شارپرێس:
دوای چەند کاتژمێرێک لەئاشکراکردنی هەڵبژاردنی جێنشینی ئایەتوڵڵا عه‌لی خامنەیی كه موجته‌بای كوڕیه‌تى، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا هەڕەشەیکردو ڕایگه‌یاند، "هەر ڕێبەرێکی نوێی ئێران، بەبێ ڕەزامەندی ئێمه هەڵبژێردرێت ته‌مه‌نی درێژنابێت".
ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی شارەزایان، دەستەیه‌كی 88 کەسی لەپیاوانی ئایینی پێكهاتوه توانای بڕیاردانیان هه‌یه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای گشتیی ئێران رێبه‌ر باڵای ئێران هه‌ڵده‌بژێرن.
ڕێبەری باڵا بەرپرسی هەیکەلی دەسەڵاتە لەئێران‌و قسەی یه‌كه‌م‌و کۆتایی لەسەر سیاسەتە ئاست بەرزەکان هه‌ر ئه‌و ده‌یكات، کۆماری ئیسلامی لەدامەزرانی لەساڵی 1979وە دوو ڕێبەری گه‌وره‌ى هەبوە، دامەزرێنەری شۆڕش، ئیمام خومەینی‌و خامنەیی کە لەساڵی 1989 جێنشینی گرتە ده‌ست.
دۆناڵد ترەمپ بەکەناڵی ABC Newsی ڕاگەیاندوە، "هەر سەرکردەیەکی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت دەبێت ڕەزامەندیی ئێمە وەربگرێت، ئەگەر پەسەندی نەکەین، ئەوا ته‌مه‌نی زۆر درێژنابێت".
ئه‌وه بۆ چه‌ندینجاره تره‌مپ دوای کۆچی دوایی خامنەیی، ڕۆڵى خۆی لەدانانی سەرۆکی باڵای داهاتوی ئێران‌دا دوپاتده‌كاته‌وه‌و تارانیش بەڕه‌هایی ئەمەی ڕەتکردوەتەوە.
هه‌ر ئه‌مڕۆ-یش عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، "هەڵبژاردنی ڕابه‌ری تازه پەیوەستە بەگەلی ئێرانەوە".
