئیرادەی ئەو کەسانە گەرەنتی دەکرێت کە ئامادەن بەرگری لێبکەن، دەبێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە .
