ئێران بەتوندی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1625 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە لەبارەی گۆڕینی نەخشەی ئێران و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشە سەربازییەکان بەردەوام بن، هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆکردن نییە. 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ گۆڕینی نەخشەی ئێران و پلان بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە، ئیرادەی گەلی ئێران پێوەرە، نەک ئیرادەی بیانییە شەڕانگێزەکان. 
دەشلێت، سەرۆکی ئەمریکا وا قسە دەکات وەک ئەوەی زەویی هەموو جیهان، موڵکی ئەوان بێت و مامەڵەی پێوە بکەن".
 
بەقایی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئەمریکا تەنیا لاوازکردن و دابەشکردنی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکانە، بەڵام ئێران گۆڕستانی خەون و خەیاڵی بیانییەکان بوەو دەبێت".
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پیرۆزبایی لەدیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردو ڕایگەیاند، سەرجەم دیپلۆماتکارانی ئێران لەناوخۆو دەرەوە پەیمان بەڕێبەری نوێ دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان".
 
لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، بەقایی بەتوندی ڕەتیکردەوەو وتی، "ئێمە لەیانزەیەمین ڕۆژی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلداین. ئێمە جەنگمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو لە کاتی گفتوگۆدا بووین کە جەنگمان بەسەردا سەپێندرا.
لەم دۆخەدا کە هێرشی سەربازی بەردەوامە، قسەکردن لەسەر هەر شتێک جگە لە بەرگری و وەڵامدانەوەی توند، هیچ بایەخێکی نییە".
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و وتی، "لەبارەی کۆماری ئازەربایجان، تورکیاو قوبرسەوە سوپای ئێران بەفەرمی رایگەیاندووە کە هیچ هێرشێک لەخاکی ئێرانەوە یان لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە نەکراوەتە سەریان".
 
ئاشکراشی کرد، شەوی ڕابردوو سەرۆک کۆماری ئێران و ئازەربایجان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی باشیان هەبوەو ئەو بابەتەیان روونکردووەتەوە. بەڵام هۆشداریشیدا کە "ئەگەر هەر هێرشێک لە هەر شوێنێکەوە بکرێتە سەر ئێران، وەڵامی یاسایی و رەوامان دەبێت".
 
بەقایی ئەمریکای بەتاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد، بەتایبەتی لەبابەتی بەئامانجگرتنی کەشتیی جەنگی دێناو وتیشی،" کەشتیی دێنا چەندین میل لە ناوچەی جەنگەوە دوور بوو. بەئامانجگرتنی ئەم کەشتییە ڕوی ئەڵمانیای نازیی سپی کردەوە؛ کاتی خۆی نازییەکان کەشتییە ئینگلیزییەکانیان نوقم دەکرد و یارمەتیی بریندارەکانیان دەدا، کەچی ئەمریکا رێگریی کرد لەوەی یارمەتیی دەریاوانە بریندارەکانی ئێمە بدرێت. ئەمە پێشێلکردنی سەرجەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە".
 
لەبارەی زیانە سڤیلییەکانیشەوە ئاماژەی بەهێرشەکانی سەر قوتابخانەی میناب و دامەزراوە نەوتییەکان کرد و رایگەیاند کە قسەکانی ئەمریکا لەبارەی یارمەتیدانی گەلی ئێرانەوە فێڵ و درۆیەکەو وتی،"زۆر قێزەونە کە تەنانەت بەرپرسیارێتیی کوشتنی خەڵکی سڤیل لە ئەستۆ ناگرن".
 
لەکۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی تووندی لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان گرت بەوەی کە کەوتوەتە ژێر هەژمونی ئەمریکاو نەیتوانیوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکەت".