توركیا خستنەخوارەوەی موشەكێكی ئێرانی ڕاگەیاند

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی هاوپەیمانی ناتۆ توانیویانە موشەکێکی بالیستی، کە لەخاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، لەئاسمانی تورکیادا تێکبشکێنن و بیخەنە خوارەوە.


وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، موشەکێکی بالیستی کە "لەئێرانەوە هاوێژرابوو و هاتبووە ناو ئاسمانی تورکیا، لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی ناتۆ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست پێکرا و تێکشکێندرا."

سەبارەت بە زیانەکان، وەزارەتی بەرگری تورکیا وتویەتی، پاشماوە و پارچە شکاوەکانی موشەکەکە لە ناوچەیەکی چۆڵ و کراوەی سنوری پارێزگای دیلۆک لەباکوری کوردستان کەوتونەتە خوارەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتوەتەوە.
 
ئەمە لەكاتێكدایە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 04-03-2026 ڕایگەیاند، "موشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوو، دوای تێپەڕینی بە ئاسمانی عێراق و سوریادا، گەیشتە ئاسمانی تورکیا. مووشەکەکە لە لایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە کە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی جێگیر کراون، لە کاتی خۆیدا بەرپەرچ درایەوە و خرایە خوارەوە."