بەڵێ نەدەبوو جاندۆست بچێ بۆ پایتەختی تیرۆر دیمەشق

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

زمناكۆ ئیسماعیل
بەمەبەستی بەشداریکردن لەپێشانگەی نێو دەوڵەتی دیمەشق، نوسیارو ڕۆماننوسی کورد جاندۆست، لەدیمەشقە، ئەو لەژێر سوڵتەو هەیبەت و هەیمەنەی داعشێکی مکیاژکراو، ئەحمەد شەرع، واژۆ بۆ چەند بەرهەمێکی دەکات، ئەو لەبری ئەوەی، لەڕۆژئاوای کوردستان بێ، هاوئاستی هاووڵاتی و هاونیشتیمانیانی کورد، لەو پارچەیەی نیشتیمان بێ و بەرگری بکات، دوای بەرژەوەندی کەسی خۆی کەوتووە، لەپێناوی واژۆکردن و خۆناساندنی بەدەستەڵاتە ستەمکارییەکەی دیمەشق، بەرژوەندییە گشتییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلەکەی لەیاد کردووە، کەبریتییە لەبەرگریکردن لەئازارو مەینەتییەکانی نەتەوەیەك.

هەمووان دەزانین ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان بەچی دۆخێکدا تێدەپەڕێ، هەمووان دڵمان لەسەر مشتمانە و چاوەڕوانی تەقینەوەی زیاتری ئەو دۆخەین، چونکە لەهەموو لایەکەوە گەمارۆی ڕۆژئاوای کوردستان دراوە، تەنها دوو دەروازەی هاوکاریکردن کەهەیانە، دەروازەی فیشخاپووری هەرێمی کوردستانە، کەهاوکاری مرۆیی و خۆراك و تەندروستییان پێدەگات، لەگەڵ دەروازەی ویژدانی خەڵکە، کە لەسەرتا سەری جیهان، هاوهەڵوێستن و هەندێ بەچونە سەر شەقام و هەندێ بەپارەو بەخشین و هەندێ بەپەیامی پشتیوانی و هەندێکی دیکەش بەخۆبەخشی جەستەیی و هەندێکی دیکەش بەهەڵوێستی جوان و مەردانەیان پشتیوانی ئەو پارچەیەی نیشتیمان دەکەن، بەڵام جاندۆستی ڕۆماننوسی کورد، کە دەبوو لەهەموو کەس زیاتر هەڵوێستی هەبووایە، چونکە لەبەر ئەوەی کوردەو خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەهەمانکاتدا خەڵکی شارە جوانەکەی بەرخودانی کوردان کۆبانێیە، کە ئەوا زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە لەلایەن ئەو دەستەڵاتەی حکومەتەکەی شەرع، گەمارۆ دراوە، کە جاندۆستی بانگکردووە بۆ پێشەنگەی پەڕتۆك و لەدیمەشق پەڕتۆکەکانی بۆ نمایش دەکات، ئەو دەستەڵاتەی کە لەماوەی ٣٣ ڕۆژی ڕابردوو، گورگ ئاسا، کەڵبەی لەجەستەی پاکی کورد گیر کردووە، بەسەدان کچ و کوڕی کوردی تیرۆرکردووە، بەدەیان خەڵکی مەدەنی گومناو کردووەو سەدانی دیکەی لەگرتوخانەکاندا بەند کردووە.

ئەمە بێجگەلەوەی هەر لەزێدی لەدایکبوونی جاندۆست، زیاتر لە شەش منداڵ بەهۆی برسیکردن و دەورپێچکردن و گەمارۆدانی شارەکە لەبرسا مردوون، بۆیە لای من و خوێنەرانی جاندۆست، کە بەڕۆمانەکانی (میرنامە، مارتینی بەختەوەر، عەشقی وەرگێڕ، کۆبانێ، خوێنێ بەسەر منارەوە، دەستنوسی پێترسبۆرگ، ئەوان چاوەڕێی کازیوەن)، ئاشنای نوسینەکانت بووین، ڕەخنەت لێدەگرین و پێتدەڵێین، نەدەبوو بچی بۆ پایتەختی تیرۆر، لەپێناوی واژۆکردنی پەڕتۆکەکانت، لەبری ئەوە بایکۆتت بکردایە و بهاتیتایە بۆ سلێمانی، لەوە گەورەترمان بۆ دەکردی، لەبری ئەوە بچویتایەتەوە بۆ ئەڵمانیا، دڵنیابە کوردانی تاراوگە زیاتریان بۆ دەکردی، لەبری ئەوە بچویتایە بۆ هەولێر، دڵنیابە خوێنەرانت هەڵوێستی تۆیان گەورەتر دەکرد، بەڵام کە ئەمڕۆ تۆ چویت بۆ پایتەختی تیرۆرو لەوێ شانبەشانی حسێن شەرعی باوکی ئەحمەد شەرع واژۆ لەسەر پەڕتۆك دەکەیت، ئەو حسێن شەرعەی کە فاشیزمان و فاشییانە، لەکاتی هێرشی بیست ڕۆژەی سەر ڕۆژئاواو کۆبانێی زێدی تۆ دەیگۆت "نەدەبوو کوڕەکەم ئەحمەد شەرع هێرشی بۆ سەر کوردەکان ڕابگرێ، دەبوو کورد بکاتەوە بەنێو سنورەکانی تورکیاو عێراق، چونکە ئەوان لەوێوە هاتوون"، ئالێرەوە خوێنەران مافی خۆیانە بڕیار لەسەر تۆ بدەن، بایکۆتی نوسینەکانت بکەن و ڕەخنەت لێبگرن و بتخەنە بەردەم دادگای مێژوو.

بەپەلە