شارپرێس:
جارد کوشنهر زاوای دۆناڵد ترەمپو ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس بەکردەوە بەدوای تەرمی بارمتە مردوەکاندا دەگەڕێتو بەئەنقەست درێژە بەپڕۆسەی گەڕاندنەوەیان بۆ ئیسرائیل نادات.
کوشنهر بۆ پڕۆگرامی "60 خولەک" لەکەناڵی سی بی ئێس شەوی یەکشەممەی ڕابردوو رایگەیاند، "هەوڵێکی زۆر چڕوپڕ هەبوە لەلایەن سەنتەری هاوبەشمان لەگەڵ ئیسرائیلو لەگەڵ ناوبژیکاران بەمەبەستی گەیاندنی هەر زانیارییەک کە ئیسرائیل هەیەتی لەسەر شوێنی تەرمەکان بەناوبژیکارانو حەماس بۆ گەڕاندنەوەیان."
کوشنەر لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتویەتی، "ئەمریکا هەوڵدەدات هەردولا فشار بخاتەسەر هەردولا بۆئەوەی هەڵوێستێکی چالاکانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بگرنەبەر، نەوەک لۆمەی یەکتر بکەن".
لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێیوایە، حەماس "بەنیازێکی باشەوە کاردەکاتو بەجدی بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێت"، کوشنەر وتویەتی، "بهگوێرهى ئەوەی لەنێوەندگیرەکانەوە پێمانگەیشتوە، ئەوان تائێستا زۆر نزیکن لەوەوە، هەرچەندە لەوانەیە ئەمە لەهەر ساتێکدا تێکبچێت، بەڵام ئەوەی تائیستا بینیومانە ئەوان هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان دەدەن".
هەتا بەیانی ڕۆژی دوشەممە، حەماس تەنها 16 لەکۆی 28 تەرمی بارمتەی مردویان گەڕاندوهتەوە کە هێشتا لەغەززە بون کاتێک ڕێککەوتنی ئاگربەست لە 10ی تشرینی یەکەمدا چوە بواری جێبەجێکردنەوە.
حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت دەستبەجێ شوێنی تەرمە ماوەکان دیاریبکات بەهۆی زۆری ڕادەی وێرانی لەکەرتی غەززە، بەڵام ئیسرائیل حەماسی بەدرۆکردن تۆمەتبارکردوە، بەبیانوی ئەوەی کە دەتوانێت بگات بەزۆربەیانو لەهەر کاتێکدا بیەوێت بیانگەڕێنێتەوە.
