ئێران ڕاستەوخۆ هەڕەشەی توند لەئەمریكا دەكات.. سەربازەكانتان دەبنە خواردنی قرشەكان

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هەڕەشەی توند لەئەمریكا دەكات و دەڵێت،" هێزە چەکدارەکانی ئێران چاوەڕێی هەر جوڵەیەکی سەربازیی واشنتن دەکەن بۆ ئەوەی تەرمی سەربازانی ئەمریکا بدەنە قرشەکانی کەنداوی فارس".

 
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لەڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کردوە، دەڵێت،"ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەوینی و داگیرکردنی هەندێک لەدورگەکانی ئێرانی لەکەنداوی فارس کردوە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو بەهۆی دۆسیەی ئێپستینەوە لەژێر گوشاری دەزگای مۆساددایەو بوەتە بوکەڵەی دەستی سەرۆکوەزیرانی رژێمی زایۆنی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران".
 
لەڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژی خاتەمولئەنبیا دەڵێت،"سەرۆکی ئەمریکا کە بەدرۆزنترین سەرۆکی جیهان ناسراوە، هیچ جۆرە سەقامگیرییەکی هزری و وتاری نییە و بەهیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە. بەداخەوە سەرکردەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانیان سپاردوە بەکەسێک کە بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی دەروونی و بڕیارە مەترسیدارەکانییەوە سوپای ئەمریکای خستووەتە ناو زەلکاوێکی کوشندەوە."
 
ئەو فەرماندەیەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ و فەرماندەکانی لەکاتێکدا هەزاران کیلۆمەتر لەگۆرەپانی جەنگەوە دورن، داوای خۆڕاگری لەسەربازەکانیان دەکەن و گوتی: "ئەو سەربازانە ئێستا لە بنکە تێکشکاوەکان هەڵاتون و پەنایان بۆ ناوەندە خزمەتگوزاری و ئابورییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بردوە".
 
وتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەدات و دەڵێت،"گیانبەختکەرانی ئیسلام ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن تاوەکو بیسەلمێنن کە داگیرکاری ئەنجامێکی جیا لە دیلبوونی سەرشۆڕانە، پارچەپارچەبوون و ونبوونی تەرمی داگیرکەرانی نابێت. فەرماندە و سەربازانی ئەمریکی دەبنە خۆراکێکی باش بۆ قرشەکانی کەنداوی فارس".
 
لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا داوا لەترەمپ و سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا کراوە مێژووی ئێران بخوێننەوە و وانە لە بەرەنگاربونەوەی ئێرانییەکان وەربگرن و دەشڵێت،"نەکەن بەهۆی وەهمەکانی سەرۆکە ناهاوسەنگەکەتان، سەربازانتان رەوانەی نێو قوڕگی مەرگ بکەن و گەلی ئەمریکا بە فراوانی کۆستکەوتوو بکەن. هێزە چەکدارە لێهاتوەکانی ئێران چرکە دەژمێرن بۆ تێکشکاندنی سوپاکەتان ئەگەر هەڕەشەکانتان جێبەجێ بکەن".