به‌درۆن‌و موشه‌ك هێرشكرایه‌سه‌ر حزبێكى كوردى‌و شه‌هیدو بریندار هه‌یه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشکرایەسەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان‌و ئه‌و پارته‌ش ده‌ڵێت، "پێشمەرگەیەکمان شەهیده‌و یەکێکی دیکەش برینداربوه‌"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "به‌درۆن‌و موشه‌ك، هێرشمانكراوه‌ته‌سه‌ر".



پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) لەڕاگەیەنراوێکدا نوسیویه‌تى، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، بارەگایەکی سوپای میللیی کوردستان، بۆ جاری چەندەم، بەموشەک‌و درۆن، له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ هێرشیکرایەسەر".

هه‌روه‌ك ده‌شڵێت، "بەداخی گرانەوە لەم پەلامارە، محەممەد ساڵح محەممەدی ناسراو بەنەبەز، ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان‌و ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سوپای میللیی کوردستان، گیانی بەختکردو چوە ڕیزی کاروانی شەهیدان".

هه‌ر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، پاك ئاشكرایكردوه‌، "ئەگەرچی شەهیدبونی خەڵک‌و هەڤاڵانمان لەسەر شەقامەکانی نیشتمان‌و لەسەنگەری پڕ شکۆی پێشمەرگەدا، دڵتەزێن‌و کەسەرهێنە، بەڵام دوژمنی داگیرکەر دڵنیادەکەین ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز بەپەلامارو زەبروزەنگی ئەوان بەچۆکدا نایەن‌و ڕێگای ڕاماڵینی ئەوان‌و ئەستاندنی سەربەخۆیی پڕ ڕێبوارتر دەبێت".

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، هێرشه‌ درۆنى‌و موشه‌كیه‌كه‌ بۆسه‌ر پاك له‌سه‌ر ڕێگه‌ى (هه‌ولێر ـ كه‌ركوك)، کاتژمێر 5:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕویداوه‌و سەرەتا بەدرۆن هێرشکراوەو دواتر بەموشەکێک، لەئەنجامیشدا شەهیدێک‌و بریندارێک هەیه‌، بریندارەکەش بارودۆخی جێگیرە، بەڵام بەشێکی زۆری جەستەی سوتاوەو ناوی (هاوبیر سدیق)ە.

پارتى ئازادى كوردستان پارتێكى ڕۆژهه‌ڵاتیه‌و خاوه‌نى هێزێكى سه‌ربازییه‌ به‌ناوى (سوپاى میللى كوردستان)و ڕێبه‌رى حزبه‌كه‌ش، پێشتر عه‌لى قازى كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د بوو، به‌ڵام له‌دواى كۆچى دوایى، حسێن یه‌زدانپه‌نا ڕێبه‌رایه‌تى پاك-ى گرته‌ ده‌ست.