شارپرێس:
هەسەدە دەنگۆی بڵاوكردنەوەی هێز لەدێرحافرو مەسكەنە ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت،" ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سوریا بڵاوی دەکاتەوە، دورە لەڕاستی و هەوڵێکە بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستییەکان بڵاویدەكاتەوە".
هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی ڕەتدەكەنەوەو دەڵێت،" وەزارەتی بەرگریی و هێزەکانی سوپای عەرەبیی سوریا هەوڵ دەدەن پەرە بەئاڵۆزییەکانی سوریا بدەن".
هەسەدە لەڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوەدەدات، هێزەکانیان هیچ جموجوڵێکی سەربازییان لەدێرحافرو مەسکەنە نەکردوە، بۆیە دەنگۆكانی وەزارەتی بەرگریی سوریا هیچ ڕاستییەکی تیدا نییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات هێزەکانمان لەو ناوچانە دەستیان بەجموجۆڵی سەربازیی کردوە، بەڵکو ئەوە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سوریایە کە لەو ناوچانە جوڵەی سەربازییان هەیە".
ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكان سوپای سوریا لەچەندین ناوچە دەستی بەجموجۆڵ كردوەو لەپلانیدایە هێرشێكی فراوان دەستپێبكاتەوە.