شارپرێس:
بەهۆی
پێشبینییەکان بۆ زیادبونی رێژەن بارانبارین لەمشەودا، بەڕێوەبەرێتی بەرگری
شارستانی ئاکرێ داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە ماڵەکانیان نزیک دۆڵ و شوێنە
نزمەکانە، ئەمشەو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بەتایبەت لەهەردوو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵەیی.
بەڕێوەبەرێتی
بەرگری شارستانی ئاکرێ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، تاکو کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، رێژەیەکی زۆری باران لەقەزاکە
باریوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاو لەچەند شوێنێک بەرزبوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو
رێژەی دابارین زیاتر بێت.
بەرگری
شارستانی ئاکرێ باسی لەوەشکرد، لەبەر بەرژەوەندی پاراستنی ژیان و ماڵ و موڵکی
هاوڵاتییان، چەند داوایەکیان لە هاوڵاتییانی ناوچەکە هەیە، کە بریتین لەمانە:
1-ئەو ماڵانەی لەنزیکی
چەم و دۆڵەکانن ئەمشەو جۆڵ بکرێن، یاخود زۆر هۆشیار بن لەئەگەری بەرزبونەوەی ئاستی
ئاو، هەروەها دڵنیابن لەوەی رێگای یەدەگ هەیە بۆ حاڵەتی فریاگوزاری، بەتایبەت
لەهەردوو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵەیی لە سەنتەری قەزای ئاکرێ
2-هەرکاتێک ئاوی باراناو چوە ناو ماڵێکەوە، دەستبەجێ
کارەبای ماڵەکە بپڕێنێت و دانیشتوانەکەی بچنە شوێنێکی بەرز
3-ئەگەر بۆ کاری زەرور نەبێ نەچنە دەرەوە
4-ئۆتۆمبێلەکانتان لەشەقام و کۆڵانێکی بەرز دابنێن، بۆ ئەوەی
لەمەترسی ژێرئاوکەوتن بەدور بن
5- ئاگاداری ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بن و لە ڕێڕەوی ئاوی بارانباو
دوربن
