گروپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لەکۆتاییە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گروپی یەكڕیزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەپەیامێكدا ڕایگەیاند،"ڕەوتی ڕوداوەکان و گۆڕانکارییە خێراکان پێمان دەڵێن کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لەکۆتاییە"، دەڵێت، جێی خۆیەتی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک هێزێکی زیندوو ئەرکی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکان لەئەگەری بۆشایی دەسەڵاتیشدا ئامادە بکات.

گروپی یەكڕیزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ڕەوتی ڕوداوەکان و گۆڕانکارییە خێراکان پێمان دەڵێن کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لەکۆتاییەو ئەگەری پێکهاتنی بۆشایی دەسەڵات دور لەچاوەڕوانی نییە.

دەشلێت، گەرچی دەزانین ژیان لەکاتی شەڕێکی وەهادا ئاسان نییە، بەڵام نابێت لەئەرکەکانی ئەم رۆژە سەختانە غافڵ بین؛ خۆڕێکخستن و خۆئامادەکردن بەئاڕاستەی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەکان لەکاتی پێویستداو ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی خۆمان لەئەگەری بۆشایی دەسەڵاتدا، ئەرکێکی هەرەگرنگ لەپێشینەمانە.

گروپەكە جەختیش دەكاتەوە، كە وەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و چالاکانی مەیدانی لەساڵانی ڕابردودا بەکردەوە سەلماندویانە کە ڕۆڵێکی کاریگەرو مێژوییان لە ڕێکخستنی جەماوەرو پاراستنی دەستکەوتە گشتییەکاندا گێڕاوە، ئێستایش بەخۆشییەوە حیزبە سیاسییەکان بەدروستکردنی هاوپەیمانی خۆیان بۆ دەرفەتە شیمانەکراوەکان ئامادە دەکەن. 

ئاماژە بەوەشكراوە،"جێی خۆیەتی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک هێزێکی زیندوو ئەرکی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکان لەئەگەری بۆشایی دەسەڵاتیشدا ئامادە بکات.

لەڕاگەیەندراوەكەدا چەند پێشكنیارێكیش خراوەتەڕوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێكی بۆشایی دەسەڵات
لەوانە:..
خۆئامادەکردن بۆ ڕێکخستنی شۆرا یان ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن پێویستە ئەم ئەنجومەنە لەنوێنەرانی ژنان، پیاوان و گەنجانی گەڕەکەکان، پسپۆڕانی زانکۆ، چالاکوانانی مەدەنی و نوێنەری حیزبە سیاسییەکان پێک بێت و بنەما دیموکراتیکەکان بۆ هەموو بڕیاردانێک لەبەرچاو بگیرێت. 
ئەرکی سەرەکیی ئەم ئەنجومەنە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی شار و هەماهەنگیی نێوان هەموو چین و توێژەکانە لە ڕێگای پێکهێنانی کۆمەڵێک لیژنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکان، لەوانە: 

• لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتیی: ئەم بەشە بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، بنکە حکومییەکان، بانکەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها ئەرکی ڕێگریکردن لەهەرجۆرە پاشاگەردانی و هەنگاوێکی تێکدەرانە و هاوکاتیش جێبەجێکردنی یاسا مەدەنییەکان لە پێناو پاراستنی ئارامیی شاردا دەکەوێتە ئەستۆی ئەم لیژنەیە.
• لیژنەی دادوەری و ناوبژیوانی: ئەم لیژنەیە لە یاساناسان و کەسایەتییە جێمتمانەکان پێک دێت. ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردنی تەواوە لە هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەی کەسی. ئەم لیژنەیە وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کار دەکات بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتدا.
• لیژنەکانی ڕاپەڕاندنی خزمەتگوزاری: ئەم لیژنە تەکنیکیانە سەرپەرشتیی نانەواخانەکان، نەخۆشخانەکان، کەرتی ئاو و کارەبا، خوێندنگەکان و پاککردنەوەی شار دەگرنە ئەستۆ. ئامانجیان ئەوەیە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پەکی نەکەوێت و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی مۆدێرن و گونجاو بەردەوام بن.

• سیستمی دارایی و شەفافیەت: ئەرکەکەی بریتییە لە دروستکردنی سندووقێکی دارایی بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان و هاوکارییەکان لەژێر چاودێرییەکی ورددا. هەروەها بەکارهێنانی میکانیزمی نوێ بۆ ئەوەی خەڵک بە وردی بزانن داهاتی شار چۆن و لە چیدا خەرج دەکرێت، ئەمەیش لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ئیدارەکان، دروستکردنی پلاتفۆرمی پێویست بۆ شەفافییەت لە خەرجییەکاندا و دواجاریش ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە بڕیارەکان. هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی سەردەمیانە بۆ سەرژمێریی خێرا و دابەشکردنی دادپەروەرانەی هاوکارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بەسەر گەڕەکەکان، گوندەکان و خەڵکانی کەمداهاتدا بەبێ هیچ جیاوازییەک. هەموو ئەمانەیش لە پێناو کارامەکردنی بەشی بوودجەدانان و هەروەها دروستکردنی متمانەی گشتیدا.

• لیژنەی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان شارەکان: ئەرکی ئەم لیژنەیە دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەگەڵ شارەکانی تری کوردستاندا. لیژنەکە کار دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی پێویست، دەرمان و سووتەمەنی. هەروەها بۆ یەکخستنی بڕیارە سیاسی و کارگێڕییەکان لە ئاستی هەموو ناوچەکەدا.