بڕیارێکی نوێی قوباد تاڵەبانی لەبارەی سلێمانییەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8974 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا بە دابینکردنی ئامێرە پێویستیەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، ئەوەش لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" شانازیی بە بەڕێوەبەران و پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی سلێمانییەوە دەکەم کە سەرباری هەموو کێشە و قەیران و کەموکوڕییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بە دڵسۆزی و ماندوبون و شارەزایی خۆیان نەک هەر نەیانهێشت کەرتی تەندروستی پەکی بکەوێت، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان وعێراقدا پێشەنگن لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لە کۆبونەوەم لەگەڵ د. سەباح هەورامی و بەڕێوەبەرانی تەندروستیی سلێمانی پشتیوانیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەربڕی و بڕیاریشماندا لەسەر دابینکردنی ئامێرە پێویستیەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان ".

قوباد تالەبانی باسی لەوەشکرد،" هەر لەو کۆبونەوەیەدا باسمان لە ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری هەندێک رێوشوێنی پێویست کرد بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لەم دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەدا. بە خۆشییەوە کەرتی تەندروستی لە ئامادەباشی تەواودایە ".