شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەو هاوپەیمانییەی کە هێزە سیاسییە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراق کۆدەکاتەوە، ڕاستی پشت کاندیدکردنی حەمید غازی ئەمینداری گشتیی ئێستاى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و ئەندامی ڕەوتی سەدر، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەقۆناغی داهاتوودا ئاشکراده‌كات.
عوده‌ى خدران ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرایكردوه، "ئه‌و زانیاریانه‌ى بڵاوبونه‌ته‌وه گوایه ڕێكه‌وتن كراوه له‌سه‌رئه‌وه‌ى حەمید غازی ببێته كاندیدى داهاتوى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕاست نیین‌و هیچ بنه‌مایه‌كى نییه".
پێشتریش ڕه‌وتى نیشتمانى شیعەكان بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، گوایه حەمید غازی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەحکومەتی داهاتوی عێراق کاندیدکراوە.
عوده‌ى خدران ڕونیشیکردەوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا لەپرۆسەی ڕاوێژکاری ناوخۆییدایە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکان لەپێکهاتە جیاوازەکان، بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان کە دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی کەسایەتییەک كه کۆدەنگی له‌سه‌ربێت‌و لەئاست خواستەکانی گەلی عێراقدابێت‌و بتوانێت ڕوبەڕوی ئاستەنگەکانی ئێستا ببێتەوە لەماوەی قۆناغی داهاتوو".
بەوتەی عوده‌ى، "هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕەوتی نیشتمانى سەدریه‌كان، هێزە سوننیەکان، یان هێزە کوردییەکان سەبارەت بەو ناوە یان هەر ناوێکی دیكه نییە، چوارچێوەى هه‌ماهه‌نگى حەزدەکات میکانیزمی كۆده‌نگى‌و شەفافانه بگرێتەبەر لەهەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، دور لەفشاری میدیایی یان دزەپێکردنی نادروست".
حەمید نەعیم غازی ئێستا له‌كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د شیاع سودانى پۆستى ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقى هه‌یه، لەساڵی 1978 لەپارێزگای زیقار لەدایکبوەو ئێستا ته‌مه‌نى 47 ساڵه.
