ئاوی ڕوباری فوڕات لەعێراق بۆ ئاستێكی پێوانەیی دابەزیى

عیراق

11/09/2025‌ 3397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕوباری فوڕات لەناو عێراق دابەزینێكی بێوێنەی ئاوی تۆماركردوە كە تائێستا نەگەیشتوە بەو ئاوستە، هۆشداریش لەدروستبونی قەیرانی ژینگەیی‌و تەندروستی لەشارەكانی باشور دەدرێت.


وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانى عێراق ئاشكرایكرد، عێراق لەئێستادا تەنها له‌35%ی پشكی ئاوی خۆی وەردەگرێت، ئەمەش بوەتە هۆی وەستان لەڕێڕەوی فورات‌و زیادبونی گەشەی ڕوەكی زیانبەخش كە بوەتە هۆی تێكچونی ژینگەی ئاویی‌و خنكانی ماسییەكان.

ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، هەروەها ئاوی عەمباركراو لە 10 ملیار مەتر سێجا لەمانگی ئایاردا بۆ كەمتر لەهەشت ملیار مەتر سێجا كەمیكردوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر توانای وڵاتەكە هەبوە لەبەڕێوەبردنی سەرچاوە بەردەستەكان.

سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو، لەپارێزگاكانی (نەجەف‌و كەربەلا) بەرزبونەوەی ڕێژەی پیسبون‌و تێكچونی كوالێتی ئاوى لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش لەئەنجامی تێكەڵبونی ئاوەكە بەئاوی پیس‌و كەمی چارەسەركردن.

حكومەتی عێراق، توركیا بەهۆكاری دابەزینی ئاوی فوڕات تۆمەتباردەكات بەهۆی ئەو بەنداوانەی كە له‌سه‌ر سەرچاوەی ئاوەكە دروستیكردون‌و داوای ڕێككەوتننامەی ئاوی كردوە كە مافی پارێزراوبێت.

لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هۆشداریدەدەن، پشتبەستن بەكۆگای ئاوی ئێستا ناتوانرێت بەردەوامبێت، بەهۆی زیادبونی وشكەساڵی‌و گۆڕانی كەشوهەوا.