لەبۆکان سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی ژن ژیان ئازادی هەڵوەشایەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سزای سێدارەی ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری پێنج بەندکراویی سیاسی کورد و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادیی دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە لایەن دادگای باڵا بە هۆی «نەبوونی شیاوی دادوەر و دادگای بڕیاردەر» هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە سزای سێدارەی تەیفوور سەلیمی بابامیری ٤٧ ساڵە، سۆران قاسمی ٢٨ ساڵە، پژمان سوڵتانی ٣٠ ساڵە، کاوە ساڵحی ٤٠ ساڵە و ڕزگار بابامیری ٤٢ ساڵە لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە بۆکان، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات بە هۆی ئەوەی کە دادوەری بڕیاردەریی سزا لە دەرەوەی توانا و شیاوی یاسایی بووە و دادگای شوێنی بڕیارەکەیش دادگای کردەوەکانی پەیوەندیدار نەبووە، هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچونەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای شۆڕش لەشاری مەهاباد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم حوکمە لە ئەنجامی پێداچوونەوەی داواکاریی هاوبەشی عوسمان مەزین، بێهرووز کیان و نەجات عەلیپوور، پارێزەرەکانی ئەم تۆمەتبارە سیاسییانە لە لایەن دیوانی باڵا دەر کراوە و ڕۆژی شەممە (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە.

عوسمان مەزین، پارێزەری  ڕزگار بابامیری لە شرۆڤەی هۆکارەکانی دیوان باڵای وڵات بۆ دەرکردنی ئەم حوکمە ڕایگەیاندووە کە دیوانی باڵا بە سەرنجدان بە ئەوەی دادوەریی بڕیاردەریی سزای سێدارە لە کاتی دەرکردنی ئەو حوکمە هیچ پلە و پایەیەکی لە لقی پەیوەندیدار نەبووە و دادگای بڕیاردەریش دادگای کردەوەکانی پەیوەندیدار نەبووە، دەسەڵاتی پێداچوونەوە بە کەیسەکەی نەبووە؛ بۆیە، سزای سێدارە هەڵوەشایەوە و بڕیاری پێداچوونەوە بە کەیسەکە بۆ دادگای پەیوەندیدار و دەسەڵاتداری ناوخۆیی (دادگای شۆڕشی مەهاباد) دەرچووە.
ئ.ە