یۆرانیۆمه‌كه‌ى ئێران چى به‌سه‌رهات؟ عێراقچى زانیاریى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەلێدوانێکی به‌په‌له‌ هەموانی شۆک کردو ڕایگەیاند، "گەنجینە مەترسیدارەکەی ئێران کە یۆرانیۆمی پیتێنراوە، ئێستا لەناو تاقیگەکان نییه‌، بەڵکو لەژێر تۆزو غوباری ئەو وێرانکارییانەدایە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دروستیانکردوە".


عێراقچی لەچاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ CBS News ئاشكرایكرد، "ئەو مادانەی کە ساڵانێک بوو جیهانیان سەرقاڵکردبوو، ئێستا لەژێر ملیۆنان تۆن داروپەردوی ناوه‌ندو بنكه‌ ئەتۆمییەکاندا نێژراون".

چاودێرانیش دواى لێدوانه‌كه‌ى عێراقچى جه‌ختیانكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكرایكرد، تەنها پرسێکی سیاسیی نییە، بەڵکو مەترسییەکی ژینگەیی گەورەیە، چونكه‌ ئاخۆ ئەو مادانە دزە دەکەنە ناو ئاوى ژێرزەویی یان وەک بۆمبێکی کاتیی دەمێننەوە؟

له‌به‌شێكى دیكه‌ى لێدوانه‌كه‌یدا عێراقچی دەڵێت، "هیچ پلانێکمان بۆ دەرهێنانەوەیان نییە".

به‌بڕواى شرۆڤه‌كاران، ئەم ڕستەیە وەک هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت، ئه‌وان ده‌ڵێن، ئێران دەیەوێت بەجیهان بڵێت، ئەگەر ئێمە نەتوانین سودی لێ ببینین، با ببێتە سەرئێشەیەکی هەمیشەیی بۆ ئێوەش، ئەمە نیشانەی گەیشتنی دیپلۆماسییە بەبنبەستێکی ترسناک.

هەرچەندە ئێران دەڵێت، هەر هەنگاوێک لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەبێت، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، کێ دەتوانێت بچێتە ناو ئەو وێرانکارییانەی کە تیشکدانەوەیان لێ دەردەچێت؟ جیهان ئێستا لەبەردەم هاوکێشەیەکی نوێدایە، یۆرانیۆمێک کە نە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵبکرێت‌و نە دەتوانرێت پشتگوێبخرێت.

وه‌كو ده‌وترێت، لێدوانەکانی عێراقچی تەنها گێڕانەوەی ڕوداوەکانى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌ى جه‌نگ نییه‌، بەڵکو وێناکردنی تابلۆی وڵاتێکه‌ کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەتاقیگە مۆدێرنەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو قووڵایی خاک‌و ژێر داروپەردوو، ئێستاش نۆرەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە بڕیاربدات؛ ئایا ئەم وێرانکارییە دەبێتە سەرەتای جەنگێکی ژینگەیی یان دەرفەتێک بۆ ڕێککەوتنێکی ناچاریی؟.