مه‌سعود بارزانى: هێشتا هەندێک کەس له‌به‌غدا لەژێر کاریگەریی فەرهەنگی جینۆسایدان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بەجینۆساید چه‌ند په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و داواكاریه‌كى ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كات، ده‌ڵێت، "پێویستە لەعێراق دەستور ناوبژیوانی نێوان هەولێرو بەغدابێت، چونکە  هێشتا هەندێک کەس لەژێر کاریگەریی فەرهەنگی جینۆسایدان".


مه‌سعود بارزانى له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا وتى، "داوا لەپەرلەمانی وڵاتانی جیهان دەکەم، جینۆسایدی کوردستان بەفەرمی بناسێنن، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش قەرەبوی ئەو خەڵکە بکاتەوە".

لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بەدیکۆمێنتکردنی ئەو جینۆسایدانەی کە بەرامبەر گەلی کورد کراون، لەهەمانکاتیش مامەڵەی زانستی لەگەڵ ئەو پرسە، پێنجەمین کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی (دیکۆمێنتکردنی زانستی تاوانەکانی ئەنفال‌و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەرەو دانپێدانانی نێودەوڵەتیی بەجینۆسایدی گەلی کورد) لەزانکۆی دهۆک ده‌ستیپێكرد.

له‌و مه‌راسیمه‌دا مه‌سعود بارزانی ڕایگەیاند، "جینۆسایدی ئێزدییەکان خوێن لەدڵی مرۆڤ دەهێنێت، تاوانەکان ئەوەندە گەورەن هەرگیز لەبیر ناکرێن، ئەوەی لەکوردستان ڕویداوە لەهیچ شوێنی دیکەدا ڕوینەداوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە جارێکی دیکە ئەو تاوانانە لەکوردستان دوبارە نەبنەوە".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "لەڕابردودا تائێستا قەدەری گەلی کوردستان هەر ستەم‌و ئازار بوە، 12 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکراون، داوا لەپەرلەمانی وڵاتانی جیهان دەکەم جینۆسایدی کوردستان بەفەرمی بناسێنن، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش قەرەبوی ئەو خەڵکە بکاتەوە".

ئه‌وه‌شى وت، "پێویستە لەعێراق دەستور ناوبژیوانی نێوان هەولێرو بەغدا بێت، چونکە  هێشتا هەندێک کەس لەژێر کاریگەریی فەرهەنگی جینۆسایدان".