بۆچی جەڵتەی دڵ لە رۆژدا مەترسیداره

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێ لە سەنتەری نیشتمانیی ئیسپانیا بۆ توێژینەوەی دڵ و دەمار (CNIC) هۆکاری ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بۆچی جەڵتەی دڵ لە شەودا کەمتر توندە لەچاو ڕۆژدا.

 ئەم توێژینەوەیە، کە لە گۆڤاری "پزیشکیی تاقیکاری" بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن دکتۆر ئەندرێس هیدالگۆ سەرپەرشتی کراوە، دەریخستووە کە خانەکانی "نیوترۆفیل" (جۆرێک لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن) کاتژمێرێکی بایۆلۆجی ناوخۆییان هەیە کە چالاکییەکانیان بە درێژایی ڕۆژ ڕێکدەخات.

ئەم کاتژمێرە بایۆلۆجییە کاریگەری لەسەر بڕی ئەو زیانە هەیە کە نیوترۆفیلەکان بە دڵ دەگەیەنن دوای جەڵتەی دڵ. بە شێوەیەکی گشتی، سیستەمی بەرگری لە ڕۆژدا چالاکترە، چونکە مرۆڤ لەو کاتەدا زیاتر بەرکەوتنی لەگەڵ میکرۆبەکاندا هەیە.

 لە کاتی سترێسی زۆردا وەک جەڵتەی دڵ، ئەم وەڵامدانەوە بەرگرییە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بە شانەکانی دڵ. توێژینەوەکە دووپاتی کردۆتەوە کە نزیکەی نیوەی زیانەکانی دڵ دوای جەڵتە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکیی نیوترۆفیلەکان.

بە هاوکاری لەگەڵ گرووپی توێژینەوەی دکتۆر هێکتۆر بوێنۆ، شیکردنەوەی داتای هەزاران نەخۆش لە نەخۆشخانەی 12ی ئۆکتۆبەر، پشتڕاستی کردەوە کە چالاکیی کەمتر و "شەوانەی" نیوترۆفیلەکان لە شەودا دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵێکی کەمتر توند.

هەروەک، توێژەران ستراتیژییەکی دەرمانییان لەسەر مۆدێلی تاقیکردنەوەیی پەرەپێداوە بۆ بلۆککردنی کاتژمێرە بایۆلۆجییەکەی نیوترۆفیلەکان، بەمەش چالاکیی زیانبەخشیان لە کاتی جەڵتەی دڵدا کەمدەکەنەوە و دڵ لە زیان دەپارێزن.
 ئەم دۆزینەوەیە ڕێگای نوێ بۆ چارەسەرکردنی جەڵتەی دڵ دەکاتەوە

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە