شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لەزاری چەند پەرلەمانتار و
یاساناس و شارەزای دارایی و وزەوە راپۆرتێکی لەبارەی هەڵوێستێکی حکومەتی هەرێم
سەبارەت بە رەتکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێی بۆری نەوتی کوردستان
بڵاوکردەوەتەوە و دەڵێت، ئەو ڕداوە مەترسیدارە و هەڵەیەکی ستراتیژییە.
محەمەد جاسم خەفاجی، پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی
"واع"ی عێراقی راگەیاندوە،" دانانی مەرج لەبەرامبەر هەناردەکردنەوەی
نەوت کارێکی زۆر مەترسیدارەو هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی غەنیمەت، لەکاتێکدا کە وڵات روبەڕوی قەیرانێکی جیۆسیاسیە
بوەتەوە، بەهۆی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتوەتەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو، سەرەتا پێشبینییەکان بۆ ئەوە بون کە حکومەتی
هەرێم دەستپێشخەربێت بۆ ئاسانکردنی رێکارەکان و چارەسەرکردنی کێشەی راگرتنی
هەناردەی نەوت لەڕێی گەروی هورمزەوە، بەڵام وەڵامی هەرێم دانانی ئاستەنگی بوە
لەبەردەم عێراق.
هاوکات، بەهجەت ئەحمەد، شارەزای کاروباری وزە بەو ئاژانسە
عێراقییەی وتوە،" رێگریکردن لەهەناردەی نەوتی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لەلایەن
حکومەتی هەرێمەوە هەڵەیەکی ستراتیژییە، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند یەک چارەنوسی
ئابوری و سیاسییان هەیە و دەبوو هەردولا هەماهەنگ بن بۆ دەربازبون لەو قەیرانەی ئێستا
هەیە ".
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد سەدام مەشهەد، شارەزای ئابوری قسەی
بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق کردوە و رایگەیاندوە،" دانانی ئەو مەرجانە لەلایەن
هەرێمەوە بەهۆی نەبونی یاسای نەوت و غازە، چونکە بونی ئەو بۆشایی یاساییە وادەکات
حکومەتی هەرێم مەرجەکانی بسەپێنێت لەپێناو قۆستنەوەی ئەو دۆخە جیۆسیاسییەی ئێستا
هەیە.
