کوردی ڕۆژهەڵات لەنێوان ترەمپ و ستالیندا

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 394 جار خوێندراوه‌ته‌وه

المجلە 
وەرگێڕان: د. حلمى رەسوڵ رەزا
پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە ئایا کوردی ئێران توانای چوونە ناو ئەم سەرکێشییەی هەیە، بەڵکو ئەوەیە ئایا ئامادەیە جارێکی تر باجی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و تاڵییەکەی بچێژێت... و بتوانێت لە "خیانەتەکان" ڕزگاری بێت و پەنا بۆ چیاکان نەباتەوە؟
لە جەنگی ئێراندا، ناوی کورد گەڕایەوە پێشەوە. ڕۆڵی ئەوان لە پلانی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی سەدام حسێن و پاشان گۆڕینی، و خنکاندنی بەشار ئەسەد و پاشان ڕاکردنی، هێنرایەوە بەرباس. لە ناو گوتارەکان دەربارەی گۆڕینی ڕژێمی ئێران دوای کوژرانی "ڕێبەر" عەلی خامنەیی، ڕاپۆرتەکان باس لە ئاراستەیەک دەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە هێزە کوردییەکانی ئێران.
ئایا کورد دەتوانێت جارێکی تر گرەو لەسەر پاڵپشتی واشنتۆن بکات بۆ دەستکەوتی سیاسی؟ یان یادەوەریی مێژوویی کە پڕە لە ئەزموونی جێهێشتن و خیانت، وادەکات ئەم گرەوە ببێتە سەرکێشییەکی خۆکوژی؟
ئەو سیناریۆیەی باس دەکرێت ئەوەیە کە ئەگەر واشنتۆن بییەوێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" بەسەر ڕژێمی ئێراندا بسەپێنێت یان لە ناوخۆوە دایبوەشێنێت، ئەوا هێزە کوردییەکان ئامادەترین لایەن دەبن بۆ کردنەوەی بەرەیەکی ناوخۆیی دژی ڕژێم لەژێر چەتری ئەمریکی-ئیسرائیلیدا. ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە بە "ڕۆژهەڵات" (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ناسراون، مێژوویەکی درێژیان لە گرژی هەیە. لە ساڵانی دواییدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی وڵاتەکە، و کوژرانی کچە کورد "ژینا (مەهسا) ئەمینی" لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئەو چەخماخەیە بوو کە یەکێک لە گەورەترین ڕاپەڕینە میللییەکانی هەڵگیرساند. هەروەها پارێزگاکانی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی لێدانی ئاسمانی بوون کە بنکەکانی "سوپای پاسداران" و دەزگا ئەمنییەکانی کردە ئامانج، ئەمەش وەک هەوڵێک لێکدرایەوە بۆ لاوازکردنی پێکهاتەی ئەمنیی ڕژێم لە ناوچەیەکدا کە بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی ئۆپۆزسیۆنی هەیە. جگە لەمانە، بوونی هێڵی گەیاندنی کۆمەک و مەشق لە ڕێگەی کوردستانی عێراقەوە فاکتەرێکی تری گرنگە.
لەم گۆشەنیگایانەوە، ساتەوەختی ئێستا وەک هەلێکی زێڕین دەردەکەوێت. کۆمەڵگەیەک کە چەشتووی پەراوێزخستنە و دەبینێت هاونەتەوەکانی لە عێراق و سووریا دەستکەوتیان هەبووە، ڕەنگە ئەم شڵەژانەی ئێران بە دەرفەت بزانێت بۆ دووبارە وروژاندنەوەی پرسی پێگەی نەتەوەکان لە ناو ڕژێمدا، و داواکردنی داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان ناوەند و پەراوێز بکات، هاوشێوەی ئەوەی لە بەغدا و دیمەشق ڕوویدا.
بەڵام هاوپەیمانێتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە بێ باج بن. چوونە ناو هێڵی ململانێ لە لایەن کوردەوە ڕەنگە دەرگا بۆ زنجیرەیەک کاردانەوەی بە ئازار بکاتەوە. تاران دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر یاخیبوون لە ناوچە کوردییەکان، هەروەها ئەنقەرەش بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە هەر تحورەکێکی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی کە ڕەنگە ببێتە هۆی هاندانی ئاراستە نەتەوەییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراقیش -کە زۆربەی بنکەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران و ناوەندی قورسایی هێزەکانی ئەمریکای تێدایە- ڕەنگە لەناکاو خۆی لەناو یەکتربڕی ئاگر و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران و بەغدا ببینێتەوە، ئەگەر خاکەکەی ببێتە سەکۆیەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی تاران.
بۆیە سەیر نەبوو کە ئەنقەرە بە پەلە هۆشداری لەم سیناریۆیە دا، و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵیدا بە ئاشکرا خۆی دووربگرێت لە هەر پلانێک کە هەرێمەکە بکاتە لایەنێک لە ململانێیەکی هەرێمیی کراوەدا. تاران وەڵامی خۆی لە ڕێگەی ناردنی درۆن و موشەکەوە دەربڕی.
بەڵام فاکتەری سەرەکی لە هاوکێشەی کورددا تەنها هاوسەنگیی هێز نییە، بەڵکو یادەوەریی مێژووییە. پەیوەندی نێوان کورد و زلهێزەکان بە چەندین وێستگەی پاڵپشتی گرنگدا تێپەڕیوە، بەڵام هاوکات شاهیدی خەنجەر لێدان گەلێک بووە کە ئاسەواری قووڵی لەسەر هۆشیاریی کورد جێهێشتووە.
"کۆماری مەهاباد" کە لە "ڕۆژهەڵات" دامەزرا، تەنها ١١ مانگ لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ژیا، دوای ئەوەی "جۆزێف ستالین"ی ڕێبەری سۆڤیەت لەژێر گوشاری ئەمریکا و بەریتانیادا دەستی لە پاڵپشتیکردنی هەڵگرت.
سەبارەت بە کوردی عێراق، بەئازارترین ساتەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٥ و بەستنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام و شای ئێراندا. لەو کاتەدا بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی پاڵپشتیی ئەمریکا و ئێرانی لێ دەکرا لە جەنگی دژی بەغدادا. بەڵام ڕێککەوتنەکە لەناکاو کۆتایی بەو پاڵپشتییە هێنا، بەمەش شۆڕشەکە هەرەسی هێنا و کوردەکان پەنایان بۆ چیاکان بردەوە. لەو کاتەوە، ئەو ڕووداوە بووەتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ مەترسییەکانی پشت بەستن بە زلهێزەکان... و "خیانەت"ی ئەمریکا.
دوای دوو دەیە، وا دەرکەوت پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە.
واشنتۆن لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و دوای جەنگی کەنداو چەترێکی ئاسمانی بۆ کوردستانی عێراق دابین کرد، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ئەمەش پێگەی هەرێمی لە ناو عێراقی نوێدا بەهێز کرد. بەڵام هەستی "جێهێشتن" لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دووبارە سەری هەڵدایەوە؛ لەگەڵ پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان بەرەو کەرکووک، واشنتۆن بێلایەنیی هەڵبژارد، ئەمەش لای زۆرێک لە کوردەکان وەک بەڵگەیەکی نوێ بینرا لەسەر ئەوەی پاڵپشتیی واشنتۆن تەنها بەندە بە هاوکێشە و بەرژەوەندییە فراوانەکانی خۆیەوە.
لە سووریاش، هەمان چیرۆک لە "ڕۆژاوا" (ڕۆژئاوای کوردستان) دووبارە بووەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان -لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش- پاڵپشتیی هێزە کوردییەکانی کرد، بەڵام سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٩دا هێزەکانی لە باکووری سووریا کشاندەوە، ئەمەش دەرگای بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی تورکیا دژی کوردەکان واڵا کرد کە ئەو کاتە هیچ پاراستنێکی ئەمریکییان بۆ دابین نەکرا. ئەم دۆخە جارێکی تریش دووبارە بووەوە کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵدا (٢٠٢٦) هاواریان بۆ ترەمپ برد بەرامبەر پێشڕەویی هێزەکانی حکومەتی سووریا بەرەو ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
ئەم ئەزموونانە ئەو قەناعەتەیان لای کورد چەسپاندووە کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یاریزانە گەورەکان زۆربەی کات کاتییە، و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی زلهێزەکان ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بگۆڕێن.
بۆیە، کوردەکان برین و کەلێنێکی زۆر لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. سەرکێشییە سیاسییەکە سەرنجڕاکێشە، بەڵام یادەوەریی مێژوویی بەهۆی خەنجەرەکانی ستالین و ترەمپ و ئەوانی ترەوە تاڵە؛ لێرەدا مەینەتیی کورد دووبارە دەبێتەوە، کە ئەویش گەڕانە بەدوای دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی لە ناو جەرگەی یاریی زلهێزەکاندا.
ڕەنگە هەندێک کورد لە جەنگی ئێراندا دەرفەتێک ببینن. بەڵام مێژوو ئەوەشمان وەبیر دەهێنێتەوە کە ئەو دەرفەتانەی لە سایەی ململانێی گەورەکاندا لەدایک دەبن، زۆرجار بە ڕێککەوتنی نهێنی لەسەر حیسابی خاوەن دۆزەکان کۆتایی دێن. هەر بۆیە، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە ئایا کورد توانای چوونە ناو ئەم سەرکێشییەی هەیە، بەڵکو ئەوەیە ئایا ئامادەن جارێکی تر باجی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و تاڵییەکەی بچێژێت... و بتوانن لە "خیانەتەکان" ڕزگاریان بێت و ناچار نەبنەوە پەنا بۆ چیاکان ببەن؟