بۆچی ئەمریکا و ئەوروپا نایانەوێت سیستمى حوکمڕانى لە ئێران بگۆڕدرێت؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 39 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژە ئاڵنگارى بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانیی لە بەرەى موقاوەمە دروست کردووە. لەگەڵ زیادبوونی قسەکردن لەسەر گۆڕینی ڕژێم لە ئەنجامی پەرەسەندنی قەیرانە ناوخۆییەکان (ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی)، دوودڵییەکی ڕوون لە نێوان زلهێزە گەورەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بۆ خێراکردنی ئەم سیناریۆیە بەدی دەکرێت.
بەڕێوەبردنی مەترسی جیۆپۆلەتیکی
دەتوانرێت نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی تیۆری بەڕێوەبردنی مەترسی جیۆپۆلەتیکیدا لێکبدرێتەوە، کە لایەنگری دۆخێکی سەقامگیری پاسیڤە لەبەرامبەر بە دۆخی ئانارشیدا. چەمکی سەقامگیری پاسیڤ بە واتای قبوڵکردنی دۆخی نەخوازراو (بەردەوامی ڕژێمی ئێران) دێت، چونکە دۆخێکی کۆنتڕۆڵکراو و پێشبینیکراوە کە دەتوانرێت لە ڕێگەی گەمارۆ و جڵەوکردنەوە مەترسییەکانی کەم بکرێتەوە.
ڕۆژئاوا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستێوەردانی شکستخواردوو (بۆ نموونە عێراق، ئەفغانستان و لیبیا)، ئەمەش پەرچەکردارێکى لە بەرامبەر بە بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاڵۆزی بنیاتنانەوەی دەوڵەتدا دروستکردووە، هەربۆیە تێبینی دەکرێت کە ڕۆژئاوا جەخت لەسەر پەسەندکردنی بەڕێوەبردنی ململانێکان دەکاتەوە نەوەک چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی گۆڕینی ڕیشەیی ڕژێمەوە.
شیکاری مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە
داڕمانی لەناکاوی دەوڵەتێکی سەرەکی و هەستیاری جیۆپۆلەتیکی وەک ئێران هەڕەشەی درووستکردنی سێ شەپۆلی گەورەی شۆک دەکات:
‌أ.سیناریۆی ئەتۆمی: ئەمە بەرزترین و دەستبەجێترین مەترسی ئەمنییە. لە ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتی ناوەندیدا، دوو ئەگەری کارەساتبار سەرهەڵدەدەن:
چەکى ئەتۆمی کە دەکەوێتە دەستی میلیشیاکان/گرووپە توندڕەوەکان: لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ماددە تيشكاوەرەکان دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی كارەساتى گەورەى نێودەوڵەتی بەرفراوان.
دەستبەسەرداگرتنی بەرنامەکە لەلایەن هێزى توندڕەوەوە: لایەنە توندڕەوەکانی ناو سوپای پاسداراندەتوانن دەست بەسەر ئەو دامەزراوەیانە بگرن و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی وەک ئامرازێکى فشار بۆ مانەوە خێراتر بکەن، کە ئەگەری هەیە دەستێوەردانی سەربازی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە.
‌ب.کاریگەرییەکان لەسەر تۆڕی پرۆکسی ناوچەیی
ئێران پشت بە تۆڕێکی بەرفراوانی پرۆکسی لە چوارچێوەی بەرەى موقاوەمەدا دەبەستێت. هەرەسهێنانى ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی یەکێک لە دوو سیناریۆی نەرێنی:
هەڵوەشاندنەوە و بێسەرەوبەرەیی: لاوازبوونی پاڵپشتی ئێران دەتوانێت پاڵ بەو هێزانەوە بنێت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی بێ کۆنتڕۆڵ بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەیان ئەنجام بدەن، ئەمەش بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو ململانێی ناوچەیی لەگەڵ ئیسرائیل و سعوديیە پەرە پێدەدات.
سەربەخۆبوونى بەرەى موقاوەمە: میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان دەتوانن ئۆتۆنۆمییەکی تەواو لە هەر دەسەڵاتێکی ناوەندی نوێی ئێران بەدەست بهێنن و بگۆڕدرێن بۆ سوپای ناوچەیی کە خزمەت بە بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان دەکەن و دۆخی دەوڵەتی شکستخواردوو لەو وڵاتانەدا قووڵتر بکەنەوە.
‌ج.ململانێی نەتەوەیی و لێکترازانى یەکپارچەیی خاک
ئێران شوێنی کەمینە نەتەوەییە گەورەکانە (ئازەری، کورد، بەلوچ، عەرەب) کە زۆرینەیان بە دوور لە ناوەند و نزیک لە سنوورەکان نيشتەجێن. داڕمانی حکومەتی ناوەندی دەتوانێت جوڵانەوەى جوداخوازی بەهێز دروستبكات و ئەگەر هەیە وڵاتانی دراوسێ وەک تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، ئازەربايجان، عیراق و تەنانەت هەرێمى کوردستان هەوڵبدەن ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ بەزاندنى سنوورەکان بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە نەتەوەییە تایبەتەکان، ئەمەش ئێران دەکاتە ناوچەیەکی شەڕی بە وەکالەتی ناوچەیی.
کاردانەوەی ئابووری و جیۆ-ئابووری بۆ ڕۆژئاوا:
ئەوروپا و ئەمریکا ترسیان لە داڕمان ئابوورى هەیە لەبەر ئەم هۆکارانه:
أ‌.ئاسایشی وزە (گەرووی هورمز): هەر ناسەقامگیرییەک لە ئێراندا ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە داخستن یان ناسەقامگیربوونی گەرووی هورمز دەکات کە ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ 20%ی نەوتی جیهان. داڕمانی ئەو ڕژێمە بە مانای نەبوونی گەرەنتی بۆ ئاسایشی گەرووەکە دەبێت، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەی جیهانی و هەڕەشە لە ئابووریی ڕۆژئاوا دەکات.
ب‌.قەیرانی پەنابەران: بە پشتبەستن بە ئەزمونی سوریا، وڵاتانی ئەوروپی پێشبینی دەکەن کە داڕمانی ئێران شەپۆلی بەرفراوانی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکانی هەڵاتن لە توندوتیژی و ململانێی ناوخۆی لێبکەوێتەوە، ئەمەش بارگرانییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەخوازراو لە ئێستادا دروست دەکات.
دەرەنجام
ئەمریکا و ئەوروپا ئەوەندە لە تێچووی ئاژاوەگێڕی و نەبوونی بەدیلێکی سەقامگیر دەترسن، ئەوەندە لە لەناوچوونی خودی کۆماری ئیسلامی ناترسن. ترسەکە لە بێتواناییدایە لە کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانى داڕمان، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و ئاسایشی وزە. ڕۆژئاوا پێی باشە بەردەوام بێت لە سیاسەتی خۆگرتن و ڕێگریکردن نەک خۆی بخاتە ناو سیناریۆیەکەوە کە کێشەی زۆر گەورەتر دروست بکات لەوەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.