شارپرێس:
حکومەتی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر گۆڕینی ناوی جەنگی کەرتی غەززە بۆ "جەنگی هەستانەوە" ڕەزامەندی دەربڕیی.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لەسەر زاری بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانەوە گواستویەتییەوە کە لە سەرەتای دانیشتنی حکومەتدا وتویەتی، "ئەمڕۆ پێشنیازێک پێشکەش بەحکومەت دەکەم بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر ناوێکی فەرمیو هەمیشەیی جەنگەکە بدات، جەنگی هەستانەوە".
وتوشیەتی، "دوای دوو ساڵ لەشەڕی بەردەوام، بیرمان دێتەوە چۆن دەستمانپێکرد، لەکارەساتە ترسناکەکەی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هەستاینەوە، ئەمە جەنگی هەستانەوەی گەلەکەمانە، وەک درێژبونەوەیەکی ڕاستەوخۆی جەنگی سەربەخۆیی".
ڕونیشیکردوهتەوە، "بەهێزەوە لەسەر پێی خۆمان وەستاینەوەو هەڕەشەی بونی میحوەرى ئێرانمان لەناوبرد".
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی دوێنی شەممە، داڕشتەی پێشنیازێکی بڵاوکردەوە بەگوێرەی داواکاریی ناتانیاهۆ، بۆ گۆڕینی ناوی جەنگی غەززە لە"جەنگی شمشێرە ئاسنینەکان" بۆ "جەنگی هەستانەوە".