شارپرێس:
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەدوای گەیشتنی دواین گوژمەی پارەی موچەی مانگی دوی موچەخۆرانی هەرێم دەڵێت،" لەگەڵ تەواوبونی سەرجەم ڕێكارەكان خشتەی موچە بڵاودەكەینەوە".
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، لەكاتێكدا، ڕۆژی دووشەممە بڕی ( 295 ) ملیارو ( 405 ) ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی تەمویلی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
وەزارەتەكە دەشڵێت،" هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی موچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت".
لەڕاگەیەندراوەكەدا بەتێبینی ئەوەش خراوەتەڕوو، كە بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی شانزە ملیارو سەدو حەوت ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو یەک هەزار دیناری لەتەمویلی موچەی مانگی شوبات نەناردوە کە بریتییە لەشایستەی موچەی مانگەکانی ڕابردوی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كە دارایی عێراق بڕی ئەو ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) دینارەشی خەرج نەکردۆتەوە کە مانگی ڕابردوو لەتەمولی موچەی مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی ڕابردوی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نوسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە ڕونکردنەوەی پێویستیشمان پێدابون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستانەیان کردبوو.