شارپرێس:
به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌ك، دەزگای هەواڵگری تورکیا کەمپێكى گه‌وره‌ى مه‌شق‌و ڕاهێنانى بۆ ئەندامانی داعش لەلادێکانی ئیدلب‌و حەلەب كردوه‌ته‌وه، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوه‌پێكردنیان له‌ناوچە جیاجیاکانی سوریادا.
زانیارییەکان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، کەمپەکان تایبەتن بەمەشق‌و ڕاهێنان بەئەندامانی داعش لەهەردوو ڕەگەزنامەی سوریی‌و عێراقی، لەنێویاندا ئەوانەی پێیاندەوترێت (بەچکەی خەلافەت)، کە کوڕی هەرزەکاری ئەندامانی داعشن‌و بەئایدۆلۆژیای توندڕەو پەروەردەکراون‌و له‌ئێستادا به‌شێكیان باوكیان له‌ژیاندا نه‌ماوه‌و به‌شێكى دیكه‌شیان باوكیان له‌ژیاندا ماوه.
ئه‌وه‌ى ئاشكرابوه ئه‌وه‌یه، ئه‌وكه‌سه‌ى مه‌شق‌و ڕاهێنانى سه‌ربازیى‌و ته‌كنیكى نوێى سه‌ربازیى به‌به‌چكه‌كانى داعش ده‌كات، كه‌سێكى به‌ڕه‌گه‌ز عێراقییە بەناوی (ئەبو ئەلبەرا)و له‌بنه‌ڕه‌تدا خەڵکی ناوچەی ئەنبارە لەعێراق‌و تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وكه‌سانه‌ى له‌كه‌مپه‌كاندا مه‌شقیان پێده‌كرێت‌و نه‌زانرێت به‌چكه‌ى داعش‌و سه‌ر به‌ئایدۆلۆژیاى داعشن، هه‌ستاوه به‌دروستكردنى ناسنامه‌ى گروپه چه‌كداره‌كانى سوریا كه له‌لایه‌ن توركیاوه به‌ڕێوه‌ده‌برێن‌و به‌شێكیان ناسنامه‌ى توركى‌و به‌شێكى دیكه‌ش ناسنامه‌ى سوپاى نیشتمانى سوریایان بۆ ده‌ركراوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى زانیاریه‌كانى ئاشكراكردوه وتویه‌تى، "توركیا بڕیاریداوه، دوای تەواوکردنی مەشق‌و ڕاهێنانەکانیان، بڕیارە ئەو به‌چكه داعشانه ڕەوانەی ناوچەکانی بادیەی سوریا‌و لادێکانی حەلەب‌و ئیدلب بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ جێگیرکردنی دواتریان له‌ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات".
بەگوێرەی زانیارییەکان، کەمپەکان لەناوچە دارستانە دورەدەستەکان لەلادێکانی حەلەب‌و ئیدلب هەڵکەوتون، یەکێک لەو کەمپانەش دەکەوێتە لادێکانی عەفرین، بەتایبەتی لەقەزای شه‌ران، کەمپێکی دیکەش دەکەوێتە ناوچەی دێر حەسەن كه هه‌ڵكه‌وتوه له‌نێوان لادێکانی حەلەب‌و ئیدلب.
ئەو ناوچانەی کە لەلایەن سوپاى تورکیا‌و گروپه چه‌كداره سوریه‌كانى سه‌ر به‌ئه‌نكه‌ره‌وه کۆنترۆڵکراون، پەناگەیەکی ئارامن بۆ داعش‌و به‌چكه داعشه‌كان، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا یان گروپه چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌توركیادان، بونەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ داعشه‌كان، بەتایبەتی دوای کوژرانی سێ لەسەرکردەکانی داعش لەپارێزگای ئیدلب کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایەکە لایه‌نه نێودەوڵەتییەکان هۆشداریدەدەن لەمەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش لەسوریاو عێراق.
ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشتر ئاماژەی بەزیادبونی چالاکییەکانی داعش لەو ناوچانە کردوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی تورکیا‌و گروپه سوریەكانى سه‌ر به‌توركیادان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایانکرد، ژمارەیەک لەوکەسانەی بە "ئەمیر"و ئەندامانی داعش ناسراون، ئێستا لەناو ڕیزەکانی گروپه چه‌كداره‌كانى (سوپای نیشتمانی)دان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی‌و پاره‌دار ده‌كرێن.
